شینی هەڤالان
لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
1 خولەک
1962 بینین
ساڵ و مانگ دێن و بە لەز تێ دەپەڕن
مەلی سەربەستن و تیژباڵ و پەڕن
لە گەڕانی زەوی سەرگەردانن
نۆبە دەگرن لەسەری و نازانن
کێ لەژێر سێبەری وان سەردەکەوێ
کێیە ڕۆژی وەکوو تاریکەشەوێ
کێن هەژاران ئەخەنە بەند و داو
چییە تاوانی گەلانی داماو
چڵکە هەورێ کە بەری ڕۆژ ئەگرێ
بە پشووی با لەبەری لا ئەدرێ
دووکەڵی گوند و چیای سووتاوە؟
یان هەناسەی کوڕی باب کوژراوە؟
نە شەوان گوێ ئەدەنە شینی کەس
نە بە ڕۆژ ڕۆژیش ئەڵێ تاوان بەس
سوڕ و خول خواردنی چەرخی کۆنە
وەره بڕوانە بزانە چۆنە
بە هەموو ڕەنگەوە خۆی دەنوێنێ
قەت لەسەر ڕەنگی بەرێ نامێنێ
گەڕی دیلانە دەگۆڕێ و دەگەڕێ
بووکی ئاواتە جوان هەڵ دەپەڕێ
داخەکەم ئەو خەڕەکەش وەک جاران
دەگەڕێ و هەر لە دژی بێچاران