پاییزی مەهاباد
لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
2 خولەک
911 بینین
هەستی پێی بەسامی پاییز دێتە گوێ لە سەوزەزاران
دەمی شینی بولبولانە و سەر و ڕوو ڕنینی داران
ئەو بەهاری شۆخ و ڕازاوە نەماوە شوێنەواری
تەپ و تۆزی لێ بەرز بوو گوڵ و چیمەنی نزاران
ئەو گەڵا گەشە و نەشانەی بە سەبا دەهاتنە لەنجە
هەموو ئێستە بوونە پێخوستی ڕێبازی ڕێبواران
فاتیحا دەڵێ لە باخان هەوری دڵپەرۆشی پائیز
وەکوو ئاوی چاو دەڕێژێ لەسەری تنۆکی باران
بەروژێر دەبێ لە کوێستان چیغ و تاوڵی دەوڵەمەندان
کۆچەری سەهەند و سامرەند هەموو چۆل دەکەن هەواران
باخەوان لە بووکی باخی دوڕڕی میوە دادەماڵن
دوڕڕی توو دەخەن دەنێو خاکی خەزێنە، جوتیاران
زەوی زەرد و تینووە و خوێنی برا لە شاڕەگانی
هەورە ڕەش دەبن بە ساقی، دەدەن ئاوی دێمەکاران
گەرچی پاییزە و خەزانە، وەلی خۆشن ئەو دڵانەی
کە وەفا دەکەن بە قەولان و بە دڵ دەکەن قەراران
گەلێ لاو دەگەن بە ئاوات و گەلێ دەکەن بە شایی
دەسەڵا لە نامرادان و خەنی لە نازداران
ئاوەدانە سەر لە نوێ مەکتەبی عیلم و شوێنی زانست
قەڵەم و کتێب بەدەست دێنەوە کۆڕی خوێندەواران
ئەوە پاییزێکی دیش هات و خەزانی خستە گوڵزار
تۆ بڵەی چ پاییزێک بێ کە بڕۆین بەرەو مەزاران
وەرە سەیری شارەکەی من کە خەزانیشی بەهارە
ئاوەدان بێ ئەی مەهاباد، ئاوەدان هەزار جاران