٩

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 20 خولەک  1027 بینین

شاهۆ ڕووی کردە جوامێر وتی:

― دەی با شەوەکەمان بەم قسانە بەسەر نەبەین، هەموو جارێک تۆمان دەست ناکەوێت، فەرموو ئەگەر پێی سەغڵەت نابیت نەختێ باسی بەندیخانەمان بۆ بکە.

هەموویان وتیان:

― ڕاست ئەکات نەختێ باسی بەندیخانە و گرتنەکەتمان بۆ بکە. نەک هەر ئەوان لە یاریکەرەکانیش کاوە و بێباک دەستەکانیان کرد بە ژێر کاغەزەکانی سەرمێزەکەوە و وتیان:

― بە خوا بەسە ئیتر ئێمە یاری ناکەین، گوێ لە قسەی کاکە جوامێر ئەگرین! ئەوانیش هاتن دەوریان لێ دا. جوامێر سەرێکی هێنا و سەرێکی برد، تەماشای کرد چارەی نییە ئەبێ هەندێ قسە بۆ ئەو خەڵکە بکات، کە دی هەموو بێدەنگ چاویان بڕیوەتە دەمی وتی:

― بەڕاستی نازانم باسی چیتان بۆ بکەم، یا ڕاستتر نازانم لە کوێوە دەست پێ بکەم؟

شاهۆ وتی:

― باسی هەر بەشێ یا بارێکی ژیانی ئەم دە ساڵەی خۆتمان بۆ بکەی بیکە، شەوگار درێژە و ئێمەش پڕ تاسەین. هەرچی بڵێیت بە لای ئێمەوە تازەیە.

جوامێر دیسان هەر بێدەنگ بوو. وا دیار بوو ئەگەڕا بۆ سەرە داوێک لەپڕ بێباک هەڵی دایە:

― جارێ بەر لە هەموو شتێک ئەوەمان پێ بڵێ تۆیەک کە وازت لە هەموو شتێک هێنابوو کام شەیتان چووە بن کڵێشەتەوە کە ببی بە سەرکردەی خۆپیشاندانێکی وا گرنگ لە ڕۆژێکی وادا؟

جوامێر نەختێ بە توندی و سەرسوڕمانەوە وتی:

― چۆن، ئێوەش لەو باوەڕەدان کە من سەرکردەی خۆپیشاندانە خوێنینیەکەی ٢٥ی تشرین بووم؟

وەکوو گەڕەلاوژە هەرکەسەیان لای خۆیەوە وتی:

― ئەی چۆن! کەس هەیە ئەوە نەزانێت کە تۆ سەرکردەییی ئەو بەشەی خۆپیشاندانەکەت کردووە کە ئەیویست بدا بەسەر قوللەی پۆلیسی ...دا، چەکەکانیان ببەن و دایەرەکەش بسووتێنن! کێ هەیە باسی ئازایەتی و قارەمانیی تۆ و خەڵکەکەی نەبیستبێت ... خەڵکی کردبوویان بە گۆرانی و شیعریان بەسەرا هەڵئەدا!

جوامێر دوای کپبوونەوەی ئەوان بە زەردەخەنەیەکی بزڕکاویی تفتەوە وتی:

― داخم ناچێ! زۆر ئەترسم بەشی زۆری مێژووش هەروەها نووسرابێتەوە؟

باوەڕم پێ بکەن چەند ئەو کەسانەی ئیمپریالیزم بە ناوی گەورە و نوێنەری ئەم وڵات و گەلەوە هێناونییە کایەوە و بەڕاستی گەورەی ئەم وڵات و گەلەن و پەیوەندییان لەگەڵیانا هەیە، منیش ئەوەندە سەرکردەی ئەو خۆپیشاندانە خوێنینە بووم وە هەر ئەوەندەش پەیوەندیم لەگەڵیانا بووە.

