فێڵبازی
لە کتێبی:
گوڵاڵەی مەریوان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
1 خولەک
1058 بینین
بەما زۆر گیان فیدای پارەم، بە عەقڵم یەک لە حاجیانم
سەلەم دادانی ناو لادێم، دەلیلە خەڵکی شارسانم
کەشیدەم داوە، سیواکم وەکوو دانەی فەقیرانە
خڕەی تەزبێحەکەم دیارە، کە من شاگردی شەیتانم
بە فێڵ و دەسبڕنیشم، نزیکە بم بە حاجی شێخ
وەرە بنواڕە، سەیرم کە! کە چەندە شێخی ڕیش پانم
دڵم زۆر لێ ئەدا ئەمڕۆ، بڕۆم گاجووتێ بڕفێنم
سەگێ بکوژم، کەرێ بدزم، کە وا بوو من لە ئاغانم!
ئەگەر بێ ڕەنجبەرێکم بێ، ئەبێ ناوی بنێم سەگباب
کە چۆن خۆم باپیر ئاغام و کوڕی خانی قولی خانم
تەماشای تای ترازوو کەم، دڵم زۆر خۆش ئەبێ کوردە
بە حۆقەی ئەستەمووڵ چشتێ بکێشم بۆ براکانم
بە گەز شا بیکڕم چاکە، بە گەز شام و حەڵەب بیدەم
ئەمەم زۆر چاکە بۆ ڕۆژی حیسابی دین و ئیمانم
کە بێتە باری دەمبازی و قسەی زل زل لە مەجلیسدا
وەکوو قانعناسناوی ئەدەبی بە قوربانی، شوانی هۆزی کوردانم