تۆم هەر لەبیرە

لە کتێبی:
تاریک و ڕوون
بەرهەمی:
هێمن (1921-1986)
 1 خولەک  7971 بینین
لە شاییدا لە وەختی هەڵپەڕینا
لە خۆشیدا لە کاتی پێکەنینا
لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
بە شەو تاکوو بەسەرما زاڵ دەبێ خەو
بە ڕۆژ تاکوو دووبارە دێتەوە شەو
لە کاتێکدا کە دەدوێنم ئەم و ئەو
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
زەمانێکی کە دەچمە سەیری گوڵزار
لەگەڵ پۆلی ڕەفیقانی وەفادار
تەنانەت وەختی دەسبازی لەگەڵ یار
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
لە کوێستانێ دەمی ڕاو و شکارێ
لە مەزرایە کە خۆم هەڵکرد لە کارێ
لە جێژوانێ کە دەکوشم مەمکی یارێ
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە
دەکەم تەرخان لە ڕێی تۆدا ژیانم
لە سەنگەردا بەرەوڕووی دوژمنانم
بە خاکی تۆ دمی ئاویلکەدانم
ئەمن ئەی نیشتمان تۆم هەر لەبیرە