ئەی شاگوڵی بلیمەت
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
1 خولەک
400 بینین
ئەی کێژۆڵەی ڕێکوپێک، باڵابەرزی ڕەزاسووک
کوا وەک تۆ جوان و تەرزن، هەڵاڵە و سەرو و گوڵوک؟
سەرتۆپی کوردەواری، نەخشی خودای، دیاری
ڕەنگین و شۆخ و شیرین، خوڵامی تۆیە سەد بووک
گوڵی بەهار لە جوانیت وەک کوڵمی تۆیە ڕەنگی
وەک سەروی بەرزی تەرزی، مەزەی وەکوو بەڵاڵووک
پرچی ڕەش و درێژت کەمەندی عاشقی تۆیە
دەک لاڵ و کوێر و کەڕ بێ، هەرکەس لە تۆ دەکا تووک
بۆ تۆیە دڵ کەبابە، سووتاوە بۆتە قەقنەس
بە عەشقی تۆوە عاشق سەودایە مات و مەهتووک
وێنەت نییە لە دونیا، ئەوەندە شۆخ و شەنگی
ئەتۆ لەبار و ناسک، ڕەقیبە چەشنی خڕنووک
بەینێکە زیزی بۆچی، چیم کردووە، لەسەر چی
جەرگ و دڵت دەرێنام، بە نووکی تیژی چڕنووک
ئەی بووکی کوردەواری، ئەی شاگوڵی بلیمەت
«فاتیحیناسناوی ئەدەبی» بۆت دەنووسێ، وتار و شیعر و پەڕتووک