١٥

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 12 خولەک  1048 بینین

کە جوامێر کەوتە ڕێ هێشتا دوو سات و نیوی ڕۆژی مابوو. هەموو ئەو کەین‌وبەینە لە یەک دوو دەقیقەدا ڕووی دا. هێشتا حەپەساوی کارەساتەکە بوو، کوژراوەکانی کەی نەئەناسی. بەڵام مەرگی کوتوپڕی ئەو ژنەی، هەمووی نەختێ لەوەبەر پڕ بوو لە ژیان و لاوی و تاسە و هیوا و ئارەزوو، وەکوو شتێ کاسی کردبوو. کاشکی نەیناسیایە، ئەویش وەکوو کوژراوەکانی تر داخێکی بێ‌شوێنی ئەنا بە دڵیەوە و ئەبڕایەوە. بەڵام ئێستا دوای ئەو ناسینە، هەرچەندە تا نەمرد ناویشی نەئەزانی، تا ماوە داخی لە دڵی دەرناچێت. وەیش داخم ناچێ بۆ مناڵە ساواکەی، خوا ئەزانێ مێردەکەشی ماوە یا مردووە. بەڕاستی بە نرخێکی یەکجار زۆر توانی بێتاوانیی خۆی ئیسپات بکات! پەکوو چ گران کەوتە سەریان! ژنی کڵۆڵ چۆن بۆ سی دینار خۆی دا بە کوشت! لای وا بوو بە لەناوچوونی ئەو سی دینارە ئەکەوێتە سواڵ، نەیزانی ئەبێ بە خوێنی. جوامێر لەم بیرکردنەوانەدا بوو هاتنە خوارەوەی چوار پێنج کەس لە کێوەکەی دەستە ڕاستیەوە سەرنجی ڕاکێشا و زنجیرەی بیرکردنەوەی پسان، کە نزیکتر بوونەوە دی پێنج چەکدارن. لەگەڵ ئەوەشا کە ئەیزانی چەکداری ئەم کەژ و کێوانە دوژمنی میرین، دە ساڵی بەندیخانە وای لێ کردبوو لە هەموو چەکدارێک بسڵەمێتەوە، بۆیە بێ ئەوەی بیر بکاتەوە هەنگاوەکانی گەورەتر و ڕەوتی خێراتر کرد. بەڵام تەقەلاکەی بێسوود بوو، چونکە ڕێگەی چەکدارەکان لەبەردەمی ئەوەوە ئەیدا لە شەقامەکە. هیوای ئەوەشی نەبوو لەپێش ئەوانا لە دوو ڕێیانەکە تێپەڕ کات، چونکە ڕێگەی ئەم هەوراز و ڕێگەی ئەوانیش نشێو، هەر ئەتوت خل ئەبنەوە.

بیری کردەوە لە گەڕانەوە، بەڵام بۆ؟ لەبەرچی ئەم ترسە بێجێیەی لێ نیشتووە؟ ئەو چەکدارانە لەشکری ئازادکەری نیشتمانن، پۆلیس و سەربازی حکوومەت نین. زەردەخەنەیەکی تەریقی سەر لێوی کەوت و بە ویستنێکی دیارەوە ڕەوتی خۆی هێواش کردەوە. بەڵام ئەوەندە وا نەمایەوە کەوتەوە خێراڕۆیشتن، نەخێر کەوتە لاڕێگرتن. چەکدارەکانیش ئەتوت بۆ لای ئەم دێن، جاروبار لەپەنا دەوەن و لە چاڵ و چۆڵایەک دووانێکیانی لێ ون ئەبوو. بەڵام تێکڕا هەمیشە هەر یەکێکیانی لێوە دیار بوو. هەمیشەش لەم نزیکتر ئەبوونەوە.

― مەڕۆ کابرا!

یەکێکیان بانگی کردە جوامێر. ئەمیش قەڵەمی دەست و پێی شکا. مەڕۆی نەئەویست، چونکە بشیویستایە هێزی ڕۆیشتنی نەمابوو. هەر ئەوەندەی چاوترووکانێک گەیشتنە سەری و ئابڵوقەیان دا. سیانیان خۆیان لێ دا بە ئەرزا و لوولەی تفەنگیان تێ کرد و دووانەکەی کەش لێی هاتنە پێشەوە.

― کێی کابرا؟ بۆ کوێ ئەچیت؟ دەست هەڵبڕە!

