پەریی هەڵبەست

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 1 خولەک  759 بینین
من و هەڵبەست دوو هاواڵی لەمێژینەی وەفادارین
ڕەفیقی ڕۆژی تەنگانە و پەژارەی تاڵی شەوگارین
ئەگەر خەم دێتە سەروەختی منی دڵناسکی پڕ هەست
پەنا دەگرم لەنێو ئامێزی بێ فێڵی پەریی هەڵبەست
پەری تاوێک و من تاوێک، دەخوێنین و دەبارێنین
هەتا ئاسۆی دڵێک ڕووناک دەکەین و شەم دەتارێنین
ئەگەر شادی بە میوانی دەمێکی دێتە ماڵی من
پەریی هەڵبەست بە پڕتاو دێتە یاریدەی خەیاڵی من
هەتا تۆمار بکا وێنەی دڵی سەرخۆش و سەرمەستم
ببێتە عیبرەتێک بۆ خوێنەرانی شیعر و هەڵبەستم
کە حەسرەت زۆرە، شادی هەر بە دەگمەن سەردەدا لێمان
هەموو ئەسبابی کایەین و ژیان کایە دەکا پێمان