٦

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 14 خولەک  927 بینین

جوامێر نەیزانی ئەم گەشتەی لە یادگارا چەندی خایاند چونکە بەدەمیەوە خەوی لێ کەوتبوو. کە هەستا تەماشای سەعاتی سەر مێزەکەی کرد دوای نیوەڕۆ بوو لە دڵی خۆیا وتی، بێگومان لاوە کە بۆ قاوەڵتی هاتەوە هەموو کارێکی بە شوێن مناڵەکانا ناردنی جێبەجێ کردووە، چارەکێکی پێ چوو ژنەکەی لاوە هاتە لای دەرگاکەیەوە وتی:

― ئەترسم لاوە بۆ قاوەڵتی نەیەتەوە، ڕۆژگاریش درەنگە با نان بۆ تۆ تێ بکەم، ئیتر لەوە زیاتر چاوەڕوانی ئەو نەکەین باشە.

― هیچ جاری تر وا بووە نیوەڕوان بۆ نانخواردن نەیەتەوە؟

― نەء مەگەر لەسەر داوەت بووبێت ئەوساش لە پێشەوە ئاگاداری ئەکردین!

جوامێر سەیرێکی با دا وتی:

― بێگومان بە ئیشەکەی منەوە خەریکی خواردووە. دەی باشە منیش ئەوەندە برسیم نییە سەعاتێکی کەش چاوەڕوانی ئەکەین. لای ئێوارە بوو جوامێر لە داڵانەکەدا بە شپرزەیییەکی دیارەوە ئەهات و ئەچوو. هەر کەسێ لە دەرگای بدایە بەو هیوایەی کە بەشکوو لاوە بێت و زوو لە دەنگوباسی خۆی ئاگاداری کات ئەو دەرگای ئەکردەوە. ئەوەندە دەرگای بۆ خەڵک کردەوە تاقەتی چوو وازی هێنا چووە ژوورەکەی خۆی، هێشتا دانەنیشتبوو لاوە هاتەوە. جوامێر هەر گوێی لە دەنگی بوو بەپەلەپرووزکێ خۆی گەیانە لای، بەڵام کە چاوی بە ماتی و مۆنیی لاوە کەوت کۆشکی ئاواتی هەرەسی هێنا.

بەکەساسییەوە لێی پرسی:

― ها چی بوو؟ کەست نارد؟

لاوە دەستێکی پان کردەوە و لەبەرخۆیەوە بڵتەبڵتێکی کرد. جوامێر وەکوو ئەم کارەی لاوە لەپڕ ڕقی هەستاندبێ، نەختێ بەتوندی وتی:

― چی؟ تێ ناگەم، پێم بڵێ بەڕاستی بزانم کەس ئەنێریت بەدوویانا یان نە. بۆچی ڕاستم پێ ناڵێیت؟

کە سەری هەڵبڕی و چاوی پڕ تەریقی و ڕەنگی هەڵبزرکاوی لاوەی دی ترسا لەوەی ناخۆشی ماوەی نەدابێت. لەخۆیەوە خاو بووەوە وەکوو پاڕانەوە وتی:

― لێم ببوورە برا گیان، نابێ لێم بگریت. نازانی چەندیان بیر ئەکەم!

باوەڕ بکە بەم دە ساڵە هەمووی بەسەریەکەوە ئەوەندەی ئەم شەو و ڕۆژە بیرم نەکردوون! هەرچی تاسە و خۆشەویستی و ئارەزووی بەناچاری پەستێوراو و بەرگیراوی ئەم چەند ساڵەی دڵم هەیە بەجارێک بەستیان شکاندووە و هوروژمیان بۆ هێناوم، نازانم چی بکەم، وەختە شێت ببم. لەبریتی نان و ئاو و هەوا و خۆشی و شادمانی، لە مانەش پتر، لە هەموو شتێکی کەی دنیا پتر، وەختە بڵێم لەوەش زیاتر کە لە زیندانا تاسەی سەربەستیم ئەکرد ئێستە تاسەی ئەوان ئەکەم. لێم مەگرە ئەگەر بڵێم هەر لەبەر ئەوان و بۆ نزیکی لەوانەوە بوو کە حەزم ئەکرد بێمەوە ئێرە، ئەگینا زۆر چاک ئەزانم بۆ یەکێکی وەک من هاتنەوە ئێرە چ مەترسییەکی تیایە.

