ناحەز و جوان
لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
مەلا غەفوور دەباغی (1927-1990)
3 خولەک
3194 بینین
تا بژیم تێت دەبڕم، خاوەنی جوانی و دەسەڵات
چاوی ئاوات و هیوام، ئەی گوڵی سەرتۆپی وڵات
دادەمرکێ کوڵی دڵ تاوێکی ڕێتخەم چ دەبێ
بە سەری نوکی زمانم لە بنی پەنجەیی پات
ڕۆژی هەڵکەوتە دەسا با گوڵەکەم تێت ڕاکەم
لە ترۆمبیلی فیداکاری بەرەو کۆڕی خەبات
لێت دەبەم جارێ بە بێدەنگی نەچی بیکەیە قاو
نێوی هاوکاری لەگەڵ شۆڕشەکەی دێموکڕات
یاری شیرین دە وەرە تا زووە تا لێت نەچووە
تەمەنی جوانی بژین پێکەوە تاکەی بە تەمات
گیانەکەم خۆ تۆ هەزار جار پترت داوە بە من
قەولی بێ کردەوە هەر ویشکه، تریتم بە هیوات
کەنگێ بۆم دادەکەنی، خۆمی بە سەر داکێشم
کەوشەکەت ماچ کەم و سەر دانێمە بەر پێت کز و مات
لیت نەچێ ڕەنگە لە بەر تەنگی ئەشێ بۆت تەڕ کەم
دەستە نەرم و شلەکەت بازنە ئازاری نەدات
توند و تیژی بەسە بۆم تیل کە دەبا لێی ڕادەم
بە سمێڵ گەسکی دەم ئەو تۆزە لە سەر شانی کەوات
تۆ لە سەر ئەو ڕقە بی، تێک دەچەقێنین لە پڕا
من لە پێت دڕکی مژۆڵ تۆ لە دڵم تیری نیگات
هەر نەبێ تاقە یەکێکم دەیە با خۆم نەکوژم
لەم هەموو دەسرە کە پێی دەسڕی دەم و لێوی نەبات
بێڵە خاوی کەمەوە ڕەق بووە سندوقی سەرت
باری لێوم بە تکەی ئارەقەکەی سەر گۆنات
پاش و پیش هەر یەکە بۆ من کە مەبەستم چوونە
زەردەلیمۆ چووە ناو دەستمەوە یا پرچی سیات
هەر لە لای تۆیە ئەوەی من دەمەوێ تێی کێشم
خۆڵی بەر پێتە لە چاوم کرێ ڕووناکی دەکات
حەز دەکەی جارێ بژیم بۆم وەرە پێش با تێی نێم
دەم لە نێوانی مەم و سینه، وەخۆم ئاوی حەیات
نایەڵم بێشێ، وەرە پێشێ، دەبا بۆت تێخەم
ئەم دوو ئەنگوستیلە ئاڵتونە لە قامکت بە خەڵات
دەوەرە گیان و قەوەت، تاوێ ئەوەم بگرە بە وەت
نەبزی دەستم بە سەری پەنجه، نەخۆشم کە لە لات
من کە خۆم ناوەتە پێناوت ئەتۆش بۆم فش کە
قۆڵی ڕاستت بخەمە باسکم و دەرچین لە وڵات
با بکەم تۆبە لە سەر دەست و ئیتر دایهێڵم
ڕیشی بۆزم ببمە سالکی سەر کۆشک و سەرات
تا کوتم کوانێ؟ بڵێ هانێ، دڵم مەشکێنە
حافزناسناوی ئەدەبیم موستەحەقم، چاو لە دەسی تۆم هەموو کات
جوانی تۆی دا لە محەک ناحەزی من، بۆم دەرکەوت
ئەوی جوانان هەیانە، بە تەنیا هەیە لات
گوڵەکەم بۆیە نەشەت سازە دەڵێن چاکت دا
ئیمتحانی شەشی ناوەندی، بژی مامۆستات
خۆت کەمێ شل کە سەرت داخە دەبا پێتەوە نێم
دوو زەروو، کوڵمی گەش و چاڵی چەنەت زیبکە نەکات