یادی بارزانی

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 3 خولەک  874 بینین
لە دڵمدا بوو لەگەڵتا بدوێم
بێنمەوە گۆڕێ خەمی کۆن و نوێم
لە گزی و فێڵ و چەپۆکی زۆردار
لە گەلی دەربەدەر و ڕووت و هەژار
هەست ئەگەر دەستێ بداتە دەستم
کاروانێ لە مەبەست ڕابەستم
پەردە وا دێن و لەلام ڕادەبڕن
ئەوی دڵخوازی منن خۆ دەگرن
جا خەیاڵم ئەوێ خۆ نەبوێرێ
بێت و لەو ناوە یەکێ بژمێرێ
گەر لەوە دەرفەت و مەیدانی نەبوو
دەمێ بمباتەوە چاخی پێشور
سەرچیا و ناو گەڵی و، دار و دەوەن
ناو کەوی بەفر و، ڕنوو و لێڕ و چەمەن
هەموو لا دەنگە، هەواڵە، خەبەرە
سەر چیا سەنگەرە، داوێن چەپەرە
تەقەیە گرمەیە، دەسڕێژی تفەنگ
تەم هەموو جێیە دەکاتە شەوەزەنگ
هێرشی پێشمەرگەیە بۆ سەر دوژمن
لێی دەکاڵێتەوە هێرش بردن
سەر دەبا گیانی نەیار دەستێنێ
سەر وەبەر دوژمنی کورد ناهێنێ
هەندرێن سەنگەری سەربەرزانە
گیان لەوێ چەندی بڵێی هەرزانە
پێکەوە لێنک دەدرێن لەو هەردە
جەندەکی جاش و سەری سەرکردە
لە کوڕەک دێتە ڕژان خوێنی گەش
سێرە ناگیرێ لەبەر دوکەڵی ڕەش
تەرمی دوژمن لەسەر ئاوی بێخاڵ
بۆتە چێشتان و بژیوی قەل و داڵ
ڕۆژ و شەو لێرە هەموو دەشت و دەرێ
وەکوو یەک ئاگری دەڕژێتە سەرێ
لوتکە هەر سەنگەرە، دەشت هەر مەتەرێز
شاخ و دەشت ئەمری سەرۆک ئەگرێ بەرێز
نە کوڕەک سەر لە تەمێ دەردێنێ
نە سەفین! هەڵ دەچنێ داوێنێ
بارەگای ڕێبەری کورد وا لێرە
بارەگام گوت کەچی لانی شێرە
بن تەڕاشێکی ئەگەر ساکارە
شەرەف و گەورەیی پێوە دیارە
کام چیا بەرزە لەسەر ئەو عەرزە
سەری ئەو سەروەرە هێندە بەرزە
ئێستە دەڕوانم و تۆ نابینم
دێوو سۆمایم ئەبا ئەسرینم
ڕوون نییە چاوم و لێم شێوارە
چاو نەما، یان تۆ نەمای لەوناوە؟
پێم ئەڵێن بێم ئەوە ساڵ نوێ بۆوە
بگرم کۆڕێ بە یادی تۆوە
دێم هەتا دەستێ بەسەر خۆما دەم
تۆ لە یادم ئەچی تا یادت کەم؟
سەردەمێ بووی و بەتۆوە نازیم
تۆ کە چووی، ڕۆیی هەموو شانازیم
بۆ تۆ من هێندە نەبێ نیمە وەڵام
کۆسپی ڕێ گەرچی گەلێک زۆرە بەڵام
شەرتە من دەس لە وەفات هەڵنەگرم
هەر لەسەر ڕێی تۆ بڕۆم تا دەمرم