گوێگرەکانی وەکوو باوەڕ بە گوێی خۆیان نەکەن، بەسەرسامییەوە تەماشای یەکتریان ئەکرد. جوامێریش لەسەر قسەگێڕانەوەی خۆی ڕۆیشت:

― ڕاستییەکەی ئەمەیە کە کاتێ من بریندار کرام لای کتێبخانەی گشتیەوە بووم نەک لای قولەی پۆلیسی ... وە وەکوو بڵاو کرایەوە بەڵام ئەوە ڕاستە کە من لەپێش خۆپیشاندەرەکانەوە بووم ئەویش تەنیا هەر لەبەر ئەوە بوو کە لەدوای هەمووانەوە بووم. بەدبەختی و چارەڕەشی وای سازاند کە من لەو کاتەدا کارێکی زۆر پەلە و گرنگم هەبێ و ناچاربم لە ماڵ بێمە دەرێ ... کە لە ماڵێش هاتمە دەرێ چەند مردووی گردی سەیوان خۆپیشاندانی پارتی لەبیر بووە منیش ئەوەندە! بۆ ئەوەی بەپەلە بگەمە ئەو شوێنەی بۆی ئەچووم پێویست بوو بە بەر دەرکی سەرادا تێ پەڕم کە نزیکترین ڕێگا بوو. کە دیم مڵەمای لێ بڕاوە مەلی لێ دەرناچێت بەڕاکردن گەڕامەوە تا وەکوو لە لایەکی کەوە خۆم بگەیەنمە شوێنەکە. بۆ بێوڵەتیی من لەو کاتەدا لە سەربانی سەراوە مەیدانەکە درایە بەر دەسڕێژی شەستیر، خەڵکەکە بەناچاری کشانەوە ناو کۆڵانەکان و کەوتنە هەڵاتن، ئینجا جەنابم کە لەگەڵیان نەبووم و لەدوای هەمووانیشەوە بووم کەوتمە پێش هەمووانەوە و بەم جۆرە ئاوەژووە بووم بە پێشڕەوی خۆپیشاندانەکە و یەکێ لە سەرکردە ناودارەکانی بزووتنەوە! وە هەر لەبەر ئەم سەرکردەیییە درۆزنەیەش بوو کە پاش چەند هەفتەیەک بە برینداری و شەلەشەل، لەگەڵ ٤١ کەسی ترا بردیانم بۆ بەردەمی عورفی و ژەندرمە پیاوکوژەکان هاتن بۆ شایەتی، کە نۆرە هاتە سەر من سەرەکی دیوانی عورفی بەتەوسەوە وتی:

― هەر ئەو شەلەیان یارمەتیی عەدالەتی داوە، شایەتی دژی خۆی لەگەڵ هێناوە، لەبەر ئەوە پێویستە ئەم چاکەیەمان لەبیر نەچێت! جا ئەوە بوو لە ئەنجاما بەبێ لێپرسینەوە و قسە و باسێک دە ساڵیان دا بە تەنگەما، کە قورسترین حوکم بوو لەو ڕۆژەدا درابێت. ئەمە بوو داستانی پێشڕەوی و سەرکردەیییەکەی من. ئەگینا خۆ شتێکی ئاشکرایە کە بۆ خۆهەڵکێشان و فیز ئەوە باشترە کە خۆشم بچمە سەر قسەی میری و خەڵک و بڵێم بەڵێ من سەرکردە و پێشڕەوی خوپشاندانە خوێنینەکەی ٢٥ی تشرین بووم! بەڵام هەرگیز ئەو درۆیە بە خۆم ڕەوا نابینم. دە ساڵ بەندێتییەکەم بەفیڕۆ بووبێت لام لەم درۆکردنە خۆشترە.

دوای بێدەنگییەکی باش کە هەردوو لۆوکوڕ و دەڵوی کۆنکەنکەرەکان ئەیشێواند شاهۆ وتی:

― بە لای منەوە ئەم ڕاستیوتنەت لە سەرکردەییکردنی ڕاستەقینەی خۆپیشاندانەکە جوامێرانەتر نەبێ کەمتر نییە!

جوامێر بێ ئەوەی گوێ بداتە ئەم پیاهەڵواسینەی شاهۆ، هەر وەکوو جەمسەری بیرەوەریی دۆزیبێتەوە و لە دەروونەوە هەستی پێویستیی هەڵڕشتنی دەردی دڵی بکات، بە ڕقێکی لەپڕ هەستاوەوە کەوتەوە قسەکردن:

― ئەوەی نەکەوتبێتە بەردەستی ئەم کاربەدەستانەی میری ناتوانێت بزانێت چ جانەوەرێک و پیاوخۆرێکن، ئێستەش لەشم موچڕکی پیا دێت کە یەتەوە بیرم یەکەم جار دوای بریندارکردنەکەم چاوم کردەوە چیم دی!

