وتووێژ

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 1 خولەک  426 بینین
بەری بەیانی بەر لەوەی لە بەحری ئاسمانەوە شەبەق بدا دوڕڕی هەتاو
لەنێو باخچەیەکی سەوز و گەش و پاراو
نەرگسێکی بەناز و شلک و مەستەچاو
بە جەفەنگ و بۆ بەهانە
سڵاوی کرد لە ڕیحانە
سڵاو قوڵەڕەشی جیران
بەختەکەشت وەک خۆت ڕەشە، چاک مایەوە بێ مشتەری و بێ دڵدار و بێ دەزگیران
زەمانە تۆی کردە گەپ و منی کردە قیبلەی چاوی جوان و پیران
کەس نایهەوێی خۆت گێژ مەکە بە بۆنی عەتر و عەبیران
ڕەشەڕیحان ڕووی کردە ئەو مەستە چاوە
ژیرانە وڵامی داوە
من ڕەشێکی داوێنپاک و بەنامووسم
بێ گلەیی لە قسمەتی چارەنووسم
بۆ من چارەڕەشی نییە بێ دۆست و بێ دەزگیرانم
چارەڕەشیم لەوە دایە، لەگەڵ ئی وەک تۆ جیرانم
تۆ بێپەردە و نەزەرباز و گونەهباری
بە درێژی تەمەنی خۆت هەر دەستەمۆی دەستی سووک و هەرزەکاری
ئەگەر دڵت خۆشە بەوەی
دڵڕفێن و شلک و نەرمی
منیش دڵم خۆشە بەوەی
وەکوو تۆ نێوم دەر نەکرد بە چاوحیزی و بە بێشەرمی.