دیسانەوە لە بێ تاقەتی و کەچڕەفتاری زەمانەی دوون
بۆ شێخ مەحموود
لە کتێبی:
دیوانی میرزا غەفوور
بەرهەمی:
میرزا غەفوور (1870-1938)
1 خولەک
606 بینین
وەرە جانا دەخیلت بم، لەبەر ئەم جەژنی قوربانە
بە دەستی خۆت ئەتۆ بمکە؛ بە قوربان ئەو حەفیدانە
دەبێتە «حەجولئەکبەر» تۆ خەڵاسم کەی لە دەست هیجران
بە شەمعی ماهی ڕوخسارێ بسووتێم بێ حیجابانە
هەتا کەی لەم خەراباتە بنۆشم میحنەت و دووری
لە سایەی تۆ نەجاتم بێ، لەدەس ئەم شین و گریانە
چ حاجەت عومرێ وا دائیم، بە ئاهـ و حەسرەت و ناڵین
میسالی کۆتری یاهو بە ناڵە و ئاهـ و ئەفغانە
بەسە، تا کەی لە پژدەردا بە زایع چێ سەر و ماڵم
چ خۆش ئەییام و وەقتێکە؛ بڕۆم لەم موڵکە وێرانە
بڕۆم ساکن لە موڵکێ بم، مقامی «ئەحمەدکەس»ی شێخە
لە شوهرەتدا سلێمانی وەلێ، جێی شاهـ و سوڵتانە
سەر و ماڵم فیدایی ڕەوزەی پاکی ڕەسولەڵڵاهـ
لە سایەی ئەو محێدینەیش شەفیعی جورم و عوسیانە
پەناهیدە بە دەرگاهی جەنابی حەزرەتی شێخم
لە هەر دوو عالەما «ئەو» شوعلەبەخشی نووری ئیمانە
ئەوا خۆم کرد بە قوربان ئاستان بۆسی شەهی گەیلان
بە ئومێدێ بڵێن: میرزاناسناوی ئەدەبی سەگی دەرگای پیرانە