هەموو بریندار و کوژراوەکانیان لە داڵانی سەراکەدا کەڵەکە کردبوو لەسەریەک. هاوار و نرکە و ناڵە و زریکە و پاڕانەوە و جنێویان وەک خوێن و ئێسک و گۆشتیان تێکەڵ بوو. لە هەمووان بەختیارتر ئەوەیان بوو کە گیانی دەرچووبوو، چرا کزەکەی ژوور سەریشمان دیمەنەکەی ئەوەندەی تر پڕسام و ناشیرن کردبوو، من کەوتبوومە قوژبنێکی داڵانەکەوە، کە هۆشم هاتەوە بەرخۆم هەستی قورسایییەکم کرد لەسەر سنگم، دەستم لێ کوتا سەری زەلامێک بوو، بەئەسپایی گرتم و گوڕم دایە خۆم تا لەسەر سنگم لای بەرم ئەشکنجم دایە زریکە، دەستم لە سەری زەلامەکە بەربوو وەک مردوو خزایە خوارەوە، بیرم کەوتەوە کە ئەنگێوراوم، هەرچۆنیک بوو خۆم زیاتر کێشایەوە دواوە و پاڵم دا بە دیوارەکەوە. ئەوەندەی هێزی خۆم و ئازاری زامەکەم و شەوقی چراکە یارمەتییان دا سەرم لە کابرای تەنیشتم بردە پێشەوە و لێی ورد بوومەوە، دیم لاوێکە تازە خەتی داوە چاوی نیوەنووقاو بوو، بە ساردوسڕیی دەستیا وا دیار بوو دەمێک بوو گیانی دەرچووبوو، هەموو شوێنێکی گیانم لەکەڵک کەوتبوو، نە مێشک توانای لێکدانەوە و نە چاو تینی سەیرکردن و گریان و نە دەست و پێ هێزی جووڵانەوە و نە دڵیش ماوەی خەفەتخواردنی مابوو. وەکوو شتێک ئەوان پەکیان کەوتبوو، ئەمیش لە خەم پاراو بووبوو. خۆشم نەمئەزانی ئەبێ چی بکەم.

لەپڕ منیش وەکوو بریندارەکانی تر کەوتمە هاوار هاوار کە نەختێ ئاومان بدەنێ کە بمانبەن بۆ خەستەخانەیەک، کە هەر هیچ نەبێ دەسڕێژێکی کەمان لێ بکەن بمانکوژن و ببڕێتەوە. گوڕم دایە خۆم زامەکانم دایەوە زریکە، وا دیار بوو لە وزەما نەبووبوو بەرگەی ئازارەکەی بگرم، دیسانەوە لە هۆش خۆم چووبوومەوە. کە چاوم کردەوە، نازانم پاش چەند، خۆم دی لە ژوورێکی بچووکی نزما لە سەر چارپایەکی ئاسن ڕاکشاوم، قاچە زامارەکەم پێچراوە و قاچەکەی تریشم لەگەڵ دەستی ڕاستم بە زنجیرێکی ئەستوور بە پێچکەی چارپایەکەوە بەستراون. دووەم ڕۆژ بوو پاش هاتنەوە سەرخۆم دوکتۆرێک هاتە ژوورەکەم، چاوێکی بەو پارچە مەقەبایەدا خشاند کە لە ژوور سەرم هەڵواسرابوو ئیتر بێدەنگ و خێراتر لە هاتنە ژوورەوەکەی گەڕایەوە دەرێ. ڕۆژێ جارێک برین پێچێک ئەهات سەیری برینەکەی ئەکرد تیماری ئەکرد، سەروچاوی ئەوەندە گرژ و مۆن بوو زاتم نەکرد بیدوێنم بزانم لەکوێم، برینەکەم لەچیدایە چیم لێ ئەکەن؟ کەچی بۆ ڕۆژی سێیەم لە خۆیەوە کەوتە قسەکردن، لە پێشەوە لێی ترسام نەوەکوو قسەم لێ دەربێنێت لە پاشا کە دیم زۆر بەترسەوە قسە ئەکات، لەبەر چاوی ئیشکەرەکانی تر زۆر توندوتیژ لەگەڵم ئەجووڵێتەوە دڵنیاییم پەیا کرد بەرامبەری. بەهۆی ئەوەوە زانیم کەوا گوللەکە بەر ئێسک نەکەوتووە تەنانەت وەکوو چاوەڕوانیش ئەکرا بەر ڕیخۆڵەشم نەکەوتبوو هەرچەند دوکتۆر سکیشی هەڵدڕیبووم چونکە شوێنی دەرچوونی گوللەکەیان بە سمتمەوە نەدیبوو. هەروەها پێی وتم کە من تەنیا بریندارم لەم شوێنەدا، کە هەواڵی بریندارەکانی کەم لێ پرسی وتی بردوویاننە خەستەخانەی عەسکەری ئەویش چونکە من بە سەرکردەیەکی گەورە ئەزانن نەیانویستووە لە شوێنێک دامنێن نەوەکا پەیوەندی بە کەسەوە بکەم، کە پێی وتم لەکوێم قەڵەمی دەست و پێم شکا. لە دایەرەی ئاسایشی گشتی دانراوم و تیمار ئەکرێم! هەمووتان ئەزانن ناوی ئەم دایەرە پیسە چ سامێکی هەیە لە دڵی خەڵکا. زۆر کەس هەن ئامادەن کە بەسوپاسەوە پانزە بیست ساڵ حوکم قبووڵ بکەن بە شەرتێ نەیانبەنە ئەو ئازاردانخانەیەی ئەڵێن کەم کەسی بە زیندووێتی لێ هاتووەتە دەرێ. لەگەڵ ئەو هەموو سام و ترسەشا کە لێم نیشتبوو ویستم بەرامبەر بە کابرای برینپێچ خۆم نەشکێنم. بۆیە بێباکانە پرسیم: باشە کە لە ئەنجاما هەر ئەمکوژن ئیتر ئەم مەسرەف و لەگەڵ خەریکبوون و چاککردنەوەیەی بۆ چییە؟ هەروا لێم بگەڕانایە بە برینەکەمەوە ئەمردم یا بیانکردمایە بە قوربانی گوللەیەکی تر، خۆ گیانی من لە هیی ئەو شەهیدانە شیرنتر نییە! وا دیار بوو دەنگم لە پێویست زیاتر هەڵبریبوو بۆیە کابرای برینپێچ ڕەنگی هەڵبزرکا و دەستی گرت بە دەممەوە وتی: بەسە، بەسە لە رێی خوادا بیبڕەوە، گوێیان لێ بێت منیش ئەخەنە پاڵ تۆ مناڵم وردە و بەرگەی ئازاردانیش ناگرم. هەر لە قسەکانی بووەوە یاساوڵێک کردی بە ژوورا و بەتوندییەکەوە پێی وت: چیتە ئەوە لێ نەبوویتەوە؟ سەگبابە لە من و تۆ ساغترە هەق وایە بیبەن، خۆ دابەستە نییە لێرە قەڵەوی کەین!