بۆیە دامناوە هەرکە یەکمان گرتەوە داوا بکەم شوێنی چاودێرییەکم بۆ بگوێزنەوە بۆ شارێکی تر، کە هەر باسی شۆڕشیشی تیا نەکرێت! ئەگەرچی باوەڕیش ناکەم ئەمەم بۆ بکەن. چونکە زۆر جار دێت بە بیرما کە منیان بۆیە وا سووک و ئاسان هێناوەتەوە ئێرە و لێرەش بێ چاودێرییەکی پێویست بەرەڵڵایان کردووم بۆ ئەوەی بمکەن بە تەڵە و بە خەیاڵی خۆیان خەڵکی سەربەشۆڕشم پێ بگرن! لاوە کەوا ئەم قسانەی جوامێری لەلا وەکوو خوێ بە برینەوەکردن وەهابوو، هەناسەیەکی هەڵکێشا و وتی:

― ئەزانم گیانی من هەرچی تۆ ئەیڵێیت و هەستی پێ ئەکەیت هەمووی بەجێن و ڕاستن. من خۆم تاوانبارم، ئەبوو نەهێڵم ئەو کارە وەهای لێ بێت. هەرچۆنیک بێت ئێستەش چارم ناچارە بزانین بۆ کوێمان ئەبات!

گەڕام زۆر گەڕام خەڵک هەر ئەوە بوو نەیانئەدامە بەر کلکان کە ئەموت بچن بۆ «گوڵان» ئەڵێن لەم دوایییەدا شەڕ کەوتۆتە ئەو ناوچەیەوە بەشێکی لە لایەن هێزی میرییەوە داگیر کراوە. دوو نوختەیان داناوە لەسەر شەقامە ڕێیەکەی بۆی ئەچێ بە گران خەڵک لێیان دەرباز ئەبێت.

ئەگەر لەم سەریش سەڵتە زەلام هەرچۆنێک بێت بتوانی خۆی لە نوختەکان لا بدات، لە گەڕانەوەدا بە ژن و مناڵ و بارگە و وڵاخەوە هەر ئەکەوێتە بەر قەمچییان جا ئەوسا مەگەر خوا بگات بە فریای ئەو کەسەدا.

لاوە کە ترس و سامی چاوی جوامێری دی بایدایەوە و وتی:

― ژن و مناڵ ڕەنگە بە پارە ڕزگاریان ببێ. هەروەها کابراش ئەتوانێ بە هۆی ئەوانەوە خۆی دەرباز بکات، بەڵام کێ ئامادەیە خۆی بخاتە ئەم ئاگرەوە! دەسەڵات نییە ئەبێ پەلە نەکەین ماوەم بدە لەسەرخۆ بیرێکی لێ بکەینەوە.

― ئاخر ...

― چار نییە برام ئەبێ پیلانێک دابنێین کە نە ئەوان و نە ئەو کەسەش کە ئەچێ بەدوویانا دووچاری فەلاکەت ببن.

― ڕاست ئەکەی بەڵام هەرچی ئەکەی تکات لێ ئەکەم نەختێ پەلە بکە، باشە کە حاڵ وا بێت وەکوو باست کرد کێ ئەچێ بەدوویانا. لەوانەیە هەر کەسمان دەست نەکەوێت.

لاوە سەرێکی با دا و وتی:

― با بزانم، چارەیەک ئەدۆزمەوە، تۆ بڵێیت خزمێ، ناسیاوێ مەردێکمان دەست نەکەوێ. - لەبەرخۆیەوە وتی: هەرچۆنێ بێت پێویستە بە زووترین کات خۆم لە ژێر ئەم بارە دەربهێنم- . ئەبێ تۆش نەختێ دان بە خۆتا بگریت سەرم لێ نەشێوێنیت!

