پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «عوسمانی وەجاخی»

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 3 خولەک  595 بینین
بە دڵ کە گوێ لە ئاوازە و خڕەی خڕخاڵی ڕابگری
لە خۆشییان ڕەنگە عاشق خۆی بە قوربان کا، لە بۆی بمری
بە چاوی باز و نەغمەی ساز، بە سینەی پاکی وەک بەفری
«لە حەول و حەوشی مزگەوتێ کە جار جار دێت و ڕادەبری
بە کەشم و نەشمی شازادە، بە دەستی گۆزەڵە و کتری»
بە خوێنم دەستی ڕەنگینە، دڵم بەو دەستە خوێنینە
تەماشا کەن چ بێ دینە، چ خۆش ڕەفتار و شیرینە!
بە لێوان شەکر و هەنگوینە، بە ئەبرۆ ئافەتی دینە
«بە چاوان باز و شاهینە، بە گەردن ئاهویی چینە
«تعالی اللهعەرەبی» چ شیرینە، کە خۆی دەشلێنی وەک قومری»
ڕەقیب وەک دڕکەزی وایە، دزێوە چەشنی جندووکە
گوڵی من نەرمە وەک تووکە، قەدی سەروە، دەمی چووکە
مژۆڵی تیژە چاڵووکە، لە دڵ ڕاچوونی زۆر سووکە
«هەتا حەز کەی ڕەزاسووکە، تەڕ و تازە دەڵێی بووکە
بیعەینی زێڕی مەسکووکە، مەحاڵە ئەرزش و قەدری»
دوو کوڵمی سووری تارینە، دوو چاوی پڕ خومارینە
دوو لێوی شەکری زارینە، دوو ئەبرۆی تیری کارینە
دوو پەنجەی شێری کارینە، مژۆڵی سونعی بارینە
«دوو زوڵفی شێوە مارینە، دوو مەمکی خڕ، هەنارینە
بەر و بۆی خاکی ئارینە، لە باخی سینگی وەک بەفری»
خەیاڵات بەسییە لێم لادە، فڕێم دا ساغەر و بادە
لەبەر کیژی نەجیبزادە، نەجیبزادە و وەجاخزادە
دڵی عاشق لە لای شادە، چ سۆفی بێ، چ شێخزادە
«بە باڵا سەروی ئازادە، بە ڕوخساری پەریزادە
نییە وەک ئەو لە بەگزادە، لە مەنگوڕ، مامەش و موکری»
دوڕی نێو بەحر و دەریایە، دوو کوڵمی وەک چرا وایە
ئەوەی خەڵکی دەڵێن وایە، دڵم بۆی شێت و شەیدایە
بە ناز و شۆخ و لەیلایە، قەدی وەک داری ئاڵایە
«بڵند و بەرزەباڵایە، عەجەب مومتاز و ئەعلایە
لە هەر لا داد و غەوغایە، لە شوعلەی تەلعەتی بەدری»
کە دەڕوا عەینی ماشێنە، ئەوەندە پاک و خاوێنە
جەماڵی چەشنی ئاوێنە، دوو چاوم چۆمی «لاوێن»ە
نەجیب و نەشئەبزوێنە، گوڵێکە تاق و بێ وێنە
«لەتیف و نەرم و خاوێنە، لە دنیا فەردە ئەم وێنە
بەدەن بللور و ئاوێنە، بە شەوقی شەمس ڕادەگری»
دڵم بێ سەبر و ئارامە، لە دووری ئەو گوڵئەندامە
بە دایم فیکری هەر لامە، لەبەر پیریم دەڵێ مامە
بە دڵ هەر شۆر و سەودامە، دەم و لێوت، ئەرێ؟ کامە
«دەهان وەک مەغزی بادامە، دوو لێوی شەککەری خامە
زەریف و موشتەهی کامە، دەمی کێشاوە وەک سەدری»
لە لایەک زوڵمەت و نوورە، لە لایەک لەیلی دەیجوورە
لە لایەک یاری مەخموورە، لە لایەک جامی فەخفوورە
لە لایەک ساز و سەنتوورە، لە لایەک بەزمی ناجوورە
«بە چیهرە ئەبیەز و سوورە، بە سینە شەمعی کافوورە
مەحللی بەنک و بەرموورە، دەگرمێنێ وەکوو هەوری»
بە لێوی سووری سەر جامی، بە ماچی کوڵمی خۆش تامی
بە غەمزەی چاوی پڕسامی، بە عیشوە و ناز و سەرسامی
بە لیمۆی زەردی ناکامی، بە نوقڵی زاری بادامی
«بە ڕێکوپێکیی ئەندامی، بە لووس و لێکیی ئەجسامی
ئەسانی مەککەیە بێ شک، دەڵێم یا گەوهەری بەحری»
خەت و خاڵی لەسەر کوڵمی، چ نەخشێکە چلۆن واهات
گەلێ دوورە لە فیکری من، بە کەس نابێ ئەوە ئیسبات
دەزانی« فاتیحیناسناوی ئەدەبی» مەدحی گوڵت بۆ تۆ کە دەس نادات
«لە وەسفی زینەتی وەجهی، قەڵەم بۆ خۆی دەکا ئیفرات
خەتات کەس ناگرێ «عوسمانکەس» لە دنیادا هەتا دەمری»