١

لە کتێبی:
ژانی گەل
بەرهەمی:
ئیبراهیم ئەحمەد (1914-2000)
 8 خولەک  2038 بینین

لەڕ و لاواز و شڕۆڵە، لە بەشی پێشەوەی پاسێکا، لەنێوان لێخوڕ و ژەندرمەیەکی لۆزەندەرا دانیشێنرابوو، دەستی ڕاستی لەگەڵ دەستی چەپی ژەندرمەکە کەلەپچە کرابوو. ئۆتمۆبیلەکەشیان هەڵتەک هەڵتەک ڕێگەی پڕ لە هەوراز و نشێوی شاری «چ...»ی گرتبووە بەر، ئەویش بیری نەسرەوتی وەکوو وێڵ ئەسووڕایەوە، بێ ئەوەی بە شتێکەوە بگیرسێتەوە، یان یەکێک لەو دیمەنانەی وەکوو سینەما بەسەر پەردەی مێشک و بە بەردەمیا تێ ئەپەڕین سەرنجێکی ڕاکێشن. گێرمەکێشەی دیار و نادیاری دوواڕۆژ و ڕووداوی ناخۆش و پڕ بیرەوەریی ڕابوردوو لە سەریا وەک پوورەهەنگ ورووژابوون، کاس و وڕیان کردبوو، نە ئەیزانی چارەیە بۆ ئەویان بدۆزێتەوە، نە ئەشیتوانی خۆی لە دەس ئەمیان ڕزگار بکات. تا بەڕێکەوت لە هەڵتەکاندنێکی توندی ئوتمۆبیلەکە و، لە ئاوێنەی بەردەمی لێخوڕەکەدا، چارەیەکی بەدی کرد. گورج دوو چاوی کاڵی مەنگ سەرنجیان قۆستەوە کە لە هەموو ئەندامێکی کەی، کەمتر ساڵانی زیندانی کاریان تێ کردبوو. ئەو چاوانەی سەدان جار لە ئاوێنەی ڕیش تاشینەکەیا دیونی نە هیچ هەستێکی تایبەتییان تیا بزواندووە و نە ئەمیش بایەخێکی تایبەتی داونێ. بەڵام ئەم جارە گەیشتە فریای لە گرنگترین شتا کە لەو کاتەدا پێویستی پێی هەبوو، کە ئەویش خۆدۆزینەوە بوو. بەڵام لێرەشا بیری ئاوارەی هیچ ماوەی لێکۆڵینەوەیەکی ڕێکوپێکی نەدا، هەروەکوو چاوەکانی ناونیشانە بووبن ڕێگەیەکی هەڵەکردووی پێ دۆزیبێتەوە، وەک مەلێکی زامدار لەپڕ کۆنە هێلانەیەکی بێتەوە بیر، بەری هەموو ئەو خۆدۆزینەوەیەی بەوە دەرچوو کە بە پەلەپڕووزێ خۆی بگەیەنێتەوە تەلاری بلوورینی یادگار، یادگاری پێش گیران و زیندانی. بەڵام لەوێشا ئەوەندە بەخۆشی ڕای نەبووارد، چونکە شوێنێکی تایبەتی و کاتێکی دیار وەک کارەبا دڵیان بە کێش ئەکرد کە ئەوانەش هەمان شوێن و کاتی گۆرین بوون کە بە درێژاییی ژیانی بەندیخانەی تەقەلای لەبیرخۆبردنەوەیانی ئەدا.

هەرچەندە نزیکەی دە ساڵ لەوەپێش بووبوو، لەگەڵ ئەوەشا زۆر بە ڕوونی و دیاری ئەهاتنە پێش چاوی مێشکی. نەک هەروەکوو بەسەرهاتێ دوێنێ ڕووی دابێت، نە بگرە وەکوو قەوماوێک کە لەو کاتەدا لەبەرچاوی بقەومێ:

دەمە دەمی ئێوارە بوو، با لە ئاسمانی ئاڵۆز و لێڵی پایزا پەڵەهەورە پرش و بڵاوەکانی داگرتبوو، خەریکی گلێرکردنەوەیان بوو. لەسەر ئەرزیش گەڵای زەردی لەمان بێزاری گەڵاڕێزانی لە دار و درەخت ئەکردەوە و بە گڤەگڤێکی پڕ تووڕە و تڕۆیی و فیزەوە ڕاپێچی ئەکردن و پێش خۆی ئەدان.

ناوبەناویش بێدەنگییەکی پەژاراوی. وەک لە گڤەگڤ بێزار بووبێت، ئەیدا لە لووتی پیرەبا و کپ و دەمکوتی ئەکرد.

