گوفتوگۆ لەگەڵ نەفسی ئەممارە
لە کتێبی:
دیوانی خادیم (بەرگی ٢)
بەرهەمی:
خادیم (1895-1953)
2 خولەک
675 بینین
ئیمشەو لە دەریای فکر و هەم خەیاڵ
کەوتمە گێژاوی خەلاسی مەحاڵ
لە ئاوێنەی دڵ خۆم کرد تەماشا
نەمزانی من کێم لە خۆم کرد حاشا
لە پیری و لەڕی سەرم ئەلەرزی
وجوودم بووبوو بە داو و دەرزی
لە پێ کەوتووم موحتاج بە عەسا
نەفسم تازەگی بۆ مەلهام دەبا
هاوارە لە دەست نەفسی ئەممارە
دەمکوژێ ئاخر زەهری ئەم مارە
چی ما پێم نەکەی ئەی نەفسی بەدخوو
بێزارم لە تۆ و لە فەرمانی توو
لە عومری حەڤدە تا حەفتا ساڵی
لە خووی پیسی تۆ قەت نەبووم خاڵی
نەتهێشت جارێکی بکەم فکری خوا
نە شەرمێکم بوو، نە تۆزێ حەیا
نە بۆ خاتری خوا، تاعەتێکم بوو
نە بۆ قەلبی خۆم، ڕاحەتێکم بوو
نە سۆزێ لە دڵ، نە ئەشکێ لە چاو
نە ئاهێ سەحەر لە سینەم بڵاو
نەفەسێ ئەی نەفس، نەفەس بگرەوە
بۆ تەفرەدانم تۆزێ بسرەوە
ئەمەوێ بووکی شەوقی نەفسانی
سێ تەڵاق بدەم کەسێ نەیزانی
ئەو بووکەی سەر و ماڵ کا بەینییە
خیلافی ئەمری حەق ئایینییە
تەڵاقێکی وا باتینە سیفات
ڕەجعەت ڕێی نەبێ تا بمبێ نەجات
بە هیچ مەلایێک چاک نەبێتەوە
بە هیچ وەستایەک نەدوورێتەوە
ئەگەر پێم بڵێ بچۆ بۆ مەکە
عەقڵ پێم دەڵێ کاری وا مەکە
ئەمری ئەو هەموو خراپ و خەتایە
سەوابە هی عەقڵ ڕێگەی خودایە
لە گەنجی «خادیمناسناوی ئەدەبی» گەیشتییە پیری
لە هیچی تر مەخۆ تەفرە و تەزویری