پیرەساز
لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
1 خولەک
931 بینین
وەرە ئەی پیرەسازی هاونشینم
بشۆ ژەنگی دڵی کۆیلەی ئەوینم
وەرە ئەی شاهیدی عومری خەسارم
بناڵێنە لە دەس بەختی نەیارم
بڵێ ڕازی دەروونی پڕ لە تاسەم
بە گوێی دڵبەر بگا گرفەی هەناسەم
وەرە ئەی زەمزەمەی ئاواتەکانم
ئەوا دێوی خەفەت دەبڕێ تەکانم
لە تۆ بەم لاوە کەس نێ یاوەرم بێ
هەواداری دڵی سەوداسەرم بێ
ئەگەر تاوێ مەلی شادیم لەلایە
لەلای تۆش بەزم و هەڵپەرکێ و هەرایە
لە جەنگەی مەینەت و ڕۆژانی تاڵی
لەژێر پەنجەم لە من خۆشتر دەناڵی
ئەگەر تیری ئەوین دەدرێ لە جەستەم
دەکەویە کێشەیەکی سەخت و حەستەم
ئەگەر خەمخۆری دایکی نیشتمانم
ئەتۆ دەیڵەی سروود و نەغمەکانم
من و تۆ تازە حەیفە لێک جودا بین
لەتەک یەکتر وەکوو ئەولاد و بابین
لەگەڵ تۆ خۆزگە حەشری من کرابا
لەگەڵ تۆ ڕوحی من کەیفەر درابا
ئەگەر ئەهلی شەفاعەت بووم و ڕەحمەت
خومار و تار بە دەست چووبامە جەننەت
ئەگەر فەرمانی سووتانم درابا
کل و پۆلووم لە تاری خۆم کرابا