بۆ مامۆستای قوتابخانە

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  414 بینین
ئەی مامۆستای بەرز و بەڕێز
لە تێکۆشان بەتین و هێز
ئەی ڕاهێنەر بۆ قوتابی
ئەی گەورەتر لە هەر بابی
ئەی چرای گەشی شەوەزەنگ
ڕێنیشاندەری ڕۆژی تەنگ
هەڵتگرت ئاڵا بۆ خەبات
گەل لە کوێری دەدەی نەجات
سەرچاوەی خۆشی و بەختیاری
بۆ مامۆستا کراوە دیاری
من ئامادەم بە گیان و دڵ
لە خوێندن هەرگیز ناکەم سڵ
لە نەزانی سەر دێنمە دەر
دەخوێنم دەبم بەهرەوەر
تۆش بە دڵێکی پاک و ڕەوان
فێرم کە وشەی دەرسەکان
دەبمە مامۆستا بۆ گەلم
لە دەست نادەم کات و هەلم
بە خوێندن دەکەم شانازی
مامۆستا لێم دەبێ ڕازی