بەهاری کوردستان

لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 4 خولەک  4633 بینین
شەماڵ هات بەگاڵەگاڵ
هەور بوون گەواڵ گەواڵ
پشکووت گوڵی گەش و ئاڵ
بلبل کەوتە ناڵەناڵ
***
بە لەنگێزە، بە باران
بە شنەبای بەهاران
توانەوە وەک جاران
کەوی بەفری نیساران
***
نەما مژ و سەرما و سۆڵ
نەسیخوار ما نە سەهۆڵ
تەرت و ڕژد و شیو و دۆڵ
لێی هاتە دەر گیا و گۆڵ
***
دەشت و چیمەن ڕازاوە
کێو و بەندەن نەخشاوە
زۆنگ و چێنکە ژیاوە
گیا سەری پێوە ناوە
***
لە هەوشین و گەدە و لەند
لە کوێستانی دە سامرەند
هەڵز و بیزا و گیابەند
تێک چڕژا، بۆتە زەمەند
***
مەندۆک و خاو و کەما
لە نەرمان و ئەستەما
بەسروە هاتنە سەما
وەیشوومە و سەرما نەما
***
وێستاوە زەنگوڵ زەنگوڵ
ئاونگ لەسەر پەلکی گوڵ
لەسەر چڵی سوورەگوڵ
بلبل دەخوێنێ بەکوڵ
***
دیسان لە چیا و لە ڕازان
دێ سیڕەی سەقر و بازان
پێم خۆشترن لە سازان
لە ئاهەنگ و ئاوازان
***
بژوێنە هەموو وڵات
زیندوو بۆتەوە ماڵات
جەنگەی بانەمەڕێ هات
بەرەو کوێستان چوو خێڵات
***
دیسان هات وەکوو جاران
هەوهەوی شۆڕەسواران
ویڕەی جلیت و داران
خرمەی ناڵ و بزماران
***
هات خرینگەی زەنگ و قۆڕ
لوشمەلوشم و هۆڕە هۆڕ
هۆقە هۆق و بۆڕە بۆڕ
حیلەی جانوو ئەسپی تۆڕ
***
کار و کووری بزن و مەڕ
لرفە لرفی لۆک و نەڕ
کوڕژنی ئەسپی بەدفەڕ
گوێچکەی پیاوی دەکا کەڕ
***
وەنەوشەی جوانی خۆشبۆ
هاتە دەر لە لێوی جۆ
دار دەری کردووە چرۆ
کەروێشکەی کرد گەنم و جۆ
***
سوێسن و بەیبوون و شللێر
ڕواون لە جێگای زەنوێر
قەڵبەزی بەست ئاوهەڵدێر
شەپۆڵان دەدا ئەستێر
***
بۆنی خۆشی هەڵاڵە
پیاو مەست دەکا لە نواڵە
وەک شەهیدە گوڵاڵە
لە خوێناوا شەڵاڵە
***
گرمەی هەوری بەهاران
دێ بەیان و ئێواران
خوناوەی وردە باران
تەڕ دەکا گەڵای داران
***
ئەو ترۆپک و نشیوە
ئەو یاڵ و خڕ و شیوە
لە گوێن بەهەشت خەمڵیوە
کێ مەڵبەندی وای دیوە؟
***
تیرەگ و گەوە و لاپاڵ
پێی دادرا تارای ئاڵ
سەرچاوەی سارد و زوڵاڵ
هەڵقوڵی وەک زیوی قاڵ
***
هات لە ڕەوەز و زەردان
قاسپەی کەوی سەر بەردان
ورتەورتی هەوێردان
دێ لەناو شیناوەردان
***
لەکن کارژیلە و بەرخەل
لەکن بزن و مەڕی شەل
کە بۆیان هەڵکەوێ هەل
کچ و کوڕ دەکەن هەمزەل
***
کیژۆڵەی شۆخی جوان چاک
شۆڕەژنی داوێن پاک
ڕووهەڵماڵاو و بێ باک
دەڕەتێنن زاو و ماک
***
فیتەی شوان، ئۆحەی گاوان
دێ لە مۆڵگە و دەراوان
دێتە گوێ لاوکی لاوان
بالۆرەی بەڵەک چاوان
***
منداڵ لە ڕژد و هەڵدێر
بەر دەدەنەوە تاوێر
شوانە لەسەر بەردەبێر
تێی تووڕاندووە لە بلوێر
***
مەڕ لە گۆشتا بووە سوور
خۆ هەڵداوێن شەک و کوور
گەماڵ دەکەن چەق و لوور
سەوەڕیان دەچێ بۆ دوور
***
کچی لەباری ڕەوەند
هەڵی کرد بەلەک و زەند
کەزی هۆنیەوە وەک بەند
کوڕان دەگرێ بە کەمەند
***
لەبەر دەرکی ڕەشماڵان
دەبینی چاو کەژاڵان
دڵان دەبەن بەتاڵان
کاس دەکەن کوڕ و کاڵان
***
لێوئاڵن، دەم بچووکن
خوێن شیرن، ڕەزا سووکن
کوڵمەیان وەک گوڵووکن
گەورە کچن، نۆبووکن
***
شل و مل و لەبارن
چاو بەکل، گوێ بەگوارن
دەسماڵ پووڵەکەدارن
شەدە و گێل گێلە لارن
***
ناسک و نەرم و نۆڵن
خاوێنن، سپی و سۆڵن
بڵباسی و توند و تۆڵن
بەمژۆڵ جەرگان دەکۆڵن
***
هەڵیان ماڵیوە باسک
باسکی قەڵەو و ناسک
کە دەکەن تاسکە تاسک
ڕەوەکترن لە ئاسک
***
کیژی مەرزینگ و سەکرن
بەلەنجەولار ڕادەبرن
ناز دەکەن، چاو دادەگرن
کوڕگەل دەبەریان دەمرن
***
کابانی قۆڵ بەبازن
شەنگەبێری کێل گەردن
لەنێو مەڕ دێن و دەچن
وەک پۆلی پۆڕان دەچن
***
سوێسن و وەنەوش و هەمین
کەژێ و خەندان و جەمین
خاسێ، کەوێ، خاتووزین
بەپۆل دەچنە مەڕدۆشین
***
زێڕن و کابان و مێرێ
دانیشتوون لەبەر بێرێ
ئەستی دەکا هاوێرێ
گوڵێ بەرخان دەژمێرێ
***
خونچە و گوڵووک و گەوەر
شەم و کەژاڵ و دڵبەر
زین و مرۆت و ئەسمەر
لە تاوڵی هاتوونە دەر
***
مامز دایگرتووە شیری
ناسک دەکوشێ پەنیری
ناز دەشێلێ هەویری
کاڵێ دەکا نان تیری
***
ئامان چۆتە کوڵێنێ
پەری مەشکەی دەژێنێ
بەسێ لۆرکێ دەکوڵێنێ
خەیاڵ ئاوردووی دێنێ
***
هێمنناسناوی ئەدەبی لەسەرەخۆ بە
نەکەی بچی بۆ هۆبە
دەنا دەشکێنی تۆبە
ئاور دەگری وەک سۆبە