دیاریم بۆ یاران یار و دیارە

لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
 2 خولەک  557 بینین
دیاریم بۆ یاران یار و دیارە
ئەوەی نووسیومە بۆتان دیارە
حوببی یاران و دیار و نیشتمان
نیشانەی دینە و مەحکەمی ئیمان
بۆم بەجێ هێشتن هەر بە یادگار
قەسیدە و قسەی خۆش و هەم ئەشعار
تا بە تەماشای دیوانەکەی من
شاد بکەن دڵی دێوانەکەی من
مەعلوومە دیاری شوانە ئاڵاکۆک
چێشتی دەروێشان نیسکە و ماشە و نۆک
پاشەوارێکم ئەگەرچی نەبوو
مورغی گیانەکەم وا بێ چینە بوو
تا لە سایەی ئەو لەپاش مردنم
خێرم پێ بگا هەم ناوبردنم
ئەمما لە سایەی ئەشعارەکانم
کە بەجێم هێشتووە بۆ براکانم
وەجاغم ڕوونە زۆر یادم ئەکەن
هیوام پێیانە دوعام بۆ بکەن
وێنە و دیوانم بوون بە یادگار
نوکتە و ئەشعارم بوون بە شیعار
هەرچەند نامێنم بۆخۆم لە جیهان
وێنەم ئەمێنێ براگەل بۆتان
گیانم بۆ شادی هەر لەگەڵتانە
شەریکی حوزن و هەم و غەمتانە
دێتە گوێ قەلبم هاوار و دەنگێ
قافڵەی مەرگ زەمزەمەی زەنگێ
لەو ڕۆژە دنیا بناغەی دانرا
ئەسراری مردن دەرکەوت و زانرا
کاروان بە کاروان هەر دێت و دەڕوا
سەفەر لە داری فەنا بۆ بەقا
قافڵەی مردن وا مەنزڵ ئەبڕێ
قافڵەی ولادەت جێگەی ئەو ئەگرێ
ئەم هاتووچۆیە هەر لە کارایە
سەرم سووڕ ماوە من لەم دنیایە
ئەوەی کە ڕۆیی ناگەڕێتەوە
ئەم گرێ کوێرە ناکرێتەوە
کەس نەهاتەوە لەم ڕێگە ڕاسە
بزانین چییە چە هەرا و باسە
خاوانی تاج و تەخت و هەم سەریر
دەستی ناکەوێ لە قەبرا حەسیر
نەمزانی منی بۆ هێنا دونیا
ئیشی چی پێم بوو لەبۆ کوێم ئەبا
ئەگەر مەقسەدی ئەزیەتم نەبوو
لە عەدەم یەکجار ئاسایشم نەبوو
بە کاری چی دێم، کەڵکی چی دەگرم
ئەبێ هەر بگریم هەتاکوو ئەمرم