نامەیەک بۆ کاوە
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
6 خولەک
851 بینین
تا کەنگێ زەمانی بێ زمانی
با بەس بی وچانی وێژەوانی
ئەو سەردەمە چوو کە دەس بەسەر بووم
با بێمەوە سەر ڕەوەندی پێشووم
زۆردارێ کە عومرێ دڕکی من بوو
نۆبەی منە لێی ببم بە داسوو
بچنم گوڵی بی دڕو ئەوەندە
کەس قیمەتی وان نەزانێ چەندە
لەو شەو، لە مەبەست و پیت و ڕستە
هەڵبەستی تەڕ و بە نرخ و بەستە
چی خۆم ئەمەوێ هەڵی بژێرم
بێ مایە لەناوی هەڵ وەژێرم
ئەوتۆ کە لەدووی ببن بە عەوداڵ
لەو هەرد و هەرێمەدا کوڕ و کال
وەک شەمعی لە ڕێی یەکی بدێرن
وەک دیاریە بۆ یەکی بنێرن
شەوگاری درێژ من و قولینچکێ
رۆژ جۆگەلە ئاو و تۆزە شینکێ
گەر دەس بدەن ئەو دووە هەموو دەم
ئەو گەنجە بە تەختی شایی نادەم
لەولایە کە لاوی دڵ دەڕێژم
لەو دەستە کەلاکی خەم دەنێژم
ماوێکە دەسی نەیاری دڵڕەش
ئاوا هەڵی داشتووم لەگەڵ وەش
لێتان چ نزیکم و چ دوورم
هەر کوردم و هەر لەسەر وە سوورم
ئەو ڕۆژە کە من بە کوردی خوڵقام
فەخرێ بوو کە کوردەواری پێی دام
بۆی کردمەوە سینگ و باوەشی خۆ
ئەو دایکە منی گەیاندە ئەوڕۆ
ئەوڕۆش کە ئەڵێم لە خەڵکی شازم
هۆی هەر ئەوەیە بە کورد ئەنازم
***
باوانی من و تۆ سەردەمی زوو
چەکیان ئەگە بووبێ هەر گورز بوو
هەر ئەو چەکە بوو لە دەستی مێران
بەو گورزە ئەچوونە ڕاوی شێران
گشت کارێ بە دەستی وان ئەسووڕا
میریش بە قسەی ئەوان ئەگۆڕا
چی لەو گەلە کەوتەوە بە هێز بوو
بەو هێزەوە ئەو گەلە بەڕێز بوو
لەو سەر زەوییە نەبوو وەکوو وان
مێر خاس و بڵیمەت و دلۆوان
بەو بۆنەوە ناوی وان نرا کورد
ئەشزانی کە کورد یەکە لەگەڵ گورد
ئەم دەورە کە کورد کز و کەساسن
ئەمنیش و ئەتۆش بەوان ئەناسن
ئێستەش کوڕی وان ئەوەندی ماون
لەو ناوچەیە بەش بەش و بڵاون
هەر دوژمنێ کەرتێ کەوتە دەستی
بوونە هەدەفی ڕەگەزپەرستی
دەوروبەر ئەوەی لە دەستیان دێ
ماف و هەقی وان ئەنێنە ژێر پێ
هەر کامی لەوان سەریش هەڵینێ
داگیرکەری ملهوڕ ئەیپەڕێنێ
٭٭٭
ئەو کاوە کە تۆی بەناو کراوی
کەم کوردێ هەیە، نەزانێ ناوی
کوردێ بو نەترس و ژیر و چالاک
تێکۆشەر و قارەمان و بێ باک
ئەوکاتە دژی ستەم هەڵستا
مەردانە خەباتی کرد نەوەستا
ئەو پیاوە بە هێندێ چەرم و دارێ
زوححاکیکەس لە تەختی خستە خوارێ
گەر ئەو وتە سەیرە لای تۆ کاوە
ڕوونکردنەوە کێ لە تۆی وەچارە
مەیدان هەیە بۆ هەموو کەس ئەوڕۆ
نووسین لە من، خوێندنەوەی لەسەر تۆ
کۆسپێ کە بوو لاچووە لەسەر ڕێم
دەرفەت هەیە بۆ لەگەل تۆ نەدوێم؟
وای دانێ کە ئەوڕۆ تۆ قوتابی
لێم سوورە لە دەرسێ ماندوو نابی
گوێ بگرە لە مامی خۆت کەوایە
چیرۆکەکە با بگاتە دوایە
٭٭٭
شای ئەو دەمە ناوی ئەژدەهاک بوو
شای چی؟ وەکوو شێری سامناک بوو
نەیبوو بەزەیی و ڕوحم لەگەڵ کەس
خۆشی و دەسەڵاتی خۆی ئەویست بەس
بێجگە لەوە زوڵمی پێ ڕەوا بوو
دوو ماری لە شانەکان ڕوا بوو
جا بۆ ئەوە مارەکان بژین شاد
گشت رۆژێ لە مێشکی ئادەمیزاد
هەردووک ئەبوو تێر کرێن و مڕ بن
بەو خواردنە تا بخەون و کڕ بن
نەک برسی بن و لەبەروە شاڵاو
بۆ سەر سەری شا بەرن لە ناکاو