لە خانوویەکی خنجیلانەدا لە گەڕەکی «س...» لە شاری «چ...» لە ژوورێکی سادە و پاک و دڵگیرا کە دوو پەنچەرەی گەورەی بەسەر باخچەیەکی بچکۆلەی هێشتا باش ڕێکنەخراو و بە گەڵاڕێزانی پایز زەرد هەڵگەڕاوا ئەیڕوانی، و هەموو کەلوپەلی ژوورەکە بریتی بوو لە چارپایەکی دوو کەسیی ئاسن لەگەڵ باڵائاوێنەیەکی پێچکەدار، کەوا لە قوژبنی ژوورەکەدا دانرابوو لەگەڵ پێخەوێکیش کەوا لەسەر ئەرزەکە ڕاخرابوو، ژنێکی مناڵکاری خوێنشیرین کەوتبوو، شاڵاوی ئازار ڕووی گەشی گرژ کردبوو. مێردە لاوە باریکەڵەکەشی لەژوور سەری دانیشتبوو، بەزەیی لە چارەی ئەباری. زۆر بەئەسپایی و وریاتر لەوەی دەست بەرێ بۆ پشکۆی ئاگر دەستی بە پرچە ڕەشە خاوەکەیا ئەهێنا. بێ ترووکاندن چاوە کاڵە مەنگەکانی بڕیبووە برژانگە شاشە درێژە هەڵگەڕاوەکانی کەوا جاروبار هێرشی ژان، بە گرژکردنی ناوچەوانە نەختێ بەرزەکەی، بەئاستەم لەسەر چاوە جوانە ڕەشەکانی لای ئەبرد. بە دەنگێکی وەک چرپە بە ژنەکەی وت:

«هیچ نییە گیانە! نەختێ دان بە خۆتا بگرە، دەمێکە نازێ ڕۆیشتووە. ئەبێ مامانەکە بەندی کردبێ لای خۆی، یان هەر لەوانەیە لە ماڵ نەبووبێ و چاوەڕێی بکا. بێگومان ئێستاکە بەڕێوەن ...» ئەگەرچی ژنە هیچ نیشانەیەکی سەلماندن یا نەسەلماندن، بگرە هی گوێ گرتنیشی لێ دەر نەکەوت، بەڵام وا دیار بوو ئەم قسانە پەرۆش و چاوەڕوانیی مێردەشیان کەم نەکردەوە، چونکە هەر گورج دوای ئەمە وتی:

― باشتر ئەوەیە خۆم بچم بە دوایانا، نەوەکا درەنگتریان پێ بچێ! کە ژنە ئەم قسەیەی دوایی بیست بە دەنگێکی بەرزتر لەوەی لێی ڕەچاو بکرێت قیژانی وتی:

― نە گیانە! مەکە، بە جێم مەهێلە! تۆ بڕۆیت من لە ترسانا شێت ئەبم!

نەختێ بێدەنگ بوون. ژنە هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە زەردەخەنەیەکی بە ئازار و ژاکاوەوە، کەوا لە چاوە ڕەشەکانیا پتر دیاری ئەدا تا لێوە وشکە شینداگەڕاوەکانی، وتی:

― چەندم حەز ئەکرد کوڕێکمان بوایە!

ژنە قسەکەی پێ بڕی، دوای هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشان وتی:

― خوایە بە ناشکوریم لێ نەگری! زۆر ناخۆشە دوای ئەم هەموو ژان و ئازارە کچم ببێ!

مێردە وەکوو تازە لەو قسەکەی گەیشتبێ، بە تووڕەیییەکی کوتوپڕی ساردەوە وتی:

― کوڕ چییە و کچ چییە؟ ئەم قسەیە زۆر لە ئەقڵ و ژیریی تۆ بە دوور ئەزانم، لام وایە ئازار سەری لێ شێواندوویت، ئەگینا کەی تۆ وا کۆنەپەرست بووی!

ژنە دەمی کردەوە قسە بکا مێردەکەی بەئەسپایی دەستی خستە سەر لێوە وشکەکانی و وتی:

― بەسە تو خوا کاڵێ گیان بەم چەشنە خەیاڵانە دڵی خۆت ئازار مەدە، بە لای منەوە هەر تۆ خۆش بیت و زوو ڕزگارت ببێ ئیتر کوڕ و کچم لا وەکوو یەکە.

ژنە سەرێکی بادا. وەکوو بە قسەکەی باوەڕ نەکا. گورج مێردە وتی:

― بە ڕاستی زۆریان پێ چوو! بەتەواوی تامی تیا نەما. لە هەمووی باشتر ئەوەیە خۆم بچم بە شوێنیانا، نەوەکا تووشی شتێ بووبن.

― ژان و ئازار پتر شاڵاویان بۆ ژنە هێنا. دوا ترووسکەی خۆشییان لە چارەیا نەهێشت. دانی چەقانە لێوی کە ماوەی هاوار و قیژەی نەدا. ئارەقە بەسەر چاو و لاملیا ئەهاتە خوارەوە زەنگوڵ زەنگوڵ. مێردە دڵی گوشرا، بێ ئارامی و شپرزەیی و دوودڵییەکی تەواو گەمارۆیان دا. لە ژوورەکەدا دەستی کرد بە هاتوچۆ بە جۆرێک کە زیاتر لە لۆقەکردن ئەچوو تا پیاسەکردن! پەیتاپەیتاش تەماشای سەعاتەکەی مەچەکی ئەکرد.

