پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «عوسمانی وەجاخی»
لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
3 خولەک
449 بینین
دڵم کونکونکراوی تیری ئەبرۆی نەونەمامێکە
بە فیز و سەرکەش و مەستە، عەجەب دنیا بەکامێکە
بە گوڕ خوێن دێ لە دوو چاوم، ئەوەش هەر وێنە زامێکە
«لە خەم ئەلفی قەدم خوارە، عەجایب نوون و لامێکە
لەبەر دوودی هەناسەی من، هەموو ڕۆژم بە شامێکە»
لەنێو دەریای خەم و حەسرەت دەسووتێم، عەینی ناریمە
قەتارەی زوڵف و ئەگریجەی وەکوو فرمێسکی جاریمە
نە عومرم عومری ئاسوودە، نە یار بۆ من لە یاریمە
«لە باخی عیشق و ناکامی، هەمیشە ئاهـ و زاریمە
دەناڵێنم وەکوو قومری، فوغانم نەوعە قامێکە»
بە غەمزەی چاوی فەتتانی، هەزار عاشق لەنێو جێنە
بە لێوی لەعلی گەوهەربار، بە پەنجەی وێنە ئاوێنە
دەکا دەرمان دڵی شەیدا، حەبیبی جوان و بێ وێنە
«ئەرێ ساقی بەقوربانە پەیاپەی جامی مەی بێنە
خوماری و مەست و مەیخواریم، ئەویش بۆ من مەقامێکە»
وەکوو بولبول بە ڕوح و دڵ تەڵەبکاری عوزارێکم
لەگەڵ پۆلی مەل و قومری، لە گوڵشەندا هوزارێکم
ڕەفیقان! چوو دڵ و دینم، بە دوو سێو و هەنارێکم
«مەکەن لۆمەم کە حەیران و جنوونی عیشقی یارێکم
موزەییەن گوڵشەنی سینەی، بە نارنج و شەمامێکە»
گوڵ و لالە و وەنەوشە با لە داخان جەرگ و لەتلەت بێ
ڕەقیب و مودەعی حاڵ و بە دایم دەرد و مەینەت بێ
نەی و شمشاد لە دنیادا دەبێ خۆشی و بەزیللەت بێ
«ئەتۆ عەرعەر بە باڵای خۆت مەنازە دەک خەجاڵەت بێ
تەماشای قامەتی یارم، عەجەب سەروی خەرامێکە»
لە وەسفی لالەڕوویاندا، وتە نابێ ڕیوایەت بێ
قسەی زۆر موختەسەر چاکە، نەکوو بەست و حیکایەت بێ
وەکوو چاوی حەبیبی من، دەبێ گوڵ خۆش عینایەت بێ
ئوسوڵ و قاعیدە و تەرتیب، دەبێ هەر وا ڕیعایەت بێ
لە زوڵف و پەرچەمی یارم، چ نەزم و ئینتیزامێکە»
بە من خۆشە، دڵئارامە شەرابی عیززەتی عیشقت
فیراق و نامرادیی دڵ، هەژاری و ئەزیەتی عیشقت
لە دڵ لاناچێ تا ماوم عەزیزم شەربەتی عیشقت
«ئەگەر بێ دڵ دەمێ خاڵی لە ڕەوزەی جەننەتی عیشقت
لەگەڵ شەیتانی مەلعوون بێ کەوا کافر مەرامێکە
دەسوتێ «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» دەمدەم لە عیشقی ڕووی حەبیباندا
دەکا گریان و شین و داد لە ناو بەزمی غەریباندا
ڕەفیقانم تەماشا کەن لەنێو حەلقەی ئەدیباندا
«بە شیعری ناڕەوا «عوسمانکەس» لە ئەنزاری ئەدیباندا
کەلامت شەرحی دڵداری، وێڕای دووعا و سەلامێکە»