پێنجخشتەکی لەسەر وەرگێڕدراوێکی مامۆستا هەژار

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  451 بینین
پارەم بۆ چا و نان و قەندە
پێشم نادەن شەندە و مەندە
شەیتانن، سۆدرە و، سەهەندە
«دوژمنەکەم دەوڵەمەندە
من هەژارم کارم گەندە»
کێ تفەنگ و خەنجەری بێ
وشتر و ئەسپ و کەری بێ
بێ عەیبە گەر سەرسەری بێ
« هەژار، هەزار هونەری بێ
کەس ناڵێ کەرت بە چەندە»
فەقیر ئەگەر خاوەن ڕیش بێ
بە ڕۆژ و بە شەو لە ئیش بێ
بێ پارەیە، با فنیش بێ
«خاوەن دراو با خوێڕیش بێ
دەڵێن زانا و مەرد و ڕەندە»
هەر هەژارە بۆر و دژوێن
دەوڵەمەندیش بێ قسە و دوێن
لەلای خەڵک بە تام و خوێن
«قوڕەیش و جور هوومی بوێن
لەبەر دەستی دەبنە بەندە»