نەدەبوو!
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
2 خولەک
866 بینین
دڵ ئەگەر مەیلی بە دڵدارێ نەدابا نەدەبوو
خەم کراسێک بوو بە بەژنی نەبڕابا نەدەبوو
مەستی ئەو خاترەی ئەمباتەوە جێژوانی کۆن
بە دزی بایە دەسم ڕوو نەکرابا نەدەبوو
ئەو خەیاڵەی لە خەوێدا شەوێ پێی ڕادەپەڕم
دڵی دێوانە بە ڕۆژ لێی نەدوابا نەدەبوو
پڕ لە چیرۆکی من و تۆ بووە شار و باژێڕ
ئیتر ئەو پەردە بلێی هەر نەدڕابا نەدەبوو
من لە دووی یار و نەیاریش ئەوە بە دوای منەوە
لەو گەڕابام من و ئەو لەمنی گەڕابا نەدەبوو
هێندە ساڵەی کە دەڵێن: کورد هەیە، ڕزگاریی دەوێ
پەت و سێدارە ئەگەر هەڵنەخرابا نەدەبوو
کورد پەکی کەوتووە بۆ دوژمنێ! دیارە بۆیە
خۆبەخۆ یەکیەتیی هەبوایە تەبا با نەدەبوو
ئەوی لەو خاکە چەکی بۆ گەلەکەی دەسدایە
پڕ مەترسی بوو براکەم ئەگە مابا نەدەبوو
سەری بۆ دوژمنەکەی شۆر نەدەکرد پێشمەرگە
ژن و مندالی وەبەر تۆپ نەدرابا نەدەبوو
کورد لەسەر مافی ڕەوای خوێن لە برینی دەڕژا
دوژمنی تینوو دەمی پێوە نەنابا نەدەبوو
ژەنگی هێناوە لە کالانەکەیا تێخی زوان
مشت و ماڵێک نەکرابا نەسوابا نەدەبوو
خوێنمژی دەوروبەری تێر نەدەبوون ئاخر، کورد
وەک گەلانی دی بە سەربەستی ژیابا نەدەبوو
دڵی کۆستکەوتە بە دەردانەوە خوێنی تێزا
چەند تنۆکێکی لە چاوم نەتکابا نەدەبوو
ئەی وەتەن شەرتی مە بوو «هێدیناسناوی ئەدەبی» لەبەر تۆ بمرێ
مردبایە دەبوو، پەیمانی شکابا نەدەبوو