گرێ

لە کتێبی:
دەستووری زمانی کوردی
بەرهەمی:
تۆفیق وەهبی (1891-1984)
 2 خولەک  1203 بینین

95

گرێ دەستە کەلیمەیێکە -تەواوکراو بێ و لێکدراو بێ- کە باسێکیان §65 تیا نەبێ وە بە یەکەوە کاری یەکێ لە پارچەکانی قسە ببینن.

هەر دەستە کەلیمەیێک باسێکی تیا بێ جوملەیە §54.

سنفەکانی گرێ

96

گرێ هەشت سنفی هەیە:

1- گرێی ناوی؛ وەکو،

پیاوی چاک (کەلیمەی تەواوکراو). گوێ سوانە (کەلیمەی لێکدراو).

2- گرێی مەسدەری. (ئەمیش ئەتوانرێ پێی ببێژرێ گرێی ناوی)؛ وەکو،

لەسەر بان نوستن (کەلیمەی تەواوکراو) گومکردن (کەلیمەی لێکدراو)

3- گرێی سفەتی؛ وەکو،

ی چاک (کەلیمەی تەواوکراوە؛ سفەتی چاک تەواوکەری ئەداتی تەواویی «ی»یە). بێباک (کەلیمەی لێکدراو)

4- گرێی دوولایی. (ئەمیش ئەتوانرێ پێی ببێژرێ گرێی سفەتی)؛ وەکو،

داری سووتاو (کەلیمەی تەواوکراو) زگسووتاو (کەلیمەی لێکدراو) گیاخۆر (کەلیمەی لێکدراو)

5- گرێی تەواوی؛ وەکو،

لەسەر ئەرز (کەلیمەی تەواوکراو) لەسەر (کەلیمەی لێکدراو)

6- گرێی زەرفی؛ وەکو،

ئەو لە ماڵەوە نوستووە («لە ماڵەوە» کەلیمەی تەواوکراوە). پاشەوپاش (کەلیمەی لێکدراو)

7- گرێی یەکخەری؛ وەکو،

هەرچەند (کەلیمەی لێکدراو).

8- گرێی نیدایی؛ وەکو،

باوکەڕۆ!

97

هەموو گرێیێکی تەواوی، بێجگە لە گرێی لێکدراوی تەواوی، یا گرێی سفەتییە یا گرێی زەرفییە. ئەگەر گرێکە ناوێک یان سفەتێکی تەواو کردبێ گرێی سفەتییە. ئەگەر فعلێکی تەواو کردبێ گرێی زەرفییە.

بەند

99

بەند جوملەیێکە کە پارچەیێ بێ لە جوملەیێکی گەورەتر؛ وەکو،

ئەو مناڵەی دوێنێ دیت، ئەمڕۆ نەخۆش کەوت.

ئەمە جولەیێکە دوو باسی تیایە؛ یەعنی دوو جوملەی تیایە. هەر یەکێ لەم جوملانە پێیان ئەڵێن بەند.

100

جوملەیێ چەند باسی تیا بێ لەوەندە بەند دوروست بووە.