ئەڤینی من ئازادی
بەناوی خوا، بەناوی گەلی قارەمانی کورد، بە یادی قارەمانانی کورد
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
3 خولەک
903 بینین
هیوای چوار وەرزم وەرە ئازیزێ
تاسەی بەهارم، خەمی پاییزێ
یار کۆڵێم، گەردن کێلێ، حەیرانێ
هۆ شەم، هۆ شیرین، هۆ گوڵە جوانێ
بەستەی ئازیزەی عەزیزانی دوور
گەنجینەی کۆنتر لە کەلدە و ئاشوور
وەرە بۆم بڵێ بە دەنگێکی خۆش
وەرە منیان کوشت پەژارە و پەرۆش
بەندی پاییزەی پاییزان درەنگ
گەڵاڕێزانی ئێوارەی کەمڕەنگ
خۆکۆکردنەوەی زەردەی ڕەنگ پەڕیو
بازە بەرانەی هەتاو بۆ نەدیو
وەرە بۆم بڵێ، ئەوڕۆ هەر ئەوڕۆ
سەری من گەرم و گراوی نامۆ
سوارۆی بەتەنێی هیوایەی لاوان
گەلۆی ئوستورەی فەرهەنگی باوان
وەرە بۆم بڵێ و چش کە لە خەمێ
وەک شەمزین بەندم بۆ باوێ شەمێ
وەرە بە چریکەی بەرزی مەم و زین
پاراو کە مێشکی ویشک و بێ ئەڤین
دڵی من یەک و خەمم هەزارە
تازە لە ئاسۆم زەردێک دیارە
ئای لە دەردی من، ئای لە دەستی تۆ
ئەی هاوار لە دەست چاوی مەستی تۆ
ڕوومەت گوڵی سوور ناڕەزا کردوو
بسک برەوی بەڕەزا بردوو
تەماشای هەنیەت هەتاو نەکردە
بۆنی ئەگریجەت شەماڵ نەبردە
لەو هەموو وێنەی وەستای وێنەگەر
هەر تۆی بێ وێنە لێ هاتوویە دەر
ئەو کاتەی هێڵی بە برۆت دادێنا
هەر زانستێ بووی بەکاری هێنا
تا زەردەگوڵی گۆنات دەنگێوێ
چیمەن سەد کاسە خوناو دەپێوێ
بۆ سەر گەردی تۆ گیانی من دەوری
کەمتر نەدیوە لە دەسرەی هەوری
نە خرمەی بەرمۆر، نە سەمای پەرەنگ
نە قڵپەی بادەی تونگەی گەرووتەنگ
هیچیان وەک بزەی سەر لێوێکی ئاڵ
سەر ناشێوێنن لە من و لە خەیاڵ
پەری و زێڕنۆکێ یەکن بە شێوە
خاڵێک پارسەنگی خستە ئەو نێوە
دانەی خاڵ سووتا لەسەر شەمی ڕوو
نە شەم دامرکا، نە ئەو دڵمەند بوو
ئەگەر خەم دێنێ فێسی لار کەوتووت
خەو دەبا خاڵی ئاگر تێبەربووت
خاڵ و لێوی تۆ لێک دێن بە نۆرە
خاڵ لەجێی خۆی بێ قیمەتی زۆرە
کە خاڵت خزی و ڕووی کردە لێوت
خوێن پەڕیە کوڵمەی خەیاڵ بزێوت
شیرنایی لێوت خاڵی وا مڕ کرد
خاڵت نوختێکە دنیای پێ پڕ کرد
وە ڕێی کەس نەیەن خاڵ و بسکی خاو
مەل بۆ دانە دێ خۆی داوێتە داو
گوارە وا لەگەڵ لاجانگت سازا
تازە کاری من لە کار ترازا
کەمتر بەو شانە کەزیک دابێنە
یەکجار هێندەش ڕوو مەدە ئاوێنە
دڵنیام هیچیان قسە هەڵگر نین
شانەی بە زمان و ئاوێنەی ڕوو بین
دێوی دزێوی کارێکی کرد پێم
سرووشت پێی سەیرە لە جوانی ئەدوێم
وەرە ڕابردوو لەبیر بەرەوە
ئەوجار کۆیلەی خۆت بەسەر کەرەوە
وەرە با بڕۆن ڕۆژانی تاڵی
دەردی ژێردەستی دەورەی عەوداڵی
دەمبینی ئەوڕۆ مەستێکی مەستم
وەرە جا دەستێ بخە ناو دەستم
بەینی من و تۆ هەڵگیرا پەرژین
کاتی ئەوە هات دەستەو ئەستۆ بین
چەند سەری بەرزم هاویشتە بەر پێت؟
سێڵاوی خوێنم چەند ڕشتە سەر ڕێت؟
چەندت بەند و داو بە من ڕەوا دی؟
ئاخر تۆ ناوت نرا ئازادی؟