یادگاری شیرن

لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 4 خولەک  13886 بینین
چاوەکەم! چاوی ڕەشی تۆ ئافەتی گیانی منە
گیانەکەم! برژانگی تیژت نووکە ڕمبی دوژمنە
شیری دەستی شێری ئاڵایە برۆ ڕاکشاوەکەت
جەرگی لاوێکی هەژاری کوردی ورد پێ بنجنە
دیدەکەی بەخوماری تۆ تورکانە بەدمەستی دەکا
بۆیە مەیلی وا بە کێشە و فیتنە و خوێن ڕشتنە
بەژنەکەت سێدارەیە، کەزیەت تەنافە زووبە دەی
بیخە ئەستۆی من کە کوردم کورد بەشی خنکاندنە
زامی جەرگی من بە فەرموودەی گراوی سواری کورد
مەڵهەمی هەر ژەنگی گوارە و ئارەقی بەر گەردنە
ئارەزوومە هیچ نەبێ جارێکی ماچ کەم زاری تۆ
ئارەزووی من چووکە، ئەمما تا بفەرمووی شیرنە
دڵ بە گرمەی تۆپی گەورەی دوژمنیش ڕانەچڵەکێ
دادەخورپێ ئەم دڵە ئەمما بە خرمەی بازنە
خەڵکی دنیا ڕازی دڵداری بە بێتەل پێک دەڵێن
ڕاسپاردەی لاو و کیژی کوردە ئێستاکەش شنە
ڕۆژی بەختی هەر لە ژێر هەورێکی ڕەشدا لاوی کورد
تاکوو ڕوخساری کچی شاری لە پێش چاوان ونە
نایەڵێ گۆشەی برۆکەت دەرکەوێ چارشێوەکەت
ئەی لە دەس ئەو چڵکە هەورە مانیعی مانگ دیتنە
چۆن دەبێ سەربەست گەلی ژێردەست کە کچ دابەستە بێ
بەس نەبێ ئەو کۆیلەتی و ئەو کچ لە ژوور دابەستنە
دەرکی داخستووە لە تۆ بابت کەچی دەرکی نییە
دەرکەداخستن لە تۆ دەرکی هومێد داخستنە
داڕزینە، مردنە، ئاخر هەتا کەی پێت بڵێن
نابێ بێتە دەر لە ماڵ، مافی ژیانی کوا؟ ژنە
لادە چارشێوی ڕەشت با دەرکەوێ کوڵمەی گەشت
چون لە قەرنی بیستەما زۆر عەیبە ئەو ڕووگرتنە
کیژی خەڵکی بۆمی ئاتۆمی دروست کرد و ئەتۆش
هەر دەزانی ناوی «ئەستێوڵک» و «دەرخۆنە» و «پنە»
فێری زانست و هونەر بوو ئەو لە سایەی خوێندنی
تۆش تەشیمان بۆ دەڕێسی یادگاری شیرنە
ئەو بە ئاسمانا فڕی، دنیا گەڕا، چووە بن بەحر
دەک نەمێنم کاری ئێوەش هەر لە ژوور دانیشتنە
کوڕ بەزێنە ئەو لە عیلم و ئەو لە کار و سەنعەتا
گۆرەویشە سەنعەتی تۆ، پێت خەنی بووم بیچنە
ئەو پەچە و ڕووبەند و چارشێوەی نەدیوە نەنکی تۆ
ئەو شڕ و شاڵاتە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنە
کیژی شێخ و کیژی حاجی و کیژی ئاغا ڕەنجەڕۆن
کیژی ئازادە ئەوی ژینی بە نووکی گاسنە
شەنگەبێری یار و دەسباری کوڕی کۆچەر نەبێ
چۆن دەگاتە جێ هەوار و هۆبە ئەو بارگە و بنە؟
قەڵشی دەست و کوڵمی سووتاوی کچی لادێ نەبێ
چۆن دەگاتە دەستی دەسبڕ ئەو هەموو تا تووتنە؟
نیسک و نۆک و ماشی ناو عەمباری ئاغای مفتەخۆر
پاک لە سایەی دەسکەنەی زین و مرۆت و سوێسنە
شۆڕەژن بنکۆڵ نەکا بڕکەی بە قرچەی نیوەڕۆ
چۆن لە کاڵەک تێر دەبێ ئەو زگ زلە بێستان ڕنە؟
کوا مەتاعی کوردەواریمان دەچوو بۆ هەندەران؟
گەر بە سەربەستی نەژیبا ئەو کچە مازووچنە
بێر و هاوێری لەگەڵ کاکی نەکردبا بن پشک
چۆن دەمانبوو ئەو هەموو گۆشت و پەنیر و بەرگنە؟
دەست و کەرکیتی کچی نازداری هەوشاری نەبا
چۆن دەڕازاوە بە قاڵی شار و بازاڕی سنە؟
با هەزار «زێ» و «گادەر» و «لاوێنی» ڕوونیشمان هەبێ
تاکوو ژن ئازاد نەبێ، سەرچاوەکەی ژین لیخنە
کۆیلەتی باوی نەماوە، کیژی کوردی خۆشەویست!
ڕاپەڕە، هەستە لە خەو، ئاخر چ وەختی خەوتنە؟
دەرکە بشکێنە، پەچە بدڕێنە، ڕاکە مەدرەسە
چاری دەردی کوردەواری خوێندنە، هەر خوێندنە
دایکی زانایە کوڕی ئازا دەنێرێتە خەبات
من گوتم تۆش تێبگە «ناگاتە دەریایە زنە»
گوارەکەی زێڕت بەکار نایە، لە گوێ بگرە قسەم
لایقی گوێی تۆ عەزیزم شێعری سادەی هێمنناسناوی ئەدەبیە