یادی هێمن

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  897 بینین
شیرن و تێراو و تەڕ بەستەی لەباری هێمنە
گەرم و ناسک، هەست و سۆزی نادیاری هێمنە
کاروانێکی لە شیعری سوار دەبینم دێ لەدوور
کاروانچی ئاشنایە، سەرقەتاری هێمنە
لەو قەد و لاپاڵە، لەو ناو مێرگ و کانی و ئاوەدا
حەز دەکەم بێ شەنگەبێری، وا بەهاری هێمنە
زۆر لە دەس سووڕانی ئەو چەرخە کەساسی دی هونەر
دەوری شانازی ئەدەب هەر ڕۆژگاری هێمنە
چونکە ئەو کۆشکەی لە فەرهەنگی گەلی کورد داندرا
سەنگتەراشی هێمنە، ئەندازیاری هێمنە
گەر وەفایی شیرنێکی شۆخی کردە یادگار
ئەوڕۆ بۆمە گەنجی بێ بن یادگاری هێمنە
بێتە لام هەر جێیە بەرزە تا بە کوردی پێی بڵێم
«بەرزی هەر شایانی واژەی نازداری هێمنە»
من دەڵێم وێنەی لە ناو دیوان و دەفتەر جێی نەبوو
بۆیە مانگی چاردە وا ئاوێنەداری هێمنە
چۆنە هێمن وا بە تەنیا کوردەواری گرتووە؟
چۆنە کوردستان وشێکە و پڕ بە زاری هێمنە؟
گەرچی هێمن چوو لە دەست ئەمما پەژارەی نابڕێ
هێشتە بۆ گەل دەردی گەورە کۆچ و باری هێمنە
هەر دڵی وەستا لە لێدان، ئەو لە خوێندن ناکەوێ
شار و لادێ چونکە پڕ لە شوێنەواری هێمنە
هەرچی لەجیاتی شیعر ئاگر لە زاری هاتەدەر
سوور بزانە ڕێبوارێکی دیاری هێمنە
دەک نەیاری هێمنی، لە گیانی خۆی ئۆخەی نەکا
ڕۆژی گەرم و سارد نەبینێ هەرچی یاری هێمنە
وەک مەهاباد شوێنی دڵگر، شوێنی پیرۆزم نەدی
ئاوەدان بێ شاری هێمن، جێ هەواری هێمنە
«هێدیناسناوی ئەدەبی»‏ تا دەستی پەری هەڵبەستەکانی ماچ دەکا
ناڵێ ئەو شیعرە، دەڵێ ئەو سیحرە کاری هێمنە