پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «سەید عەبدولقادری سەیادەت»
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
2 خولەک
498 بینین
خەیاڵم وایە غەوغایەک بەپا کەم
لە ڕێی گەلدا سەر و ماڵم فیدا کەم
لە داخی دۆستە بێ شەرت و بەقاکەم
«بەعەهدی خۆم ئەمن شەرت بێ وەفا کەم
دەبا هەر بێ وەفا بێ ئاشناکەم»
لەگەڵ مندا زەمان کەوتۆتە سەر قین
دەچێژێ پێم جەفا و گریان و ناڵین
نە ئینسافە، نە ویژدانە، نە ڕێی دین
«ئەگەر ڕۆژم نەبوو کەس ئاشنام نین
هەموو نائاشنان کاکە و براکەم»
پەنا بۆ کوێ بەرم بۆ ئاو و بۆ نان؟
وەدەس کێ کەوتووە دۆستی بە ویژدان
ئەگەر تۆ لێم تەوەللا بی برا گیان
«کەسێکی دی عەبام ناخاتە سەرشان
ئەگەر تۆزێ دڕا شانی کەواکەم»
لە ڕێی دڵدا نە عەقڵم ما نە سەروەت
ڕەق و تەق، وشک و بێ هێز، دڵ بە ئەزیەت
پەڕوپۆم هەڵوەری سەد داخ و حەسرەت
«لەبەر پەروانە دەورم چۆڵ نەبوو قەت
هەتا شۆقێکی بوو چۆڵە چراکەم»
ڕەقیبم هاتە پێش وا زوو گوتی پێم
ئەگەرچی کەند و کۆسپیش دێنە سەر ڕێم
بەڵێنم داوە بۆ زیارەت دەبێ بێم
«نەکوو ئەو یارە گەرد بگرێ دڵی لێم
دەبوو گیانیش و ماڵیشی فیدا کەم»
لەسەر من کۆیە، چی دەرد و بەڵایە
لە دەس ئەو دۆستە من چی بکەم خودایە؟!
لەسەر ئەو پێم گەیی چی ناڕەوایە
«کەچی ئێستا کە هەر ئەو نابرایە
دەڵێ نەمدیوی ناتناسم براکەم»
وەکوو زیندانە پێم سەیران لە باخا
لە تاوی لەیلی خۆی فەوتاند لە ناخا
هەزار خۆزگەم بە مەجنون وا لە شاخا
«دەڵێم تەرکی هەموو کەس کەم لە داخا
هەتا مەجبور نەبم هەر بێم و ڕا کەم»
ئەوا پیر بووم و گەندەڵ بووم وەکوو بی
شەو و ڕۆژ شیوەن و گریانمە، نەتدی؟
فلیمی سینەما بوو هەرچی دەمدی
«لە ئاوی چاوما غەرقم بڵێم چی
لە خۆم خنکاوترە خۆ ناخوداکەم»
دەبێ هەرخۆم خەمی خۆمم هەبێ و بەس
لەبەرما بێ حەریر و کێش و ئەتڵەس
زەمانە، «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» نەیدیوە وا پەس
«ئەگەر ڕۆژم نەبوو، ڕووی لێم نییە کەس
«سەیدکەس» وەک ڕۆژپەرستە ئاشناکەم»