نەوبەهار

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 2 خولەک  751 بینین
نەوبەهارە شنەبا خۆی دەنوێنێ
هەورەکان تێک دەبەزێنێ،
تا بە ئاوی دڵ و چاوی ئاسمان، دەشت و چیا دابگرێ، سەوزە گیا بێنەوە بەر دارە هوڵوو
سەر لێک بدەن گێوژ و گێلاس و قەڕەڵوو
شەشپەڕ و مێلاق و چنوور و سوێسن و بەیبوون و شللێر و گەزیزە
هێدیکەرەوەی دەرد و ڕوخی زەرد و تەبیبی دڵی زامار و خەفەتبار و مەریزە
چەن خۆشە دەگەڵ ناڵەی شمشاڵی بە ژەنگ و زەنگی نێریانی بە زەنگ و نەرمە قاقای دەمی تەنگ و بۆنی نەعنە و بۆنی پنگ و
کووزەڵەی لاخڕ و دۆڵ و دەمی ڕووبار
تێکەڵی دەنگی مەل و شادی گەل و قاسپەی خاسەکەوی کۆسار
زەرد و ماهـ و ڕەوەز و ڕژد و تەلان جارێکی تر وەک جووتە چاوی بە پەرۆش دێنەوە سەر جۆش و خرۆش، دەبنەوە سەرچاوەی کانی و لووزەوی کەللەتەزێن و ڕوونی بەفراو
نەققاشی سرشت جارێکی تر دیمەنی سەت ڕەنگ و سەت ئاهەنگی جیهانی بێ وەفای پڕ لە جەفا دێنێتە بەر چاو
زاوماک و قیژوقاوی مەڕ و بەرخ و کار و کارمامزی ساوا مۆسیقایە،
مۆسیقای دیمەنی سەحرایەک و دونیایەکی ئاوا
لار و لەنجەی شەنگەبێری و سەتڵی دەست و چاوی مەست و خشڵ و پاوانی جوانی و زەردەخەندەی لێوەکانی و ڕەشەکەزیەی مل و شانی و دەنگی شمشاڵی شوانی
دڵی پیر دێنێتەوە سەر دەم و کات و حەرەکات و بەرەکات و کل و کۆ و هەستی جوانی.