بەختەکەم سوار بۆتەوە

لە کتێبی:
کڵپەی دەروون
بەرهەمی:
مەلا عەبدولڕەحمانی فاتیحی (1930-2002)
 1 خولەک  511 بینین
چاوەکەی مەستت بەبێ مەی مەستە، وشیار بۆتەوە
تیری عیشقت دا لە جەرگم، دڵ بریندار بۆتەوە
قامەتی بەرزی گوڵەندامم وەکوو سەروی ڕەوان
داخەکەم پیری چەماندی، بۆیە وا خوار بۆتەوە
بولبولی تەبعم غەزەلخوانە لە گۆشەی گوڵشەنێک
پایزە و کاتی خەزەڵوەر، سیسە گوڵ، لار بۆتەوە
بەخت و ئیقباڵم لەمێژە زیز بووە، تۆراوە لێم
سەد شوکر دیسان نەمردم، بەختەکەم سوار بۆتەوە
نەوعەرووسە، لێک و لووسە، تەنزنووسە یارەکەم
بۆیە دڵ وا مەستە ئەمڕۆ، عیشقی سەرشار بۆتەوە
چەند بە تەمکین و نەجیب و شۆخ و شەنگە و دڵڕفێن
سەیری کە بەو پیرییەی، چۆن لوتفی تیکرار بۆتەوە؟!
هێند لەمێژە دوور لە تۆمە، هەقتە تانەم لێ بدەی
چاوەکەم! پێم وابوو بۆ من، مەیلەکەت سار بۆتەوە
دەردەکەم زۆر سەختە چارەی زەحمەتە بێ هاودەمم
دەستەوئەژنۆ، تاق و تەنیام یارم ئەغیار بۆتەوە
ئاقیبەت، ڕۆژێ دەبێ ئەو مردنە بێژێ سەلام
«فاتیحیناسناوی ئەدەبی» ئامادە بە، ڕێگاکە هەموار بۆتەوە