باب ١٢

لە کتێبی:
ئینجیلی موقەدەس
بەرهەمی:
لودڤیگ فاسوم (1879-1920)
 6 خولەک  415 بینین

1) دەو وەختەیدا یەسووع دە ڕۆژی شەمۆیدا بە نێو زەوییاندا ڕادەبرد و شاگردانی وی برسی بوون و دەستیان پێ کرد کە گوڵ بچنن و کە بیخۆن.

2) بەڵا وەختێکی فەریسیان ئەویان دی، بە وییان گوت: «ئەوەتا شاگردانی تۆ ئەوەی دەکەن کە کردنی وی دە شەمۆیدا دروست نییە.»

3) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «ئەرێ نەتانخوێندووە داوود چی کرد وەختێکی برسی بوو و ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون؟

4) چلۆن وەژوور ماڵی خوڵای کەوت و نانی ڕابواردنی خوارد، ئەوەی کە بۆ وی حەلال نەبوو کە بخوا، و نە بۆ ئەوانەی کە دەگەڵ ئەوی بوون، مەگەر تەنیا بۆ کاهینان.

5) یان ئەرێ دە شەریعەتدا نەتانخوێندووە کە دە شەمۆیدا کاهینان دە هەیکەلیدا شەمۆی دەشکێنن و بێ گوناحن؟

6) بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: کە لێرە گەورەترێک لە هەیکەلی هەیە.

7) بەڵا ئەگەر بتانزانیبایە ئەوە چییە، «ڕووحمم دەوێ و نە قوربانی» بێ گوناحانوو گوناحکار نەدەکرد.

8) چونکە کوڕی ئینسانی ڕەببی شەمۆیە.»

9) و لە ئەوێ وەدەر کەوت و چوو نێو کەنێشتی وان.

10) ئەوەتا پیاوێک هەبوو کە دەستێکی وشکی بوو، و لە وییان پرسی دەیانگوت: «ئەرێ دە شەمۆیاندا ساغکردنەوەی دروستە؟» هەتاکوو گلەیی لێ بکەن.

11) بەڵا ئەو بە وانی گوت: «کێهە کەس لە ئەنگۆ کە مەڕێکی هەبێ و ئەگەر دە شەمۆی دە چاڵێکیدا بکەوێ ئەرێ ئەوی ناگرێ و دەریناکێشێ؟

12) دەنا ئینسان لە مەڕ چەند زیاترە، کە وایە دە شەمۆیدا چاکەکردن دروستە.»

13) ئەو وەختی بەو پیاوەی گوت: «دەستی خۆت درێژ بکە»، و درێژی کرد و ساغ بۆوە وەکوو ئەوی دیکە.

14) بەڵا فەریسیان وەدەر کەوتن و زیددی وی تەگبیریان کرد کە چلۆن ئەوی هیلاک بکەن.

15) بەڵا کە یەسووع ئەوەی زانی خۆی لە ئەوێ وەلا کێشا و زۆران وەدوای وی کەوتن و هەموویانی ساغ کردەوە.

16) و بە قایمی بە وانی ئەسپارد کە ئەوی ئاشکرا نەکەن.

17) هەتاکوو تەواو ببێ ئەو چتەی کە کوتراوە بە دەستی ئەشعییا پێغەمبەر کە دەڵێ:

18) «ئەوەتا عەبدی من کە هەڵمبژاردووە، ئەوە خۆشەویستی من کە گیانم لێی خۆشحاڵە. ڕوحی خۆم لەسەر ئەوی دادەنێم و حوکمی بۆ تایفان خەبەر دەدا.

19) ئەو شەڕێ ناکا و نە دەقیژێنێ و کەسێک دەنگی وی دە کوچاندا نابیێ.

20) قامیشی کوشراو ناشکێنێ و پڵیتی دووکەڵکەر ناکوژێنێتەوە، هەتا حوکمێ بۆ غەڵەبەی دەرنێنێ.

21) و بە نێوی وی تایفان هومێد دەکەن.»

22) ئەو وەختی جنندارێکیان هێنا کن ئەوی کە کوێر و لاڵ بوو، و ئەوی ساغ کردەوە، وەها کە لاڵەکە قسەی کرد و دیتی.

23) و هەموو خەڵکی مات مان و کوتیان: «ئەرێ ئەوە کوڕی داوود نییە؟»

24) بەڵا وەختێکی فەریسیان بیستیان، کوتیان: «ئەو پیاوە جننان دەر ناکا مەگەر بە بەعلەزبول مەزنی جننان.»

25) و کە خەیاڵاتی وانی زانی، بە وانی گوت: «هەر پادشایەتێکی کە زیددی خۆی جوێ ببێ خراپ دەبێ و هەر شار یان ماڵێکی کە زیددی خۆی جوێ ببێ ڕاناوەستێ.

26) و ئەگەر شەیتان شەیتانی دەر بکا، زیددی خۆی جوێ بووە. دەنا پادشایەتی وی چلۆن ڕادەوەستێ؟

27) و ئەگەر ئەمن جننان بە بەعلەزبول دەر دەکەم کوڕانی ئەنگۆ بە کێ ئەوان دەر دەکەن؟ لەبەر ئەوەی ئەوان حوکمکەرانی ئەنگۆ دەبن.