― باشە. بابە ئیتر قسەی تیا ناکەم بەڵام تۆش مەیخەرە پشتگوێ.

― کەواتە باشە بڕیمانەوە، جا بێینەوە سەر ڕابواردنی ئەمشەومان ئەڵێیت چی ئارەق و مەزەکە بهێنم و هەر لێرە دانیشین بۆخۆمان قومێ بخوێنەوە و نەختێ خەم بە با بکەین، خۆ بەناشکوری ئەڵێم! چوونە دەرەوە و سینەما و شتی وا نییە.

جوامێر دوای ئیستێک وەکوو خەیاڵی لەلای لاوە نەبووبێت وتی:

― ئارەزووی خۆتە، باشە تفاقەکەت بهێنە ئێرە. لە دڵی خۆیا وتی:

هەرچەندە من ناشخۆمەوە بەڵام بام لە ئێستەوە لە خەیاڵی نەدەم، زۆر زۆر پەست دیارە.

لاوە ئەوەندەی جگەرەکێشێکی پێ نەچوو مەزە و ئارەق و تفاقی خواردنەوەی شەش حەوت کەسی ئارەقخۆری هێنایە ژوورێ لای جوامێر ئینجا خۆیشی بەرامبەری دانیشت. دوو پیاڵەی بە ئارەزووی خۆی بۆ هەردووکیان تێ کرد و وتی:

― نۆش!

جوامێریش پیاڵەکەی خۆی هەڵگرت لە یەکیان دا و بردی بۆ دەمی بەڵام بێ ئەوەی هیچی لێ بخواتەوە داینایەوە.

لاوە وتی:

― بابچم ڕادیۆکەشم بهێنم.

جوامێر بەتووڕەیییەکی بێ جێوە وتی:

― نە بەخوا لە ڕادیۆ گەڕێ تاقەتی دەنگوباسمان نییە.

لاوە بەدەم پەشیمانییەوە وتی:

― بۆ دەنگوباس نا، بۆ گۆرانی، جاروبار گۆرانیی خۆش هەیە.

جوامێر وەک پۆزش بهێنێتەوە بۆ تووڕەبوونەکەی وتی:

― دە باشە، منیش حەز لە گۆرانی ئەکەم، بە شەرتێ نەیخەیتە سەر دەنگوباس، ڕادیۆکە بهێنە.

لاوە ڕادیۆی هێنا. هەندێ خەریک بوو لەگەڵی هیچ گۆرانییەکی خۆشی نەدۆزییەوە، دای خست و وتی:

― جارێ هیچ کوێیە نییە، با بۆخۆمان قسە بکەین.

هەرچەندە ناشمەوێ برینت بکولێنمەوە، بەڵام وا لە سایەی خواوە ڕزگارت بوو ئەگەر پێی سەغڵەت نابی نەختێ باسی ژیان و ڕابواردنی زیندانم بۆ بکە.

جوامێر سەری داخست و هیچ قسەی نەکرد.

لاوە وتی:

― هەر کەسە بە جۆرێک باسی ئەکات پیاو سەری لێ تێک چووە نازانێت کێ ڕاست ئەکات و کێ درۆ. هەندێ کەس وای باس ئەکەن وەکوو ژیان و ڕابواردنی بەندیخانە یەکجار ئەوەندە ناخۆش نەبێت.

جوامێر تێگەیی چاری نییە ئەبێ شتێک بڵێ بۆیە دەستی پێ کرد:

― ئەوی ڕاست بێت بەندیخانە نە ژیانی تیایە و نە ڕابواردن چونکە نە گەشەکردن، نە خۆشییەک و نە هێنانەبەرهەمی نرخێکی مادی یا مەعنەوی تیایە، تەنیا ڕۆژ کوشتن و ساڵ ناشتنی تیایە و بەس. ڕەنگە هەندێ پیاو چاک و دڵپاک لایان وا بێت بەندیخانە باشکردنخانەیە.