جوامێر تەقەلایەکی زۆری دا تا بە دەنگێکی نەلەرزۆکەوە بێباکانە بڵێ:

― بابایەکی ڕێبوارم ئەچم بۆ لادێی «گوڵان».

دوو چەکدارەکە بەیەکەوە دایانە قاقای پێکەنینێکی دەسکرد و یەکێکیان وتی:

― بە خوا شتێکی باشە! لاشەی سووتاو ئەژمێریت یا خانووی ڕووخاو!

جوامێر تێ نەگەیی کابرا چی ئەڵێت، بۆیە نەیزانی چۆنی وەرام بداتەوە.

حەپەساو لە نێوانیانا وەستابوو چاوی ئەگێڕا بەشکوو بزانێ گاڵتەی لەگەڵ ئەکەن یان چی!

چەکداری یەکەم بە تووڕەیییەکەوە تێی خوڕی:

― قسە بکە بزانم بۆچی دەمت بوو بە تەڵەی تەقیو؟ ڕاست بڵێ کێیت و بۆ کوێ ئەچیت؟

جوامێر کە تا ئەهات زیاتر لە مەترسیی دەوروبەری ئەگەیشت هەتا توانی بەشێنەیی وتی:

― ناوم جوامێر بایزە، ئەچم بۆ دێی گوڵان، خێزانەکەم لەوێیە. لە ماڵی پوورێتی، ئەچم ئەیهێنمەوە.

چەکدارەکە شیڕانی بە سەریا وتی:

― کابرا تۆ یا زۆر کەری یان زۆر زۆرزانیت؟

چەکداری دووەمیش هەڵی دایە وتی:

― وە یاخود ئێمە بەکەر ئەزانیت!

چەکداری یەکەم وتی:

― بەڵێ وایە یا ئێمە بەکەر ئەزانێت!

چەکداری دووەم وتی:

― هیچ دوور نییە جاسووس بێت میری ناردبێتی بزانێ ئەنجامی بۆردومانە دڕندانەکەیان چی بووە!

یەکەم وتی:

― بەڵێ هیچ دوور نییە.

سێیەم لە پەنا بەردەکەوە قیڕانی:

― بێگومان جاسووسە. بۆچی ئەوەندە لەسەری ئەڕۆن؟ ئا لاچن بیکەم بە قوربانی گوللەیەک!

چەکداری یەکەم تەماشایەکی پڕسەرزەنشی چەکداری سێیەمی کرد وتی:

― بیرت چووەوە، هەمووی پێرێ پێیان وتین کە جاسووس نابێ بکوژین، ئەبێ بیبەن بۆ بارەگا لەوێ مەعلووماتی لە ژیانی گەلێ بەنرختری لێ وەرئەگرن، ئەوسا ئەگەر ویستیان ئەیکوژن.

کابرا بێدەنگ سەری داخست. جوامێریش وەکوو شتێ تاس ئەیبردەوە.

ئەمە چییە؟ خەوە، ڕاستە! جاسووسی چی؟ کوشتنی چی؟ هانای بردە بەر هەموو ژیری و ورەی خۆی و ڕووی کردە چەکداری یەکەم و پێی وت:

― کاکی خۆم من جوامێر بایزم ناوە، تازە لە زیندان هاتوومە دەرێ، دە ساڵ بەندی بووم، لەسەر کوردایەتی گیرابووم، ژن و کوڕەکەم ئەمە مانگێک مانگ و نیوێکە بەسەردان چوون بۆ دێی گوڵان، ماڵی پووریان لەوێیە، ئەچم ئەیانبەمەوە بۆ شار، ئیتر نە جاسووسم و نە مامووس!

چەکدارەکان هەرزەکارتر بوون لەوەی ناوی جوامێر بایزیان بیستبێ، جگە لەوەی کە قسەکانی بە لای ئەوانەوە ئەگەر درۆشی لێ نەباریایە، کەرێتی یا شێتیی لێ ئەباری. بەڵام ئەوەی تیابوو کە جوامێر قسەکانی ئەوەندە لەسەرخۆ و بەدڵنیایی ئەکرد دوو چەکدارەکەی نزیکی باوەڕیان شڵۆق بوو بەوەی کە ئەم کابرایە جاسووس بێت. هەر هیچ نەبێ لەبەرئەوەی کە جاسووس نابێ ئەوەندە کەر بێت!

