شەمەننەفەر

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 1 خولەک  359 بینین
منی ڕێبوار لەبیرم نییە لە کەنگێوە سەرنشینی شەمەننەفەری زەمانم
بەڵام ئەوەندە دەزانم
لە کووپەی ژمارە سێزدە دانیشتووم
لە پەنا بەر و بوخچەی ئاواتەکانم
ئەو گوڵانەی تۆ داتمێ بە یادگار
ئێستا هەموو هەڵوەریون، گەڵا گەڵا لە دەستی من کەوتوونە خوار
گشت کووپەکان گوڵ و ئەوینیان تێدایە
بەڵام کووپەی من بۆنی گوڵ و ئەوینی لێ نایە
شەمەننەفەر نە ئەوەیە بمگەیەنێ
نە ئەوەیە لە وێستگەیەکی گڵینا لەشی ساردم دابەزێنێ
خۆزگە مەلی دڵ بسرەوێ
دەگەڵ بم و دەگەڵ نەبم شەمەننەفەر لەسەر من پەکی ناکەوێ
بەڵێ گیانە
ئەو چرکەچرکەی تۆ دەڵێی کاتەژمێری بێ وچانە
لە گوێی مندا گرمەگرمی شەمەننەفەری زەمانە