تاوانباری تیا پاک ئەبێتەوە ڕەوشتی خوار و بیری چەوتی تیا ڕاست ئەکرێتەوە! بەڵام ئەوی من دیم هەر بەتەواوی پێچەوانەی ئەمەیە و ئەوانەی بەندیخانەشیان بەدەستە لام وایە هەر بۆ تۆقاندن و ئازاردانی خەڵک دایانناوە، ئەگینا دەستە و دایەرەیەکی باشیان بەسەر دائەنا. ئەوی چاوی بە جووڵانەوەی کاربەدەستان و وەردیانەکانی بەندیخانە و زیندانەکان نەکەوێت ناتوانێ نە لەم ڕاستییە بگات و نە لەوەش، کە پیاو لە باریا هەیە تا چ ئەندازەیەک هەستی مرۆڤایەتی و پیاوەتی و شەرەف لە دڵی خۆیا بپڵیشێنێتەوە! وە چۆن ئەتوانێ لە مەیدانی دڕندەیی و جانەوەریدا گورگ و پڵنگ و بەوری بەسەزمان جێ بهێڵێت. جا ئەگەر ڕاست بوایە کە کاربەدەستانی وڵات ئەوەندەی تۆزێ بەزەییی مرۆڤایەتی لە دڵیانایە و نیازیان لە بەندیکردن باشکردنە نەک تۆقاندن و تێکشکاندن، ئەو مڵۆزمە پیسانەیان بەسەرەوە دانەئەنا، کەوا هەر لەو ڕۆژەوە بەندی تیا ئەدرێتە دەستیان نیازیان ئەوەیە بە هەموو جۆرێک کەرامەتی بپلیشێننەوە و گیانی بپەستنەوە بۆ ئەوەی هەتا هەتایە هەر سەرشۆڕ و ملکەچ بێت. باڵی فیز و بە خۆدا ڕاپەڕموونی ببڕن بۆ ئەوەی هەرگیز هەڵنەسێتەوە و ڕەگی باوەڕی لەبن هەڵکەنن، زات و جوامێری و ئازایی لە گیانی دەربهێنن، بۆ ئەوەی نەک هەر خەڵکی لەبەرچاو بخەن خۆیشی بێز لە خۆی بکاتەوە، خۆی لا ئەوەندە پەست و نزم و پیس و بێ نرخی بێت کە نەوێرێ بە خەوی شەوانیش، نە دەم بە خراپی ئەو ڕژێمە بکاتەوە کە ئەوان سەگی پاسکردنین وە نەدەست لە ڕوویا هەڵبهێنێتەوە و نە بیریش لە بەگژاچوونی بکاتەوە. بەڵام کار بەوە باشە کە ئەو دڕندانە و گەورەکانیشیان ئاو لە دنگا ئەکوتن ...

سروشتی بنیادەمیان نەناسیوە و ئاگاشیان لە قانونی گۆڕان و پێشکەوتن نییە. لەبەر ئەوە سەریان ئەمێنێ سوڕ و زارەترەک ئەبن کە ئەبینن بەپێچەوانەی ئامانجی گڵاوی ئەوان لەگەڵ ئەو هەموو دڕندەیی و جانەوەرییەشا کە بەکاری ئەهێنن هەتا دێت بانگی ئازادی ئاشکراتر و ژمارەی نیشتمانپەروەر و ئازادیخوازان زیاتر ئەبێت! ناو جەرگەی تاریکی ئەو زیندانانەی بە نیازی خنکاندنی بیر و تاساندنی گیان دروستیان کردوون و هەرچی ڕێگەی شەیتانانەی بێنامووسی هەیە تیایا بەکار ئەهێنن لە پێناوی گەیشتن بەم نیازە پیسەیانا، ناو جەرگی ئەم زیندانە تەنگوتارانە پڕن لە قارەمانی نەبەز کە باوەڕیان بە ژیانەوە و سەربەستی و سەربەخۆییی وڵات لە کێوی بێستون چەسپیوتر و پتەوترە. لێرەدا جوامێر ئیستێکی کرد. لاوەش ئەمەی بە هەل زانی وتی:

― دەی قومێک لە پێکەکەت بدە سارد بووەوە! تۆ ئەزانی من وام ئەزانی بەندیخانە هەروەکوو سەر و گوێلاکی گۆڕیویت بیروباوەڕیشی گۆڕیویت، بە بیرما نەئەهات دوای هاتنە دەرەوەت لە بەندیخانە لەژێر جێگاشەوە بیر لە سیاسەت بکەیتەوە کەچی کوتومت ئەڵێیت شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکانی قسە ئەکەیت. ئەوە چییە ئەڵێیت ناخۆیتەوە پێکەکەت هەر لە جێی خۆیەتی.

جوامێر بە گەرمییەکی لاوانەوە وتی:

― تۆ ئەڵێیت چی کاکی خۆم! ئەو حوکمە ناهەقە ناڕەوایەی بەسەر مندا درا، ئەو دەرد و مەینەتی و کوێرەوەرییەی لە خوتو خۆڕایی تووشی خۆم و ماڵ و مناڵم بوو، ئەو سزا و ئازار و سووکی و کردەوە ناشیرینانەی لە زیندانا دووچاری بووم و لەگەڵم کراوە و دیومە و لەگەڵ خەڵکیش ئەکرێت، داخێکیان ناوە بە گیانمەوە هەتا هەتایە خۆش نەبێتەوە و هەتا ماوم بە دڵ و دەروون دوژمنی خوێنەخوێی ئەو نیزامە بم کە خەڵک وا بە ناهەق و لە خوتوخۆڕایی فڕێ ئەداتە کونی زیندانەوە و بنیادەم لەو پایە پەست و نزمەدا ڕائەگرێت و بەو جۆرە ناشیرینە نامەردانەیە لەگەڵیان ئەجووڵێتەوە، بەڵام بڵێم چی. نازانم لەگەڵ ڕۆژگار بڵێم چی، ئەو نالەبارە ئەڵێیت خوێنی لەسەرمە، ماوەی خۆ بە کوشتدانێکی پیاوانەشم نادات، هەرچەندە بیر لە کەساسی و بێکەسیی هیوا و دایکی ئەکەمەوە بڕستم ئەبڕێ و پەکم ئەکەوێت. دەستێکم ئەکەوێتە ئەملا و دەستێکم ئەکەوێتە ئەولا! هەر قسەم بۆ ئەمێنێتەوە، ئەگینا جێی هەقی من ئەو کەژ و کێوانە بوو. ناو «ل. ا. ن»، فرمانی من ئەوە بوو کە لە ڕیزی یەکەمی جەنگاوەرانی ڕێی ئازادیدا دژی ئەم ڕژێمە بۆگەنە بجەنگم و خەبات بکەم هەتا مردن یا سەرکەوتن! سەیر ئەکەی کاکی خۆم من چەند بەدبەختم؟ سەربەستیی مردنیشیم نییە. کەچی تۆش ئەڵێیت بەخت هیچ نییە! بابە باشە بەختیاریم نەویست لە ژیانا بەڵام بۆچی بەخت یارم نابێ لە مردنا، نایەڵێ مردنێکی بە دڵێ خۆم بمرم!

لاوە کە دیی جوامێر هەر بەڕاستی بەم بیرەوەرییە برینی ئەکولێتەوە و هێشتا قەتماغەی نەهێناوەتەوە وای بە باش زانی باسەکە بگۆڕێت بۆیە وتی:

― تۆ خەریکی بەم قسانە خواردنەوەکەتم لەبیر ئەبەیتەوە، ئەوە چیتە؟

دەستی برد پێکەکەی جوامێری گرت بە دەستەوە، کە دێی هەر لە جێی خۆیەتی وتی:

― نە گیانە وا نابێ. فەرموو دەی قومێکی چاکی لێ دە. هینەکەی من وا ئەبڕێتەوە.

جوامێر بەماتییەکەوە وتی:

― نیازم نییە بخۆمەوە.

― بۆچی سوێندت خواردووە؟

― نا، هەروا، حەزی لێ ناکەم.