28) بەڵا ئەگەر ئەمن جننان بە ڕوحی خوڵای دەر دەکەم، کە وایە پادشایەتی خوڵای لەسەر ئەنگۆ گەیشتووە.

29) یان چلۆن دەتوانێ کەسێک وەژوور ماڵی ساحیب قووەتێ بکەوێ و ئەسبابانی وی تاڵان بکا، مەگەر هەوەڵێ ئەو ساحیب قووەتەی ببەستێ و ئەو وەختی ماڵی وی تاڵان بکا.

30) ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن نییە زیددی منە و ئەوەی کە دەگەڵ ئەمن خڕ ناکا بڵاو دەکا.

31) لەبەر ئەوەیە بە ئەنگۆ دەڵێم: هەر گوناح و کفرێ بە بنی ئادەمی دەبەخشرێ بەڵا کفر زیددی ڕوحولقودوس نابەخشرێ.

32) و هەر کەس کە قسەیەکی زیددی کوڕی ئینسانی بڵێ بە وی دەبەخشرێ، بەڵا هەر کەس کە زیددی ڕوحولقودس قسان بکا بەوی نابەخشرێ، نە دەو دنیایەدا و نە دە ئەوەی کە دێ.

33) یان دارەکە چاک بکەن و میوەی وی چاک، یان دارەکە خراپ بکەن و میوەی وی خراپ، چونکە دار لە میوەی دەناسرێ.

34) ئەی ئەولادی ماران، چلۆن دەتوانن چتانی چاک قسان بکەن کە خراپن؟ چونکە لە زیادی دڵ زار قسان دەکا.

35) پیاوێکی چاک لە خەزێنەی چاکی چتانی چاک دەردێنێ و پیاوێکی خراپ لە خەزێنەی خراپی چتانی خراپ دەردێنێ.

36) بەڵا بە ئەنگۆ دەڵێم: کە هەر قسەیەکی بەتاڵ کە خەڵکی قسان بکەن، دە ڕۆژی دیواندا دەبێ حیسابی وی بدەن.

37) چونکە لە قسانی خۆت سادق دەژمێردرێی و لە قسانی خۆت حوکم لەسەرت دەکرێ.»

38) ئەو وەختی هەندێک لە خوێندەواران و فەریسیان جوابیان بە وی دا دەیانگوت: «ئەی مامۆستا، دەمانەوێ کە نیشانەیەکی لە تۆ ببینین.»

39) بەڵا ئەو جوابی دا و بە وانی گوت: «سلسلەیەکی خراپ و زیناحکار نیشانەی تەڵەب دەکا و نیشانەیەک بە وی نادرێ بێجگە لە نیشانەی یونس پێغەمبەر.»

40) چونکە چلۆنێکی یونس سێ ڕۆژ و سێ شەو دە زگی ماسیدا بوو، هەر واش کوڕی ئینسانی سێ ڕۆژ و سێ شەو دە باوەشی ئەرزێدا دەبێ.

41) پیاوانی نەینەوا دە دیواندا دەگەڵ ئەو سلسلەی هەڵدەستن و حوکمێ لەسەر ئەوی دەکەن، چونکە بە وەعزی یونس تۆبەیان کرد، و ئەوەتا لێرە زیاتر لە یونس هەیە.

42) مەلەکەی جنووبی دە دیواندا دەگەڵ ئەو سلسلەی هەڵدەستێ و حوکمێ لەسەر ئەوی دەکا، چونکە ئەو لە پەڕانی ئەرزێ هات کە عەقڵداری سلەیمان ببیێ، و ئەوەتا لێرە زیاتر لە سلەیمان هەیە.

43) وەختێکی ڕوحی پیس لە ئینسانێکی وەدەر کەوتەوە، دە جێیانی بێ ئاو دەگەڕێ و حەولی ڕەحەتی دەدا و پەیدا ناکا.

44) ئەو وەختی دەڵێ: «دەگەڕێمەوە بۆ ماڵی خۆم کە لێی وەدەر کەوتووم»، و کە دێتەوە ئەوێ بەتاڵ و ماڵدراو و جوانکراو پەیدا دەکا.

45) ئەو وەختی دەچێ و حەوت ڕوحانی دیکە خراپتر لە خۆی دەگەڵ خۆی هەڵدەگرێ و وەژوور دەکەون و لەوێ دەمێنن و ئاخیری ئەو ئینسانە لە هەوەڵێ خراپتر دەبێ. هەر واش دەبێ بۆ ئەو سلسلەی خراپ.

46) کە هێشتا دەگەڵ جەماعەتان قسەی دەکرد ئەوەتا دایک و برایانی وی لە دەرێ ڕاوەستابوون و دەیانەویست کە دەگەڵ ئەوی قسان بکەن.

47) و کەسێک بە وی گوت: «ئەوەتا دایک و برایانت لە دەرێ ڕاوەستاون و دەیانەوێ کە دەگەڵ ئەتۆ قسان بکەن.»

48) بەڵا ئەو جوابی دا و بە وەی کە ئەوەی پێ گوت، کوتی: «کێیە دایکی من و کێن برایانی من؟»

49) و دەستی بۆ لای شاگردانی خۆی درێژ کرد و کوتی: «ئەوەتا دایک و برایانی من.»

50) چونکە هەر کەس کە ئیرادەی بابی من کە دە ئاسماندایە بەجێ بێنێ، ئەوە برا و خوشک و دایکی من.