دونیای بێ وەفا

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 2 خولەک  408 بینین
دونیای بێ وەفا، دوژمنی بەشەر
مەکۆی خەفەت و کوڵوکۆ و کەسەر
لانکەی پڕ شەڕ و شۆڕ پڕ فیتنە و هەرا
خانەخوێی شەیتان، مەنزڵگای سەفەر
خۆت ڕازاندەوە وەک گوڵی بەهار
هەر ڕۆژەی چەشنێ خۆت دەخەیتە دەر
ڕۆژێک نەشمیل و نازدار و خۆشڕووی
ڕۆژێک ترش و تاڵ هاڵۆز، بەدنەزەر
چی ئارەزووت بێ، دەیکەی ناترسی
لە وێرانکردن و چۆلی و دەربەدەر
چەند هەزار گەنجت خستە چاڵی تەنگ
چەند هەزار پیرت فەوتاند بە دەفتەر
ژیان ناخۆشی و تووشی و نەگبەتیت
داون بە پیاوی زانای قووڕ بە سەر
ئەوەی تۆ دەیکەی لەو ڕۆژگارەدا
دەبێ بنووسرێ بە قەزا و قەدەر
چیمان بەسەر هات، چیمان چاو پێکەوت
کوا خۆشی لەلای کوردی هونەروەر؟
زانا و فەیلەسوف جەرگیان سووتاوە
بەشیان خەفەتە و، حەسرەت و کەدەر
دڵت لەت کردم بە داخ و حەسرەت
لە باخی ژینم هیچ نەما ئەسەر
قەت ڕوحمت نەکرد بە منی کڵۆڵ
ڕێگەت لێ گرتووم، ئەمسەر و ئەو سەر
گوڵی ژیان و ئارەزوت کوشتم
بەشم بۆتە شین، ناڵین و چەمەر
هۆشت لێ بڕیم، هەژار و دەستەنگ
بێ جێ و بێ مەکان، وێڵ و سەوداسەر
فەلەک، هەر بۆ من وا نەبوە کارت
هەزاران کەست خستۆتە خەتەر
پیر و دافەتاو، نابینا و بێهۆش
خوایە دوورم کەی لە ئاگری سەقەر
لەبەر تۆ نەمبوو فکری ڕێی چاکان
بگرم و وەک وان، ساز بم بۆ سەفەر
هەرچی کردوومە، گشت بەدبەختییە
قەت نەمکرد دوعا ئەورادی سەحەر
خوایە بۆ خاتری خاسانی دەرگات
نۆش کا «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» لە ئاوی کەوسەر