هەزار ناڵە

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 1 خولەک  602 بینین
چ بە تەنیا بێ و چ دەگەڵ یاران
چ لەنێو ماڵ و چ لە کۆساران
چەن خۆشە، کاتێ لەگەڵ پیرە ساز
دڵ تێکەڵ دەکەی، دەبێ بە هاوڕاز
لە بادەیی ئاڵ نەم نەم دەنۆشی
خۆت ڕەها دەکەی لە دڵپەرۆشی
کەم کەم دەسووتێی بە یادی دڵدار
دەم دەم دەناڵی دەگەڵ پیرە تار
وەک خۆی دەپڕژی لە کۆنە زامان
گرین لە ئەوک و ئەسرین لە دامان
تاوێ گرین و تاوێ پێکەنین
ماوەیەک تاڵ و ماوەیەک شیرین
لێت تێکەڵ دەبێ، خۆشی و ناخۆشی
نە زۆر خوماری، نە زۆر پەرۆشی
ساتێ نەیاری گەردوونی بەدخوو
کاتێ بە حەسرەت عومری لەدەس چوو
تاوێ هیوادار بە ژینی باقی
دڵ دەسپێری بە جامی ساقی
تاوێ لێوڕێژی ئەوینی یادی
کاتێ شەرمەندەی دەرگای جەبباری
وێڕای جگەرە دەسووتێ جگەر
قەڵەم هەڵدەگری دەپشکوێ هونەر
یاران چ دەکرێ من گەر هۆشیارم
دونیام پێ تەنگە و لە ژین بێزارم
منی بولبولە، خنکاوی شیعر
هەر بە مەی دەدەم زاخاوی شیعر
مەیەک ڕەهام کا لە داوی مەینەت
هەر لێرەی دەخۆم خەم نێ لە جەننەت