خەیاڵ
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
2 خولەک
1283 بینین
چەند لە دڵ پاڕامەوە هێندە بە گژ مندا نەیە
خۆی دە تای بسکی نەبەستێ، با نەڵێن دێوانەیە
هەرچی دیتم قەت نەبوو دەردێکی بۆ من پێ نەبێ
جا ئەگەر خاڵە و ئەگەر بسکە و ئەگەر لەرزانەیە
سروە هەر هات و نیزامی زولفەکانی تێک دەدا
سەیرە ئەو دنیایە، سووچی سروە سوودی شانەیە
چۆن بە کۆڵێ دەردەوە داوێنی ساقی بەردەدەم
من هەتا چۆڕێکی مەی لێ مابێ، ئەو مەیخانەیە
من ئەڤینی تۆم لە دڵدا هەر دەمێنێ، چون دەڵێن:
هەرچی گەنجینەی بەنرخە هەر لەناو وێرانەیە
دڵ لە حەزرەت جووتێ بەی دەگری و وەدەستم ناکەوێ
چبکەم ئاخر من لەگەڵ ئەو گڕنە منداڵانەیە
بشمرم تازە لە بیر ناچێتەوە چیرۆکی من
چونکە مێژوی من لەگەڵ ئەو بەندەن و کێوانەیە
نەک بە تاسەی سەیری خاڵی دڵ تەمای بێ بێتەدەر
پێی بڵێن خۆ بگرێ جارێ، هەر خەیاڵە با نەیە
زەردەیێکم دیوە جاروبارێ دەگرێ دەوری ڕووی
ڕوون نییە لێم هەر ترووسکەی خشڵە یان خەرمانەیە
ئەو دەمەی ئەمن و خەیاڵ دەیکەینە شایی پێکەوە
گەر ئەتۆشم لێ دیار بی، بەزمەکەم شاهانەیە
گەر لە جێیەک هەڵکەوت تووشی مەلی ئاوارە بووی
مەل نییە، بەستەی منە، «هێدیناسناوی ئەدەبی» تەرەی هێلانەیە