جوامێر کە دی بێدەنگن باوەڕی زیاتر بە خۆی پەیا کردەوە وتی:

― هیچ قسەی پێ ناوێت. هەمووی چارەکەڕێیەک لێرەوە دوورە، بۆ ڕاستی و درۆ وەرن لەگەڵم!

هێشتا قسەکەی تەواو نەکردبوو یەکێ لە چەکدارە دوورەکان وتی:

― هیچ مانای نییە گوێ بگرین لەم قسە قۆڕانە. ئێستە لای من هیچ گومانی تیا نەما کە ئەم کابرایە جاسووسە. ئەڵێن کورد بدوێنە شەرعی خۆی ئەکات! ئەڵێ بەندی بووم تازە بەردراوم، بۆیە بەردراوە کە جاسووسی بۆ میری بکات. ئەگینا چ بەندییەکی خۆنەفرۆشی نیشتمانی هەیە دوای دە ساڵ زیندان میری بیهێنێتەوە بۆ ئێرە، بۆ ناو جەرگەی شۆڕش! یاڵڵا دەی ئەیبەن بیبەن و ئەیکوژن بیکوژن!

― جوامێر هاواری پێ کەوتەوە قیڕانی:

― باوکم هەی لە ڕێی خوادا، لە ڕێی پێغەمبەرا بۆ بە ناهەق ئەمکوژن، ئەڵێم وەرن لەگەڵم بۆ دێیەکە، ئەگەر درۆم کرد ئەوسا بمکوژن. خێزانەکەم لە ماڵی مام پیرۆتە، بێگومان ئەیانناسن.

چەکداری یەکەم بەتووڕەیییەکی تەواوەوە نەڕانی بەسەر جوامێرا وتی:

― بیبڕەوە، ئەم قسە قۆڕانە، بەڵام دا لە چارەت! سەرت بە گۆڕی بابی خۆت و ئەوەی کەری وەکوو تۆ ئەنێرێت بۆ جاسووسی. پێمان وتی گوڵان ئەمە مانگێکە بە بۆردومان کاول کراوە، داری بەسەر بەردەوە نەماوە و ماڵی ئەو مام پیرۆتەی تۆ ئەیڵێیت، نەک زەلام، گیانلەبەر گیانی لێ دەرنەکرد، هەر لاشەی کەسیشیان نەدۆزرایەوە. «ڕووی کردە هاوڕێکانی»:

هەستن با بیبەین بۆ بارەگا!

هێشتا چەکداری یەکەم لە قسەکانی نەبووبووەوە جوامێر بە لادا هات.

کەوتنەکەی هێندە لەناکاو بوو چەکدارەکان وایان زانی ئەیەوێ پەلاماری تفەنگی چەکداری دووەم بدات، کە بە لای ئەوا هەرەسی هێنابوو، بۆیە ئەو ئایەکی بەرزی لە دەم دەرچوو. وەکوو کێچ بەرز بووەوە و دووەمیشیان هەتا توانی قۆناغە تفەنگێکی گەیاندە ناوشانی جوامێر، کەوا تەنیا بە لاداهاتنەکەی لە شکان ڕزگاری کرد.

***

جوامێر کە هۆشی هاتەوە بەرخۆی لەپێشا بیری نەکەوتەوە لەکوێیە. کە خۆی کێشایەوە ناوشانی دایە زریکە، ئەوسا بەسەرهاتەکەی هاتەوە بیر.

لەگەڵ ئەوەشا ڕووداوەکە ئەوەندە ناخۆش و بەسام بوو باوەڕی بە خۆی نەئەکرد، کە لە خەوا بەسەری هاتووە یان بەڕاستی لێی قەوماوە! چۆن ئیستا هەموو شتێکم لە چاوترووکانێکا لەکیس ئەچێت، هیوا و کاڵێ و سەربەستی و سەربەرزیش. نەء، باوەڕ ناکەم، نە خەڵک و نە خوا ئەوەندە دڵڕەق بن! ئەم هەموو فەلاکەت و دەردە و بەڵا و کڵۆڵییە بەسەریەکەوە بەجارێک بکرێ بە گژ تاقە یەک کەسی بێتاوانا! نەء نەء! ئەمە یا ئەبێ خەو بێت یا درۆ. بەڵام بۆ درۆ بێت بە چ نیازێ ئەو چەکدارانە درۆم لەگەڵ ئەکەن؟