چەند ڕۆژێک بەسەر ئەم قسەیەدا تێ پەڕیبوو برینپێچەکە هات و بەماتییەکەوە لە ژێر لێوەوە وتی: بە خوات ئەسپێرم ئیتر یەکتری نابینینەوە منیش بەسەرسوڕمانێکەوە وتم: چۆن خۆ هێشتا برینەکەم چاک نەبۆتەوە.

بە تەواوی لە قسەکەم نەبووبوومەوە دوو یاساوڵ کردیان بە ژوورا و یەکێکیان بەتووڕەیییەکی بێجێوە وتی:

― هەستە دەی خۆت کۆ کەرەوە و پێشمان کەوە!

― خۆ کۆکردنەوەی چی؟

― سەگبابە دێتەوە بە گژ دەمیشمانا ...

لەسەرخۆ وتم:

― بەگژدەماچوونی تیا نییە، چیم هەیە تا کۆی بکەمەوە؟ فەرموون با بڕۆین!

بە شەلەشەل پێشیان کەوتم. یەکێکیان وتی:

― ڕاست بڕۆ خۆت شەل مەکە نەختێکی تر فێری سەما و هەڵپەڕکێت ئەکەین!

هەرچەندە لە گیانی خۆم وەڕس بووبووم ئەمویست بنەڕێنم بە سەریا و هەرچی داخی دڵم هەیە پێی بڕێژم، بەڵام پێش ئەوەی دەم هەڵبێنمەوە زابتێکی لاوی کەڵەگەت لە ژوورەکەی تەنیشتمەوە هاتە دەرێ وتی:

― ها جوامێر ئەوە تۆی؟ ئەوە بۆ کوێی ئەبەن؟ وەرە بزانم مەسەلە چییە؟

بەئەسپایی پەلی ڕاکێشام و بردمیە ئەو ژوورە کە لێی هاتە دەرێ و دەرگای پێوە دا، وتی:

― فەرموو دانیشە، چی ئەخۆیتەوە؟ چا، قاوە یا ترش؟ برینەکەت چۆنە؟

سەرم لەم کارە سوڕ ما هەرچەند بیرم ئەکردەوە بە خەوی شەوانیش ئەم کوڕەم نەدیبوو، ئەی ئەم هەموو لوتف و پیاوەتی و دۆستایەتییە چییە!