کردی بە ئەرک لەسەر هەموو کەس
لە گیانی کوڕان ئیتر بشۆن دەس
هەر باوکێ کوڕی هەبا ئەبوو خۆی
هەستێ و سەری ئەو کوڕە بەرێ بۆی
پێشکێشی بکا هەتا لە پاشا
مێشکی بخورێ لە کۆشکی پاشا
فیردەوسی ئەڵێ هەزار و یەک ساڵ
ئەو شایە ژیا بە زوڵم و تیتاڵ
هەر ڕۆژە کوڕی کەسێک ئەکوژرا
بەو بۆنەوە جلکی ڕەش ئەپۆشرا
هەر لایە ئەچووی شەپۆڕ و شین بوو
هەر شیوەن و ئێخە دادڕین بوو
ئەو نۆبەیە هات گەیشتە کاوە
شا زانی کە ئەو کوڕێکی ماوە
حەوتی تری بوون ئەوان هەموو چوون
نەیبوو ئەوە کەڵکی گاو و گەردوون
گوتیان ئەمە نابێ زۆر مناڵە
با جارێ ببێتە هەژدە ساڵە
ئەوجار کە کوڕێک بوو پێگەیشتوو
زۆرزان و بەهۆش و تێگەیشتوو
هاتن کە ئەویشی لی بسێنن
بیکوژنەوە مێشکەکەی دەرێێن
ئاسنگەری پیر ئەگەر ئەمەی دی
هەرچی هەبوو نایە لا شتی دی
دڵ پڕ بوو لە شای و مارەکانی
خوێن ئەکوڵی لەناو دەمارەکانی
ئەو چەرمی لەخۆی ئەبەست لەسەر کار
کردی بە عەلەم لەسەر لقێک دار
ئەو دار و شەکیلە بوونە ئاڵا
ئاڵایە کە خەڵکی لێ دەهاڵا
بەو چەرمەوە کەوتە شار و باژێر
کۆی کردەوە دەوڵەمەند و وەرزێر
هاواری دەکرد کە: بۆ مە شەرمە
ئەو خوێنمژە تاکوو کەی لە سەرمە؟
دنیا ئەوەتا نوقم بوو لە خوێن
وەرن و هەموو دەس لە دەستی یەک نێن
ئەو شایە لە تەختی بێننە خوارێ
نازانێ بە شایەتی بچارێ
ئەو مەینەتە ئێمە بۆ بچێژین؟
تاکەی ئەبێ تەرمی کوڕ بنێژین؟
خەڵکیش وەکوو کاوە دڵ بریندار
بگرە لەوی توڕەتر هەزار جار
لێک چوون و ڕژانە کۆشکی شاوە
شایان لەوێ گرت و خستە لاوە
ئەو پەرچەمە ئێستەش ئەو زەمانە
بەو بۆنەوە ناوی «کاویان»ە
٭٭٭
لەجیاتی ئەویش گەڕان لە ئێران
یەک بێنن و ببێتە شا لە سەریان
شازادەیە بوو لەوێ فەرەیدون
دڵسۆز و بە ئاوەز و بە زاکون
ڕۆژێک هەموو چوونە لای بە گشتی
کاوە لەبەر و خەڵک لە پشتی
گوتیان ئەبێ تۆ ببی بە شامان
باشتر لە تۆ کەس نییە لەلامان
کاتێک بە بەڵێن وەڵامی داوە
ئەو گیر و گرفتی بوو بڕاوە
بەم شێوەیە بوو بە شا فەرەیدون
پیس و چەپەڵی وڵات لەناو چوون
جێگەی شەڕی گرتەوە تەبایی
بەو بۆنەوە بوو بە جێژن و شایی
٭٭٭
هیوام هەیە تۆش کوڕێکی ژیر بی
پسپۆر و بە هەست و هۆش و بیر بی
هێندەی بکە بێ وەخت مەچۆ خەو
بەو خەوتنە ڕۆژی خۆت مەکە شەو
بخوێنە هەتا هەلت لەدەس دا
هیچ ناکرێ کە ئەو هەلەت لەدەس دا
وریا بە لە خۆت کە ئەو زەمانە
دایکێکە لە بەرخی گێژ نەبانە
گوێ بگرە لە ئەمری دای و باوان
ڕێزیان نەگری ئەبێتە تاوان
ڕێیەک مەدە بەر بە تاقی تەنیا
هەوراز و نشێوی زۆرە دنیا
بۆ باب کوڕ و، بۆ برا، برا بە
یانی کوڕی چاک چلۆنە وا بە
بۆ کورد بژی، لامەدە لەڕێی گەل
تۆ بازی، مەبە بە هاودەمی قەل
ئەو خاکەیە لێی ئەژی هەتا هەی
ئەو خەڵکە بەژێر چەپۆکی تاکەی؟
جێی خۆت بکەوە لەناو هەڤاڵان
دۆست بگرە بەڵام بە مانگ و ساڵان
دۆستێکی وەها کە بوو بە هاوڕێت
ماڵ و سەری خۆی وەچاو نەبێ لێت
دوو ڕوو کە لە هەردوو لاوە پەستە
ڕووی تێ مەکە پشتی پێ مەبەستە
تۆ هێشتە مناڵی نۆجوانی
پێویستە لە ئێستەوە بزانی
هەر پیاوی نەزانە ڕەنجەڕۆیە
زانا بی، ژیان حەڵاڵی تۆیە