ڕۆژەوە بوونێک

لە کتێبی:
لە خەوما
بەرهەمی:
جەمیل سائیب (1887-1951)
 3 خولەک  1040 بینین

لەدواییی ئەم بەهارەدا لە بەغداشوێن ئەهاتمەوە، شەوێک لە کرپچنەوە، دوو کەس بووین سوار، دوو بارگە بووین لەگەڵ (قاترچییەکە) سەیسەکەدا لە سەگرمەوە هاتین، دنیا چونکە هیچ جەردە و دز و... نەبوو، بێ ترس و لەرز بێ دڵەخورپێ بەڕێ کەوتین، شەو مانگەشەو بوو تریفە تریف، ئەودیوی سەگرمە دیتە زۆر بەردەڵانی و خواروخێچە هەر لە نیوەی ڕێگاکە من دابەزیم بەهەزار نقوجڕ سەرکەوتم، کە هاتمە سەرێ زۆر ماندوو بووم، لە سوچێکی سەر کەژەکەوە قنگەلفسێکم دایەوە، توزێ دانیشتم وەخت بەرەبەرەی بەیان بوو، مانگیش لە ئاوابووندا، جریوەجریوی ئەستێرەکان و بریقەبریقی مانگەشەوەکە عینسان تێری لێ نەئەخوارد، هەروا تاس ئەیبردمەوە، جێگەکەم وا هەڵکەوتبوو هەموو قۆپی قەرەداغم لێ دیار بوو، هەتا چاو بڕی ئەکرد، ئەو دارستانی قۆپەیە وەکو ئاوێکی زۆر مەنگ و کشومات و سەوز ڕاگیرابوو، شنەشنی ئەو با فێنکە کە ئەهات خشپوهۆڕی بەو گەڵایانە ئەخست، لەولایشەوە تازە شەبەق بەیانی دابوو، قەراغ و بیجاغی عاسمان سپی داگەڕابوو، هەرچەندم ئەکرد تێرم لە ڕوانینی نەئەخوارد.

لە خوارەوە لەبەر دەممدا لەو ناو قۆپەیەدا جارجارە لوورەلووری دەعبا و مەعبا، زریوەزریو و فڕکوهۆڕی چۆلەکە کەوا تازە لە خەو هەڵئەسان و ئەگەڕان، دڵمی دائەخورپاند، لەو ناو قۆپیەدا، ناوبەناو شوانوموان ئاگرۆچکەیان کردبووەوە، بریسقوهۆڕی ئەو ئاگرانەش لە دوورەوە، ئەتوت گوڵەئەستێرەیە ئەنوێنێ، ئەو ڕووناکییە بێ تۆزە، ئەو با خۆشە بۆندارە، ئەو کەژوکێوە سەوزە، ئەو دانیشتن و پاڵدانەوەیە، ئەو بیرکردنەوەیە، هەروا توزلقانەیەکی مابوو لە خۆشیانا ببوورێمەوە ئەمویست هەتا ماوم لە دنیادا لەو جێگا و سەعادەتەدا بوومایە. لە پڕێکا کابرای قیتارچی گرماندی و گوتی فڵانەکەس فڵانەکەس وتم هەی بەڵێ باقە ئەوە چییە کورە، وتی درەنگە هەڵسە بەڕێکەوە بڕۆین، منیش هەناسەیەکی ساردم هەڵکێشا هەڵسام داپەڕیم بۆ خوارەوە، لەو سەرە و لێژەیە، بەدوو سێ قەڵەمباز خۆم گەیاندە خوارەوە، پێش هەتاوکەوتن گەیشتینە دەربەندەکە باوەڕ ئەکەن ئەوێشم بەقەدەر سەرەوە لا خۆش بوو، لەملاوە ئەو بەرد و تاوێرانە چوون بەعاسماندا، سەریان گەیشتووەتە کەشکەشان، سەر هەڵئەبڕی کڵاوت ئەکەوێتە خوارەوە، تافەتاف و هاژەهاژی ئەو ئاوە سپی و ساردە کە ئەهاتە خوارەوە، ئەو با فێنکە خێراخێرا ئەیدا بەسەر و چاوما لە خۆشیانا قاچم نەبوو بڕۆم بەڕێوە. لەبەر دەربەندا، جۆگەلەیەکی نەشمیلە و خنجیلە ڕێکوپێک هەڵگیرابوو، هەر چوار لای زەرد و سوور لە وەختی دارستان و سەوزەگیا و گوڵی زەرد و سوور لە وەختی هەتاو کەوتندا لە قەراغی ئەو جۆگەلەیە بارمان کوتا بەزەویدا، هەتاو تازە ئەکەوت، بریسقەی هەتاوەکە لە مەعبەین لقی گەڵاکانەوە ئەیدا بەناو جۆگەلەکەدا، بەپرشنگەکانی چاوم ڕەشکەوپێشکەی ئەکرد. کوتوپڕ ئاگرێکی بەنێڵەنێڵمان کردەوە، چایێکمان لێ نا، قاوەیەکمان پێ کان چونکە بەڕێی ئاسن هاتبووین هێشتا سەموون و بکسمد و پەنیر و ماستی بەغدا و خەیار و پورتقالی باقووبە و قەیسی و سێوی شارەبانمان تەڕوبر پێ هەبوو بەچایی و قاوەوە تێڕوپڕمان خوارد، دوایی سەرخەوێکمان شکاند هەڵساین هاتین بەڕێوە. ئێستاکێش و هەتا ئەو ڕۆژەی دام یەڵنە نێوی قەبر ئەو خۆشییەم لەبن دانایە.