پێنجخشتەکی لەسەر هەڵبەستێکی «قانع»

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 2 خولەک  483 بینین
عاشقی ئەو دەشت و کێوەم، پێم دەڵێن دێوانەیە
ڕۆژ و شەو هاموون دەپێوم، کاری من شێتانەیە
بۆ وەتەن سووتاوە جەرگم، شیوەنم کوردانەیە
«ئاخرین ماڵی ژیانم کونجی بەندیخانەیە
ئەم کەلەپچە مەرهەمی زامی دڵی دێوانەیە»
ماڵ و سەر قوربانی تۆیە، گیان فیدام هەر کاتێ بێی
گەرچی پیر و ناتەوانم، حازرم بۆ فەڕشی پێی
شادی ئەو وەختەی لە من میوانە ئەو ڕۆژەی کە بێی
«بووکی ئازادیم ئەوێ، خوینم خەنەس بۆ دەست و پێی
حەڵقە حەڵقەی پێوەنم بۆ پڵپڵە و لەرزانەیە»
ڕۆژێ دادێ من بەسەر زۆردارەکانا زاڵ ئەبم
ئەو دەمە دونیا ئەزانێ مەستم و خۆشحاڵ ئەبم
من لەتاو قەومی هەژار و بێ پەنا، بێ حاڵ ئەبم
«گەرچی دوژمن وا ئەزانێ من بە دیلی لاڵ ئەبم
باش بزانێ کونجی زیندانم قوتابیخانەیە»
بۆ نەجاتی نیشتمانم هەوڵ ئەدەم، تەدبیر دەکەم
مەیلی سێدارە و قەنارە و شۆڕش ئیقلیمگیر دەکەم
چاری گەرم و هۆڕی تۆپ و، قڕقڕەی شەستیر دەکەم
«زۆر دەمێکە چاوەڕوانی زڕزڕەی زنجیر دەکەم
سەیری ئەم زنجیرە کەن وەک زیوەری شاهانەیە»
بانگی ئازادیم دەوێ دێهات و شار هاوار بکا
میللەتی ڕووت و هەژارم، پەت لە مل زۆردار بکا
دوژمنی زاڵم دەفەوتێ میللەت ئینفیجار بکا
«چاوەڕوانی شۆڕشێکم عالەمێ ڕزگار بکا
میللەتم بۆ ئەو مەبەستە کردەوەی شێرانەیە»