ماڵ ئاوایی

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  1524 بینین
ڕێ ئەوە هاتووە ببڕێ کەم کەم
ڕێی بە هەوراز و نەوی و دەرد و خەم
چاو دەگێڕم لە چیا و ئاوایی
لە پشووی ئاخری ماڵ ئاوایی
ماچ دەکەم مستە گڵێک دوو سێ جار
بە لەشم دادێ تەزوو سەر تا خوار
دەگرم ڕێی دەوەن و دەربەدەری
ڕۆژێ دێ دەربەدەریش دانێ سەری
کە دەڕۆم ڕۆیینەکەم نابەدڵە
شینەکەم چونکە کەت و نیوەچڵە
کوردەواری گەلێ جێی وای ماوە
قاڕەمان گیانی لەوێ داناوە
هەن لەڕێی ئەو گەلەدا بێ سەروشوێن
چوون و بۆم ڕوون نەبوو جێیان لە کوێن
بۆیە دەرفەت نەبوو گشت جێیە بچم
من لە ڕاست وان کەچی هەر ئەستۆ کەچم
ئەوی ویستی لەوەدا لێم خۆش بێ
گەورەیی کردووە یاخوا خۆش بێ
داوی خەم گەر گوتم ئاوا بادەم
بۆیە بوو دەستێ بە ئەژنۆ دادەم
لێم دەدڵ نەگری دەناو گڵکۆدا
دڵی من شێتە دە تاسەی تۆدا
چەند بە یادی تو شەو و نیوەشەوێ
ڕاچەنی هێدیناسناوی ئەدەبی لە ویژینگی خەوێ
من کە ئەو چەند وشەیەم پێکەوەنا
هەر مەبەست بیرەوەری تۆ بوو دەنا
کارێ پێک نایە بە خۆزگە و بریا
دوژمنی پێکەنی هەر کەس گریا
کورد و پاڕانەوە شەرمە، شەرمە
دڵی ڕەق بۆ دەمی خەنجەر نەرمە
کەڵکی هیچ ناگرێ شین و ڕۆڕۆ
تۆڵە ئەستاندنە مەرجی من و تۆ