هەر وەکوو حەپەسانەکەم شتێکی لە پرسیارەکانی مێشکم بۆ درکاندبێ بەڕوویەکی خۆشەوە وتی:

― بێگومان تۆ من ناناسیت چونکە ئێمە یەکتریمان نەدیوە، بەڵام ئێمە پێویستە پیاوی وەکوو تۆ بناسین، ئەم بەیانییەش لە نووسراوەکانی بەردەمما ناوتم دی کەوا ئیمڕۆ ئەتهێنن بۆ لای ئێمە بۆ لێکۆڵینەوەی مەسەلەکەت منیش ئەمەم بە هەل زانی بۆ خۆپێناساندنتان و ئەگەر بشتوانم خزمەتێکتان بکەم.

هات بە بیرما کە ئەمە چەشی داوەکەمە، جارێ ئەیانەوێ بە قسەی خۆش لەگەڵم خەریک بن. هەرچۆنێک بێت هەتا ئێستە کابرا قسەیەکی خراپی نەکردووە. کاری ڕاست بێ ئەگەر ئەویش وەکوو کابرای ژەندرمە بیدامایە بەر جنێو دەسەڵاتم چی بوو؟ با بزانین ئەم بۆ کوێمان ئەبات.

هێشتا هەر بێدەنگ ڕاوەستابووم وتی:

― فەرموو دانیشە.

دای لە زەنگێک کابرایەک هات بە دەنگیەوە، پێی وت کە دوو ترشمان بۆ بهێنێ و نەهێڵێ کەسیش بێتە ژوورێ.

خۆی خەریک کرد بە کاغەزەکانی بەردەمیەوە تا ترشەکانیان بۆ هێناین، ئەوسا لە کابرای دووبارە کردەوە کە هەر کەسێ هات بۆ لای بڵێ کاری گرنگی هەیە. لە جێگەکەی خۆی هەستا و هاتە لامەوە دانیشت. بەزەردەخەنەیەکەوە وتی:

― برینەکەت چۆنە؟ خۆ شوکور چاک بۆتەوە. باش بوو ئێسکی نەگرتبوو.

هەرچۆنێک بێت هەمووی پێنج و دوو ڕۆژێکە ئەمیش ئەبڕێتەوە، ئەچیتەوە ماڵی خۆت. هیوام وایە خراپ لەگەڵت نەجووڵابنەوە چونکە بەڕاستی ژەندرمەکانی ئێمە زۆر کەرن لەگەڵ هەموو کەس وەکوو یەک ئەجووڵێنەوە.

پیاوی چاک و خراپ لێک جیا ناکەنەوە. هەرچۆنێک بێت ئەگەر گلەیییەکت هەبێ ئەبێ لێمان ببووریت.

مێشکم وەختە بوو بتەقێت، چییە ئەم کابرایە چی ئەڵێت یا بە کێم ئەزانێت! بێگومان بەهەڵە چووە لە ناوەکەما. بەڵام نەء، ناونیشانی تەواوی خۆمی وت: جوامێر بایز خەڵکی ...

وا شپرزە بووبووم خۆشم نەمزانی چۆن وەرامی پرسیارەکانم دایەوە.

بەڵام وا دیار بوو قسەیەکی وام نەکردبوو دڵگیر ببێ چونکە بە ڕوویەکی خۆشترەوە لێم هاتە پێشێ و دەستێکی خستە سەر دەستم وتی:

― زۆر زۆرم پێ خۆش بوو کە ئەو بڕیارە زیرەکانەیەت داوە، لە تێگەیشتن، ژیریی تۆ هەر ئەوە چاوەڕوان ئەکرێت.

