پێنجخشتەکی لەسەر غەزەلێکی «نالی»

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 2 خولەک  516 بینین
لە دووریت کار و پیشەم بۆتە ڕۆڕۆ
شەو و ڕۆژ دادەنیشم دەستەوئەژنۆ
کەبابە دڵ، سووتاوە، پڕ لە بۆسۆ
«نەمردم من ئەگەر ئەم جارە بێ تۆ
نەچم شەرتە هەتا ئەو خوارە بێ تۆ»
قەسەم بەو تیری ئەبرۆ و چاوی کاڵی
بە زوڵف و پەرچەم و دوو لێوی ئاڵی
بە نارنج و شەمام و پرتەقاڵی
«دەروونم خاڵیە، وەک نەی دەناڵی
هەوارێکی چ پڕ هاوارە بێ تۆ»
عەزیزم، چاوەکەم، ئەی یاری نەوڕەس
ئەوەن سووتام، لە تاوت بوومە قەقنەس
هەتا کەی چاوەکەم گریان؟ بڵێ بەس
«بیناییم کوێرە هەڵ نایە بە ڕووی کەس
موژەم یەک یەک دەڵێی بزمارە بێ تۆ»
بە شەوقی تەلعەتی ڕووی تابناکت
بە ئەستێرەی جەماڵی زۆر ڕووناکت
بە ئەگریجە و پەچەی داوداو و تاکت
« قەسەم بەو شەربەتی دیداری پاکت
شەڕابم عەینی زەهری مارە بێ تۆ»
لە پێش چاوم مەڕۆ، بۆ خۆت دەکەی ون؟
لەبۆ پێم شاد دەکەی تۆ دۆست و دوژمن
لە تاوت تاڵە ژینم، خۆشە مردن
«لەلای تۆ خار و خەس گوڵزارە بێ من
لەکن من خەرمەنی گوڵ خارە بێ تۆ»
لە وەسفت چی بڵێم ئەی یاری جوان خاس
لە جەرگم هەڵچەقی موژگانی ئەڵماس
بە هەققی ئایەیی «من شرالوسواسعەرەبی»
«لەکن من با وەجوودی ناس و ئەجناس
کەسی تێدا نییە ئەو شارە بێ تۆ»
خودایە ژینی من بۆ وا بووە تاڵ
لە دەس دەرچوو بەجارێ بەخت و ئیقباڵ
لە تاوی پەرچەم و زوڵف و خەت و خاڵ
«هەموو ڕۆژێ لەتاو هیجرانی ئەمساڵ
تەمەننای مردنی پێرارە بێ تۆ»
گوڵ و بولبول کە وەختێ لێک جیا بوون
وەکوو گوڵخونچەکەی من بێ وەفا بوون
بە جارێک هەرچی دۆستە بێ بەقا بوون
«هەتا تۆم ئاشنا بووی ئاشنام بوون
ئەمێستا موو بە موو ئەغیارە بێ تۆ»
لە تاوت «فاتیحیناسناوی ئەدەبی» هەر وا دەناڵی
گرفتارە بە ئەبرۆ و زوڵف و خاڵی
دەسا ئەی گوڵ بکە ڕوحمێ بە حاڵی
لە حەسرەت قەددی سەروت چاوی «نالیکەس»
دوو جۆگە، بەڵکوو دوو ڕووبارە بێ تۆ»