سپاس بۆ بۆکان

لە کتێبی:
دیاریی مەهاباد
بەرهەمی:
مەلا غەفوور دەباغی (1927-1990)
 2 خولەک  622 بینین
تێپەڕ بوو لە میرریخ و زوحەل هیممەتی بۆکان
هەوری لە سەما خستە سەما غیرەتی بۆکان
ئەو هێرشە لافاوە کە هۆی چارەڕەشی بوو
سەلماندی بە دنیا شەڕەف و عیززەتی بۆکان
چی بوو دژی ئەو ئاوە بێ ئامانە وەخۆ کەوت؟
هێزی بەزەیی و ڕەحم و دڵ و یارمەتی بۆکان
کێ باوەشی گەرم و گوڕی گرتبۆوە بۆ خەڵک؟
تەنیا گەلی خاوەن کەڕەم و نیعمەتی بۆکان
پیاو چاکیی و دڵ پاکیی و خزمەت بە هەژاران
بەرگێکە بڕاوە بە قەد و قامەتی بۆکان
پێویستی بە تاریفی ئەم و ئەو نییە، وەک خۆر
تیشکی لە هەموو جێیە ئەدا شۆرەتی بۆکان
شانازییە بۆ کوردی هەموو شوێن و وڵاتێک
چاوتێریی و جوامێریی و ئازایەتی بۆکان
نێوبانگی لە گشت ناوچەیەکا ویردی زمانە
دەنگی لە جیهان داوەتەوە پیاوەتی بۆکان
وا تێمەگە بۆکانی لەچاو خەڵکی دی لۆردن
پێت وا نەبێ، ئەندازی نییە سەروەتی بۆکان
مەردایەتی چی داوە بە سەر زۆر و کەمیی ماڵ؟
هەر چاکە لەگەڵ خەڵکی بووە عادەتی بۆکان