دەمم بوو بە تەڵەی تەقیو. بڕیاری چی؟ کەی من بڕیارم داوە لای کێ و لەکوێ داومە! لەپڕ هەموو لەشم نیشتە سەر ئارەق، نەمکردبێ لە کاتی بێهۆشی و بەنجکردنا وڕێنەم کردبێ یا قسەیان لێ دەرهێنابم، بەڵام چۆن؟ کە من هیچ نەزانم ئەتوانن قسەی چیم لێ دەربهێنن. وەکوو گێل لە خۆمەوە بە دەمیەوە پێکەنیم بەشکوو لەسەر قسەکەی بڕوا و چمکێکی باسەکەم بۆ دەربخات تا لە حاڵی خۆم بگەم، وا دیار بوو پێکەنینە بڵحانەکەم جێی خۆی گرتبوو، چونکە کابرا وتی:

زۆر ناڕەوا و زوڵم بوو لاوێکی وەکوو تۆ بەخۆڕایی لەپێناوی خەیاڵێکی بەنگ ... کێشانەدا خۆی فیدا بکات. ڕزگاری ... ڕزگاری ... ئازادی ... کێ ڕزگاری و ئازادی لە ئێوە سەندووە؟ چەند هەلپەرستێکی پایەپەرستی خۆپەرست ئەیانەوێت بەسەر لاشەی ئەم گەلە ڕەشوڕووتەدا بگەنە گەورەیی و دەسەڵات و ناز و نیعمەت ... چ بە تەنگەوەن سەدان لاوی وەکوو تۆ بەنرخ و خاوەن دواڕۆژی گەشی تیا لەناو بچێت و هەزاران ژن و مناڵ و پیری بێگوناهی تیا بکوژرێت! ئەوەندە کەرن وا ئەزانن حکوومەت هەروا بەئاسانی بە بمرێ و بڕووخێ هەرەس ئەهێنێت و خۆیان دێنە سەر حوکم.

گەلێکی لەم قسانە کرد، منیش پتت لێ بدامایە لێک ئەبوومەوە. ئەمەوێ لە مەسەلەکە حاڵی ببم، بزانم بڕیارگۆڕینی من چییە و ئەم هەتیوە چیی لێم ئەوێت. پاش لەکچەڕێکی دوورودرێژ لەبارەی بەهێزیی حکوومەت و چاکی و پاکی و دڵسۆزیی کاربەدەستان و خوێڕێتی و هیچوپووچی و ناپاکی و ناڕاستیی نیشتیمانپەروەوانەوە وتی:

― ئێستا کەوا من و تۆ لە یەک گەیشتین و تۆش بڕیاری خۆتت داوە ئەمەوێ پەیمانێک ببەستین نەک هەر بۆ ئێستەمان بۆ دواڕۆژیش، تۆ یارمەتیی من بدە و منیش یارمەتیی تۆ ئەدەم.

سەرم داخست نەمزانی چی بڵێم. کابرا لەسەر قسەی خۆی ڕۆیشت وتی:

― ئەو قسانەی داتناوە لای حاکم بیانکەیت ئێستە لای من بیانکە منیش یارمەتیت ئەدەم کە لە ڕۆژێک دوو ڕۆژ زیاتر نەمێنیتەوە بتگەڕێنمەوە ناو ماڵ و مناڵی خۆت و مانگانەکەشت زیاد کەین و لە نزیکترین هەلدا هەوڵت بۆ ئەدەم لای ... بەگ کە ئامۆزامە بتکات بە سەرۆکی دایەرەکەت!

قسەکانی وەکوو تیر کاریان لە جگەرم ئەکرد لەگەڵ ئەوەشا نەمویست بیانگرمە خۆم بۆیە خۆم لێ گێل کرد و وتم:

― قسەی وەکوو چی ئەفەرموویت؟

وتی:

― ئەوانەی بەڵێنت داوە لای حاکم بیانکەیت! وەکوو ناوی سەرکردەکانی ئەم بزووتنەوەیە، شوێنی کەلوپەل و چاپەمەنی و سەرچاوەی پوول و پارە، جێگای خۆشاردنەوەیان، پەیوەندییان لەگەڵ دەوڵەتە بێگانەکان و ئەم جۆرە شتانە. ئەو هیچی لە هەمانەکەیا نەهێشت و منیش نە توانا و نە بیانووی دان‌بەخۆداگرتنم ما. تێ گەیشتم کە نەک ژیان وا دواڕۆژ و ئابڕوو و نامووسیشم بەندە بەو قسەیەوە کە ئێستە ئەیکەم و ئەشبێ بیکەم بۆیە تەنیا هەوڵی ئەوەم دا کە لەژێر پەردەی کزۆڵەییدا بیکەم و بەس:

― ئەوی ڕاست بێ باش تێ ناگەم، بڕوام پێ بکە هەر لە سەرەتاوە لە بریندارکردن و گرتنەکەمەوە تا ئێستە هەموو بەسەرهاتەکانی خۆمم وەک سینەما دێتە پێش چاو. وەک فلیمێ کە خۆم تیا سەیرکەر بم نەک یاریکەر!

