بەهاری هەڵەبجە
لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
3 خولەک
682 بینین
دەمی پاییزە شەوێکی کپ و مات
دێمە خەو دیمەنی کوێستانی وڵات
چ ببینم و چ بڵێم بۆ جوانی
جەننەتێک بوو کە خودا دەیزانی
لە من وابوو کە بەهارە و زەنوێر
دەمی خێڵ و کۆچ و بێر و هاوێر
لە بناری لەند و سامڕەند و گەدە
کەوتوون باروبنە و خەیمە زەدە
خوڕەی بەفراوی کەژ و هەڵدێران
بۆنی پنگ و سوێسن و شللێران
مەند و کوڕڕادە لە بەژنی پیاوان
کار و بەرخۆڵە لە سەرما سیاوان
کۆتر و کەولە شەتاوان، بە هەزار
هەموو هاتوونە بەرەوپیری بەهار
پۆلە بێری هەموو ناسک و نازدار
ناز و قاقا تێکەڵی لەنجە و لار
مەچەک و مل پڕ لە خڕخاڵ و دراو
دەم و گۆنا بە نەخش خاڵ کوتراو
شەگەل و مێگەلی بەرپاڵ و پەسار
دەنگی زەنگی ملی پێشەنگی قەتار
بۆنی نەعنە و تووری شمشاڵی بە ژەنگ
کورتی ببڕینەوە وەک شاری فەڕەنگ
شۆڕەبیەکم دی لە دەم ئاوێکی
نیشتمە ژێر سێبەری تاوێکی
کا دەمێ ڕوانیمە قەد و ئەندامی
لە گەڵای دیار بوو کزی و ناکامی
خۆ بەهاران هەموو دارێک جوانە
بۆچی ئەو دارە دەڵێی بێ گیانە
گەرچی پاراوە بەڵام هەر زەردە
تۆ بڵێی چۆن و چ بێ ئەو دەردە
گوتم: ئاخر شۆڕەبی جوان و لەبار
مەگە نازانی کە چەن خۆشە هەوار
تەمەشا ئەو هەموو گیاوگۆڵە
ئەو هەموو شەنگە ژن و کیژۆڵە
تەمەشا پۆل و ڕەوەی کار و پەزان
تەمەشا خاسەکەوی بن ڕەوەزان
بۆچی بەو دیمەنە ناپشکوێ دڵت
چییە هەر زەردە گەڵا و سیسە گوڵت
شنەبا نەرمە کزێکی هاتێ
شۆڕەبی تاڵە بزێکی هاتێ
ملی لاراند و گوتی: ڕۆڵەی من
دەستی ئەستێنەرەوەی تۆڵەی من
دڵی تۆ بۆچی ئەسیری نەفسە
مەگە نازانی خەون بەرعەکسە
نیشتمان ئاگری کەوتە گیانی
بۆچڕوک هات لە دڵی بریانی
بووکی بێ گیانە هەڵەبجەی کوردان
دڵی پێکاوە بە دەست نامەردان
بووکی نازداری مەیان حاشا کرد
هەر بە تاراوە گڵیان پێدا کرد
ئەوەی لێت بۆتە هەواری دڵگر
چۆل و وێرانەیەکە و هیچی تر
ئەو کچانەی تۆ دەڵێی نازدارن
شل و مل نین هەموو تازیەبارن
خشڵ و لەرزانە هەموو زنجیرە
کە لە دەست و ملی جوان و پیرە
ئەو هەموو خێڵە کە هەڵیان داوە
خەڵکی ئاوارە و لێقەوماوە
خاڵی گۆنا کە ئەتۆ پێت جوانە
هەموو جێی داغە لە گرتووخانە
ئێرە کوێستان نییە، گۆڕستانە
گۆڕستان کوا بە دڵی دۆستانە
ئەو دەمەی خۆشە هەواری قەندیل
دەم بە قاقا بن کەژاڵ و نەشمیل
ئەو دەمەی دڵگر و بەرزن کوێستان
کە بە سەربەرزی بژی کوردستان