شاخی گوێزە کوێرە
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
762 بینین
لەو چەمە با لە دەراوێ بگەڕێم
بازێ باوێمەوە ئەوبەر وەپەڕێم
سەرخەوێک بەرمەوە گوێزە کوێرە
خەوی بێ وادە بە چاوم فێرە
شارەزام گەرچی گەلێک لەو ناوە
زۆر کەسم لێ بە تەماڵ هەڵناوە
لەو چیایە گەلێ جارم دیوە
جاش و ژاندرمە دە خوێن گەوزیوە
لێرە زۆر جار چەتەیان بۆ هاتوون
«حاجی پاراست» و «حوسێنی خاتوون»
ئێستە هەستێکی نییە بێ دەنگە
چاوی جاسووس لە خەوا بێ ڕەنگە
تاو هەڵات وەختی لە خەو هەستانێ
ڕووی ڕوانین دەکەمە نستانێ
با هەتاو کاتێ گزینگێ داوێ
چاوی لێڵم بەوێ ڕوون کەم تاوێ
وا مەزانە کە هەموو هەر خەوتوون
کوڕی ئازای گەلێ لێ هەڵکەوتوون