بڕیاری چی و بەڵێنی چی؟ هەموو ئەمانە لای من مەتەڵێکن کە هەر تێیان ناگەم نەخوازەڵا هەڵیان بهێنم. من فەرمانبەرێکی مووچەخۆری بچووک چیمە بەسەر ئەم جۆرە شتانەوە سەری خۆمم کز کردووە و دەستم گرتووە بە کڵاوی خۆمەوە با نەیبات.

کابرا نەختێ ڕەنگی لە تووڕەییدا زەرد هەڵگەڕا بەڵام دانی بە خۆیا گرت و بەزەردەخەنەیەکی بێ‌ڕەزاوە وتی:

― نە کاکی خۆم یەکجار واش نا. بەڵێ وتوویانە خۆ بەکەمگرتن جوامێرییە بەڵام خەڵک بەکەرزانینیش ژیری نییە.

بەپەلە و شڵەژاوی وتم:

― نا قوربان هیچ نیازم ئەوە نەبوو کە خوا نەکەردە جەنابتان بە تێنەگەیشتوو و نەزان دابنێم! هەیە ناوی ئێوەی نەبیستبێ! چەندان جەریمەی گرنگ گرنگتان دۆزیوەتەوە، ئێوە ...

بەنەختێ توندییەوە قسەکەی پێ بڕیم وتی:

― پێچ و پەنای پێ ناوێت، من ئەمویست تۆ ڕزگار کەم چونکە وام ئەزانی لە ساویلکەیی و دڵپاکییەوە تێ گلێنراویت و جوانکەی، بە گوناهم زانی بەخوتوخۆڕایی تیا بچیت، بەتایبەتی کە مەسەلەکەشت لە ڕۆژ ئاشکراترە و خۆشت بەڵێنت داوە کە هەرچی ڕاستی هەیە بە کاربەدەستانی بڵێیت!

― زۆر سوپاستان ئەکەم بەڵام باوەڕ بکە وا بزانم خراپیان تێ گەیاندوون من هیچ بەڵێنێکم بە هیچ کەسێک نەداوە کە ڕاستیی هیچ نهێنییەکی پێ بڵێم، چونکە هیچ نهێنییەک نازانم.

زابتەکە بەتووڕەیی هەستا لە لامەوە و چووەوە سەر مێزەکەی خۆی وتی:

― کوڕی باش خۆت گەوج مەکە، تۆ پێشڕەوی ئەو بەشەی خۆپیشاندانەکە نەبوویت کە هەڵیان کوتایە سەر دایەرەی ئاسایش لە گەڕەکی ... ناوێکی خۆشی هەیە ... وە ئەگەر ژەندرمەکان وریا نەبوونایە و زوو نەهاتنایە دەست هەموویانتان ئەکوشت و دایەرەکەتان ئەسووتاند و چەکەکانیشتان ئەبرد ... ئێستەش ژەندرمەکان هەموو شایەتن لەسەرت جگە لەوەی کە خۆت لەو هەرایەدا گوللەیەکت پێ کەوتووە و لە کاتی تیمارکردنەکەشتا زۆر شتت لای یاریەدەر «ن...» درکاندووە و بەڵێنت داوەتێ کە چاک بوویتەوە هەموو شتێک لای حاکم بڵێیت. سەرەڕای هەموو ئەمانە ناوی هەموو سەرکردەکانمان لە کاتی پشکنیندا دۆزیوەتەوە و بەشی هەرە زۆریشیان گیراون و دانیان بە تاوانی خۆیان ناوە و داوای لێخۆشبوونیان کردووە و ناوی جەنابیشت جوامێر بایز ... یان وەکوو یەکێ لە کادرە چالاکە پێشکەوتووەکانی پارتی هێناوە ... جگە لەوەی کەوا ناویشت لەو نووسراو و بەڵگانەدا هاتووە کە لە هێڵانەکانتانا دۆزراونەتەوە. جا ئێستا ئەفەرمووی چی؟ هەر سووریت لەسەر ئەوەی کە پیاوێکی بەسەزمانیت و ئاگات لە هیچ نییە؟ یا پیاوانە دیێتە دەست و چی ئەزانی ئەیڵێیت تا منیش ڕاپۆرتێکی جوانت بۆ بنووسم و شەو لە گیراوخانەدا ڕۆژ نەکەیتەوە؟

تا کابرا لەسەر قسەکردن ئەڕۆیشت باشتر ڕاستیی ئەو قسەیەی پێشینانم بۆ دەرئەکەوت کە ئەڵێ: «پیاو کە زۆری وت چاکیش ئەڵێ و خراپیش ئەڵێ».