بە نیازی ئازاردانم! بەڵام نەء، ئەو سستی و خاوی و ماتەمینییەی لاوەش هەر نیشانەی ڕاستیی ئەم کارەساتە بوو. بەسەزمانە ئەیزانی چی قەوماوە و دڵیشی نەئەهات بە منی بڵێ. منیش پێم نابووە ڕێسی ملی، بێگومان ئەم سەفەرەی دواییشی هەر بۆ ئەوە بوو کە خۆی لە من دوور خاتەوە، هەتاوەکوو ئەمە خوایە لە سەرچاوەیەکی کەوە بە ماڵوێرانییەکەم ئەزانم! لەمە زیاتر هیچ مانایەک نابینم لە جووڵانەوەی سەیری لاوەدا. هەرچەندە ناوی هیوا و دایکیم ئەبرد، ڕەنگی زەرد هەڵئەگەڕا. ئێستا دەی، ئەمانە هەموو قسەن، چی بکەم؟ چۆن ئەم بەڵایەم پێ هەڵئەگیرێت؟ وایش هیوا گیان! باوکەڕۆ براڕۆ!

گەرووی پڕ بوو لە گریان، ئەویش بێپەروا بەستی بۆ شکان. فرمێسک هۆن هۆن بە چاویا ئەهاتە خوارەوە. بۆ چوون؟ بۆ چوون بۆ لادێ! ماڵیان وێران کردم. خەڵک لەم ئاخۆران و بخۆرانەدا لە لادێوە ڕا ئەکاتە شار. لە بەختی ڕەشی من کاڵێ لە شارەوە ئەچێتە لادێ. ئەچێ بۆ ماڵی پووری. ماڵی پوورت کاول بێ وەک کاول بوو. ئەڵێن لاشەی کەسیان نەدۆزیوەتەوە! ئۆف خوا ئێستا گۆڕیچەیەکیشیان نابێت بچمە سەری تێر تێر فرمێسک بڕێژم.

بە خوا مەرگێکی ناخۆش مردن. ئەو ساتەی من لە خۆشی خۆشی بەرەڵڵابوون و بەوان گەیشتنا بووم، ئەوان بۆمبا پارچەپارچەی ئەکردن.

بەڕاستی دوژمنێکی بێشەڕەف و دڵڕەقمان بووە بە تووشەوە. خۆشمان گەوجین، ئاخر تو خوا ئەمە چ شەڕێکە! تا کەی ماڵوێرانی! تا کەی قوڕبەسەری! من چیمە بە سەرەوە خوای ئەکرد قڕیان ئەخستە یەکتر.

(سەرێکی با دا وتی): نەء، پەشیمانم خوایە! وا دیارە ئەم کارەساتە ناکاوە جەرگبڕە ئەقڵیشی تێک داوم، چۆن من هیچم نییە بەسەر ئەم شەڕەوە، ئەی ئەوە نییە ئەڵێن هیوا و کاڵێمی تیاچوون. ئەی وا خەریک نییە خۆشمی تیا بەدناو و پیاوخراپ ئەبم. ئەم گرتنەم شەرم و شوورەیییە بۆ هەمووان، چۆن ئەبێ من بگیرێم! منێ دە ساڵ لاویم لەم ڕێیەدا لە بەندیخانەدا بەسەر بردبێت؟ بە چ ئاین و باوە ڕێک ڕەوایە بگیرێم! ئەمە زوڵمە! هەمووی گوناهی ئەم مناڵە وردکانەیە. وەیش چۆن دڵم یەت! ئەم مناڵە وردکانە گوڵی شۆڕشن، لاوی گەلن، گورچو و هیواین. هیوا گیان بە هەر لایەکا ئەڕۆم و لە هەرچی شتێ بیر ئەکەمەوە تۆم یەیتەوە بیر و سەر زار! کوڕە چۆن، چۆن شتی وا ئەبێ، چۆن زوڵمی وا ئەکرێت؟ نانا ئەمانە هەموو قسەی هیچن. من چۆن ئەبێ بە قسەی ئەم مناڵە وردکانە باوەڕ بکەم! ئەوانە کەی جێی باوەڕن، بەتایبەتی لە مەسەلەیەکی وا گرنگا. خۆم ئەچم بە پێ و شوێنیەوە، ئەگەر سەرم داناوە ئەچمە بنج و بناوانی کارەکە. خۆ ئەگەر خوا نەکەردە نەشمابن ئەوا دەنگوباسێکی ڕاستی چۆنێتیی مردن و ناشتنیان ئەزانم و لەم دۆزەخی گومانە ڕزگارم ئەبێ و ئەکەومە دڵنیاییی نائومێدییەوە.