جوامێر ئەم قسەیەی ئەوەندە بە ئازارەوە کرد لاوە داینا کە لە سەری نەڕوا. پیاڵەکەی نا بە سەریەوە و پێکێکی کەی بۆخۆی دروست کردەوە و وتی:

― خۆت خاوەن ماڵیت. تۆ بخۆیتەوە و نەخۆیتەوە من مووچە شەوانەکەی خۆم ئەخۆمەوە، سێ پێک، بێ کەم و زیاد. ئەوەتەی دنیا وای لێ هاتووە و هاتوچۆی خەڵککردن و چایخانە و گەڕان نەماوە، منیش سەرم کردۆتە سەر ئارەق. دەی با بزانین گۆرانییەکی خۆش نادۆزینەوە.

لاوە خۆی خەریک کرد بە ڕادیۆکەوە قسەی نەکرد و دەستی لێ هەڵنەگرت تا گۆرانییەکی ئازەربایجانیی دۆزییەوە وتی:

― ئەمیش خۆشە تامی کوردی ئەدات، نازانم لای تۆ چۆنە لای من زۆر خۆشە. هەر بەڕاستی گۆرانی ئەم ناوچەیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وەها تێکەڵ بوون بە تایبەتی هیی کوردی و تورکی و ئازەری پیاو ناتوانێ لەیەک جوێیان بکاتەوە.

― لام وایە زۆری ئاوازە تورکییەکان لە کوردییەوە وەرگیراون و هەر وەکوو چۆن بە خەڵکی کوردستان ئەڵێن تورکی شاخی، بە گۆرانییەکانیش ئەڵێن «شەرقی»ی تورکی.

― جا کورد چیی خۆی پێ پارێزراوە تا گۆرانی و مۆسیقای پێ بپارێزرێت! پیاو کە خۆی نەبوو هیچی کەی نابێت، ماڵی ئەبێ بە سەربەشی ماڵان، خێر، بیریشی ئەبرێت بە تاڵان! بە درێژایی مێژوو هەر پیاوی هەڵکەوتووی کورد بووە و خزمەتی بێگانەی کردووە، لە هەموو مەیدانێکی چالاکی و پێشکەوتن و زانینا. کەچی هێشتا نەمدیوە بێگانەیەک خزمەتی شتێکی کوردی کردبێت!

― وا دیارە کورد لە پێش خەڵکەوە بیروباوەڕی مرۆڤایەتییان هەبووە و وازیان لە ڕەگەزپەرستی و نەتەوەپەرستی هێناوە!

― نە بە خوا، بەڵام لەبەر دڵی تۆ با وا بێت.

بەم چەشنە قسانە سەعاتیان کرد بە دە ئەوسا شێویان کرد و دوای نەختێ دانیشتن و خۆخەریک کردن بە ڕادیۆکەوە لاوە وتی:

― تۆ ئەنووی بنوو، من ڕادیۆکە ئەبەم گوێ لە دەنگوباسی قاهیرە ئەگرم.

جوامێر وتی:

― باشە بیبە من تاقەتی دەنگوباسم نییە.

― دەی شەو باش و خەو خۆش.

― شەو باش بەڵام لە خەوی خۆش بێزار بووم، بەسە ئیتر حەز لە نەختێ واقیعی خۆش ئەکەم. حەز ئەکەم هەندێ لەو خەوە خۆشانەم بێتە دی.

وەکوو بەنگکێشم لێ هاتووە بە دەست زیندەخەوی خۆشەوە.

― دە سا من ئەوەندە لە واقیع بێزارم وەختە سوێم بێتەوە بۆ خەوێکی خۆش.

― دە باشە شەوت باش و خەوت خۆش! - تەماشایەکی سەعاتی سەر مێزەکەی کرد - بڕۆ خێرا کە نەوەکا بە دەنگوباسا نەگەیت. تا ڕادیۆکەت تەلی هەوا و ئەرزی تێ ئەخەیت لەوانەیە نیوەی دەنگوباسەکە ببڕێتەوە.