ئەحواڵی خان و دووەمین قۆرت

لە کتێبی:
لە خەوما
بەرهەمی:
جەمیل سائیب (1887-1951)
 4 خولەک  593 بینین

بەهەر حاڵێ بوو، لە قوژبنێکی ژوورەکە بەتورسکەی چرای قوتیلکەی خانچییەکە بستێ جێگای وشکم دۆزییەوە، لەسەر تا جەواڵێکی کاروانچییەکان بەچیچکانەوە هەڵتروشکام و سەرم نایە سەر ئەژنۆم. لە ئەوەڵی عومرمەوە هەتا ئەو دەقیقەیە پەڕە پەڕە تەئریخی ژیانی خۆم خوێندەوە کە لە دنیادا من بەئەمەل و هیوای چی ژیاوم ئێستا چ ڕۆژ و سەعاتێکم دی، زۆر زۆر مەئیوس بووم دڵم پڕ بوو لە خوێناو، بەو ڕەنگە هەتا نزیکی سەعاتێک ڕام بوارد، کابراکانیش کەروباری خۆیان دامەزراند، هەریەکە لە سووچێکەوە لاڵوپاڵ لێی کەوتن، پرخوهۆڕی خەویان لێ هەڵسا. گوێم گرت لەو نزیکانەوە لە ماڵێک دەنگی شیوەن و گریان و لاواندنەوە و کوڕووزانەوە یەت ئەمما چۆن دەنگێ، هەروا بەردی ئەتوانەوە، هەروەکو بهێنێ ساجێک ژیلەمۆ بکەیتە جەرگەمەوە ئاگرم تێ بەربوو، خۆم لە بیر چووەوە، بێ پەروا وەکو شێت ڕاپەڕیم چوومە دەرەوە، لە خانچییەکەم پرسی وتم ئەم شیوەن و گریانە چییە؟ هیچێکی وا نییە ئەو ژن و منداڵانە مێرد و باوکیان کوژراوە. کابرای تاین بەڕەنگی وا بێ ئەهمیەتانە وتی (ئەوە هیچ نییە) کە من لە جێگەی خۆم هەر وشک بووم، مەگەر من شتی وا ئەوەڵجارە ئەبینم و کابرایش ئەم نەوعە شتانەی زۆر دیوە، ڕاهاتووە و ئەمانە هەر بەهیچ ئەزانێ، منیش قەدەرێ ڕامام و لەبەر ئەو سەرما و بارانە گوێم لەو گریان و کڕووزانەوەیە گرت و چەند فرمێسکی حەسرەتم هەڵڕشت، دوایی وتم یاڕەبی تۆ خەبیر و قادری چی بکەم و من چیم لە دەست یەت، هەروا بەهەناسەی ساردەوە گەڕامەوە ژوورەکە و دانیشتم هەر تاس ئەیبردمەوە، قەدەرێکی باش بەو ماتەمینییەوە سەرم نایەوە، هیچ فائدەی نەبوو، لە تاوانا هیچ خەویشم لێ نەئەکەوت. هەر ئەوەندەم زانی لەو دیو خانەکەوە تەقەی تفەنگ و هەرا و زەنا و زریکە و هاوار پەیدا بوو، چەند تەقەیەک هات، بوو بەغەڵبەغەڵب و گریان و شیوەن و بانگەبانگ، دیسانەوە خۆم نەگرت دەرپەڕیمە دەرەوە گوێم گرت، هەر ژن و منداڵ بوون لەو دیوەوە بەگریانەوە قسەیان ئەکرد، ئەپاڕانەوە و ئەلاڵانەوە، ئەم جاریش لە خانچییەکەم پرسی وتم ئاخۆ ئەمە چییە، ئەم جارە چی بووە؟ وتی چووزانم پیاو ئەگەر من بۆ ئەمانە جوابی تۆ بدەمەوە ئەبێ خەریکی هیچی تر نەبم هەر جوابت بدەمەوە، شەو و ڕۆژی سەد شتی وا لێرە ئەقەومێ، وتم ئاخر خاڵۆ تۆ عاجز مەبە ئینسان لەمانە دڵی ئەبێ بەئاو، چۆن ناپرسێ! وتی ئاخر تۆ شتی وات نەدیوە بۆیە هەموو شتێ ئەپرسی، هێشتا ڕانەهاتوویت، ئەوە ساحێبی ئەم ماڵە نازانم چەند ڕۆژێکە لەسەر جاسووسی و ماسووسی گیراوە و فەلاقەیەکی زۆر کراوە و لە پاشان داوای جەزایەکی زۆریان لێ کردووە، ئەویش پارەی نەبووە بیدا ماڵەکەیان فرۆشتووە، ئەویش بەشی جەزاکەی نەکرد، ئێستاش خۆی هەروا حەپسە، کەچی ئەوا فەقیرە دز هاتووەتە سەر ماڵەکەشی ئەو تۆزە پڕوپیتەیشیان کە ماوە هەڵبەت بردوویانە، وا تفەنگیشیان پێوە ئەنێن، ئێستا منداڵێکیشی نەکوژرابێت هەر چاکە. وتم ئەرێ ئەم هەموو جاسووسە چییە لێرە هەیە؟ کابرای خانچێ سەرێکی لێ لەقاندم و سەیرێکی فەساڵی کردم و تۆزێک پێ کەنی وتی: ئای باوکم ئەمە نەخۆشییەکە هەموو کەس ئەبێ بیگرێ، تۆ غەریبی هێشتا ئەمەت نەدیوە، بەڵام چاوت نەفڕێ تۆیش ئەیبینی. ئیتر منیش بەماتومەلوولی هاتمە ژوورەوە و سەرم نایەوە لێی کەوتم فەقەت هیچ خەوم نەبوو، ئەحواڵێکی زۆر خراپ و ناڕەحەتم بوو، لە سەرمانا هەڵئەچۆقیم. برسی، دڵگیراو، عاجز، مات، هەر بیرم لە خۆم و لە دنیا ئەکردەوە، هەر سەعاتە نەسەعاتێکیش لەملا و لەولاوە تەقوهۆڕی تفەنگ، هاواروبانگی خەڵق ئەهات، منیش لە تاوانا ڕائەچەنیم، فەقەت نەمئەتوانی بچمە دەرەوە، هەر چۆنێک بوو بەو حاڵەوە ڕام بوارد هەتا بەیانی.