دەردی دایکم ئەیوت ڕەزام بە ڕەزای خوا. ڕەزاش نەبم چارم چییە؟ هەر ئەبێ بڵێم ڕەزام، خوا وای لە چارە نووسیبووم! هیچ کەس دەسەڵاتی نامێنێ لە عاستی مردن، نەخوازەڵا منی بێدەسەڵاتیش! بەڵام ئەم گرتنە ناڕەوایە لێی تێک داوم. وا تازە دونیاش تاریک بوو. بێگومان ئیتر کەس نایە بە لای منەوە. نەء، خۆ لەبرسا نامکوژن! هەر یەکێک دێت خەپلەیەکم بۆ بێنێت، پێی ئەڵێم بمبات بۆ لای گەورەکەیان. ئاخۆ کێ بێت؟ ناسیاو بوایە چاک بوو! لەکوێ ناسیاو ئەبێت؟ نازانم هاوتەمەنەکانی من ئەڵێیت هەموویان قڕیان تێ کەوتووە و مردوون و گیراون یا بەزیون و هەڵاتوون. لەم چەشنە خەیاڵانەدا بوو دەرگای ژوورەکەی کرایەوە. زەلامێک کردی بە ژوورا، کولێرەیەک و دۆلکەیەک بە دەستەوە. پێی وت:

― ئەمە شێوەکەتە بۆم هێناوی. هەموومان ئەم ئێوارەیە نان و چا ئەخۆین تۆش وەکوو ئێمە!

جوامێر لەسەرخۆ و نەختێ بەکزییەوە وتی:

― باشە باوکەکەم زۆریشی زیادە. بەڵام تۆ پێم بڵێ کەی پرسیارم لێ ئەکەن و ڕزگارم ئەکەن؟ بەشکوو بچم هەواڵێکی ئەو مناڵانەم بزانم.

خێرتان ئەگات لە ڕێی خودادا خۆ ئێوە کوردن! کوڕەکە بەبێ ئەوەی نقە بکات چووە دەرەوە و دەرگاکەی لە پشت خۆیەوە داخستەوە. جوامێر خەنجەرت لێ بدایە خوێنی لێ نەئەهات.

کەچی ئەوەندەی پێ نەچوو کوڕەکە گەڕایەوە و هەروا لە دەرگاوە پێی وت:

― پرسیم ئەڵێن دوو ڕۆژی تر لێکۆڵەرەوە دێت بەتایبەتی بۆ مەسەلەکەی تۆ، ئەگەر ئەو نەهات تۆ ئەنێرن بۆ لای. هەرچۆنێک بێت ئەگەر بێتاوان بیت هیچ ترست نەبێت! ئێمە زۆر جار تۆبە لە تاوانباریش قبووڵ ئەکەین، ئەوەندە دڵفراوانین، بۆیە سزاکەت زۆرتری بەندە بە خۆت و کرداری خۆتەوە!

وای وت و دەرگاکەی پێوە دایەوە و ڕۆیشت.

جوامێر تەنانەت هەلی ئەوەشی نەبوو کە وەرامی بداتەوە. بەڵام وەرامی کێ؟ هەر نەئەبوو لە سەرەتاوە قسەی لەگەڵ بکەم. چاویان دەربێت، چاوی منیش دەربێت، ئەڵێیت ژنم ئەپاڕێمەوە «... خێرتان ئەگات لە ڕێی خوادا ...» عەمرت نەمێنێ پیاو! بەڵام لێ دایت بۆ خۆت و غیرەتت! نەخێر پێویستە ئیتر بکەومە تلیلیلی، چونکە بێتاوان سزا نادەن! وەک نەزانم کابرای چایچیی قوڕبەسەر چۆن بێتاوان خراوەتە ژووری زیندانەوە! کوڕە تاوانبار و بێتاوانی چی؟ بە هەرچی سوێند هەیە هەموو دەسەڵاتدارێک لە عاستی ڕاستی و هەژاری، یا کوێرە یا کەڕ!