ئەوەندە شڵەژا بوو نەیئەزانی سەعاتەکە لە جێگەی خۆی وەستاوە یا ڕائەکات.

ئەیویست شتێ بکا، هەر شتێ بێ، بە هەر نرخێ بکەوێتە سەری قەی ناکا بە مەرجێ کاڵێ لەم ژان و ئازارە ڕزگار کات، بەڵام هیچی لە وزەدا نەبوو.

هەتا ئەهات زیاتر هەستی بە هەڵەی خۆی ئەکرد، کە چۆن نازێی نارد بە دووی مامانەکەدا و خۆی نەچوو بە فڕکانێ سواری عارەبانەیەکی بکا و بیهێنێت... ئیستەش نەچووە بچێ.

چۆن ئێستا بچێ! ئەی کاڵێ بە دیار کێوە بەجێ بهێڵێ بە دەم ئازارەوە گەوز بدات بەتەنیا، کەسێ نەبێ قومێ ئاوی بکا بە دەمیەوە، ڕەنگە، چی؟

خوا نەکردە! ڕەنگە بەڵێ ڕەنگە بمرێ! هەی هاوار خوایە شتی وای لەگەڵ نەکەی، وای سەری تەقی، لەپڕ لە داخانا لە بێدەسەڵاتیی خۆی نەڕانی:

― بە ڕاستی ئەم ژانە شتێکی بێجێ و ناڕەوایە! ئۆف خوایە ئەم ئازاردانە چ مانایەکی تیایە؟

ژنە ئەوەندەی لە توانایا بوو ترش و تاڵیی چارەی پڕئازاری خاو کردەوە و بە دەنگێکی وەک سرپە وتی:

نە تو خوا جوامێر گیان قسەی وا مەکە، چۆن دڵت دێ وا ئەڵێیت، گوایە بوونی ئینسانێک ئازار ئەمەندە ناهێنێ؟ نا، گیانە، بەزەیی بە هەڵەت نەبات، هاتنە دنیای ئینسانێک گەلێ لەمەش زیاتر ژان هەڵئەگرێ!

مێردە بە تەوسێکەوە وتی:

― ماڵی بابت کاول بێ، ئێستەش لە قسە نەستەقەکەنت ناکەوی، باشە دە بیخۆ، بۆخۆت هەر گینگڵە بدە بە دەم ژانەوە!

مێردە بێئارامی گەیشتە ئەوپەڕی، ئیتر خۆی پێ ڕاگیر نەکرا، بڕیاری دا کە خۆی بچێ بە دووی مامانەکەدا هەرچی ئەقەومێ بقەومێ بە دەنگێکی بەرز وتی:

― بێگومان شتێکیان بەسەر هاتووە! ئەگینا تا ئێستا هەر ئەهاتنەوە.

ماڵەکەیان لێرەوە هەر چارەکێ بیست دەقیقە ئەبێ!

خۆم ئەڕۆم هەر ئێستا بە عەرەبانە ئەیانهێنم و ئەگەڕێمەوە. بە هیچ جۆرێ نیو سەعاتم پێ ناچێ. سەهووم کرد ئەبوو زووتر بچم، ئێستا لەمێژ بوو گەڕابوومەوە.

(دەنگی نزم کردەوە وەکوو لەبەر خۆیەوە قسە بکا):

وای کە پیاو بە لێقەومان کزە! ئەوە بۆ چی وا سەرم لێ شێوا! خۆ هەر بەتەواوی کوێر و کەڕ بووم. وام ئەزانی بە تاقی تەنیا خۆم و کاڵێ هەین لە دونیادا. یا لەناو دەریایەکی بێ پایاندا بە جووتە لێمان قەوماوە. هیچ ئەو دراوسێ باشانەم بیر نەبوو، کە بەهەر کەسێکیانم بگوتایە ئامادە بوون بە خۆیان و ژن و کچیانەوە بێن بە دیار کاڵێوە دانیشن یا بچن مامانی لەبنی دنیاوە بۆ بهێنن.

(دەنگی نەختێ بەرز کردەوە و وتی):

هەر ئێستا ئەچم بۆ ماڵی مامە ڕەشەی دراوسێمان کچەکەیانت بۆ ئەنێرم بۆ هاودەنگی. یا باشتر ئەوەیە دایکی بێت، ڕەنگە دەستی مامانیشی هەبێ.

هەر چۆنێ بێ ئەو لە کچەکەی شارەزاترە لەم کارانەدا. خۆشم ئەچم بەدووی باجی پیرۆزی مامانا. ئەگەر ئەویش نەبوو یەکێکی تر، نیو سەعاتم پێ ناچێ.

ژنە ویستی قسە بکات، بەڵام مێردە گوێی نەدایە وتی:

― خوات لەگەڵ هەر ئێستە ئەگەڕێمەوە.