چونکە بە درێژدادڕییەکەی هەندێ شتی وای بۆ دەرخستم کە بەتەواوی ڕاستیی هەموو قسەکانی خۆی لە بنچینەوە هەڵتەکاند، بەتایبەتی ئەوەی کە وتی ناوی من لە لیستەی کادرە چالاکەکانی «پارتی...»دا نووسراوە و سەرکردە گیراوەکانی پارتی ناویان هێناوم وەکوو یەکێک لە سەرکردەکان چونکە من هیچ پەیوەندییەکم بە «پارتی...»ەوە نەبووە و نییە و هیچ یەکێ لە سەرکردەکانیشی نە ئەمناسن و نە ئەیانناسم بۆیە لە وزەی هیچ پێ‌لێنەرێکا نییە هەر ناویشم بزانێت نەخوازەڵا وەک کادرێکی چالاکی پێشکەوتوو باسم بکات. هەروەها ئەگەر لیستەی ناوی هەموو ئەندامەکانی پارتییەکەشیان دەست بکەوێت بە ناوونیشانی تەواویشیانەوە ناوی منی تیا نییە و نابێت ...

کە دیم زابتەکە چاوی بڕیوەتە دەمم زۆر لەسەرخۆ پێم وت:

― هیچی تازەم نییە بیڵێم، ئاگام لە هیچ نییە و کەسیش ناناسم!

زابتەکە بێباکانە دەستی پان کردەوە و وتی:

― باشە ئارەزووی خۆتە! حەز ئەکەی قسە مەکە! بەڵام ئێمە ئەزانین چۆنت ئەهێنینە قسە! کەڕ و لاڵمان کردووە بە بلبل نەخوازەڵا یەکێکی وەکوو تۆ، ڕێگەکەیمان دۆزیوەتەوە!

تا ئەهات نائومێدی بڕستی ئەبڕیم و هەڕەشە و قسەکانی کابراش بێهوودەییی پاڕانەوە و لاڵانەوەی پێ ئەسەلماندم. زاتم نایە بەرخۆم و دەست‌لەخۆشۆرانە وتم:

― ها ها! نهێنیی بۆمبای ئەتۆمتان دۆزیوەتەوە! هەر دارکاریکردن نییە؟ ئەمە لەشی من و ئەوەش داری ئێوە. کە ئەمەم وت کابرا تەماشایەکی توندی کردم، خۆشم وەکوو شتێ پەشیمان بووبوومەوە بۆیە خاوتر لە پێشوو وتم:

― هەرچۆنێک بێ لەژێر دارا بمکوژن لەوە زیاترم لێ نابیسن کە ئێستە بە جەنابتانم وت، چونکە هیچی تر نازانم.

کابرا وا دیار بوو قسەکەم لە سەرەتاوە چووزاندوویەوە بۆیە لچێکی هەڵقورتاند و بەسەرێکی لەقیوەوە وتی:

― هەرچی چۆنێک بێ سا ڕێگاکەمان تازە بێت یا کۆن تاقیکردنەوەی تا ئێستەمان لەگەڵ ئێوەدا دەری خستووە کە چاکترین ڕێگایە و باشترین بەر ئەدات، کەسیشتان ئەوەندە مەرد نەبوون کە لەبەر لێدان و ئازاردانا هێندە خۆی ڕابگرێت کە تێمان بگەنێت ڕێگاکەمان کۆن و بێکەڵکە تا وازی لێ بهێنین، بزانین بەشکوو تۆ ئەو مەردە بیت!

دای لە زەنگەکەی بەردەمی، کابرای دەرگاوانی هاتە ژوورێ پێی وت:

― بڵێ بەو یاساوڵانە ئەم کوڕە بەرنە ژووری ژمارە «٢٣». ڕووشی کردە من و پێی وتم: تۆش ئۆباڵی خۆت بە ئەستۆی خۆت ئێستەش نەچووە بچێ، هەتا ئێوارە هەر کاتێ لە کەلی شەیتان هاتیتە خوارێ بە یاساوڵەکەت بڵێ ئەتهێنێ بۆ ئێرە، من هەر لەسەر قسەی خۆم ماوم.

سەرم داخست و بێدەنگ پێش یاساوڵەکان کەوتم.