مەدحی پێغەمبەر

لە کتێبی:
کەژاوەی دڵ
بەرهەمی:
ناسر ئاغابرا (1968-2020)
 2 خولەک  1049 بینین
ئەی شاهی جەهان ئارا، ئەی لایەقی سوڵتانی
ئەی گەوهەری بێگەردی پڕ مەعرەفەت و جوانی
ئەی مەتلەعی ڕووناکی، بۆ کۆمەڵی ئینسانی
تۆ شافعی داماوی، تۆ مەحبووبی یەزدانی
ئەی دەسگری گومڕایان، ئەی سەروەری زانایان
تاقانەیی ئازایان شایستەیی قوربانی
ئەی ڕێبەری دڵپاکان، سەرکردەیی پیاوچاکان
هیوای دڵی خەمناکان، نیشانەیی فەرعانی
تۆ ئەکرەم و نازداری، بەخشەندە و غەففاری
پێغەمبەری موختاری، گەنجینەیی قورعانی
دڵ پڕ خەفەت و ژانە، بێ بەهرە لە ئیحسانە
بۆ مەحشەر و تەنگانە هەر تۆی کە پەنامانی
ئینسان چ غەمی نارت، تۆ شافیعە سەردارت
شوکرانەیی دەربارت، ئەی خالقی سوبحانی
من زار و پەشۆکاوم، وێڵی هەوەسی خاوم
گیری کەڵەک و داوم، تۆ یاری زەعیفانی
زەینێک بدە حاڵی من، ڕۆژ و شەوی تاڵی من
شۆقێک بخە ماڵی من، ئەی جلوەیی نوورانی
هەر کەس بەوە ئیمانی ناکێشێ پەشیمانی
ئەی دڵ بۆ پەریشانی نەقزی نییە پەیمانی
ئەو تاجی سەری ئادەم، لوتفی بە جیهان نادەم
بە گیان و دڵ ئامادەم، سەر دانێمە فەرمانی
سەرداری بەرزمەقدەم، فەخرە بۆ هەموو عالەم
پیرۆز لە موسڵمانان میلادی نەبیی ئەکرەم