ده‌وام له‌سه‌ر ئیش

(له‌ فارسیه‌وه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌)
لە کتێبی:
شاخی هەورامان
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  578 بینین
جارێکیان ئاوێک لە کوێستانێ سەخت
ئەهاتە خوارۆ بە ‌وەخت و بێ وەخت
ئەم شیو و ئەو شیو ئەم چەم بۆ ئەو چەم
هەروا داپەڕی بە بێ زیاد و کەم
هەتا ڕێی کەوتە ئەشکەوت و زەردێ
لووتی بوو بە لووت یەک گران بەردێ
ڕێی تری نەبوو لەناو ئەو زەردە
پیشی خواردەوە لەپشت ئەو بەردە
بەرد هاتە زوان وتی: ڕێت نییە
هاژە هاژ چیتە خەیاڵت چییە؟
من چەن سەد ساڵە لێردا بەردم
نەک بەردە تەم تەم بەردێکی مەردم
شەڕت مەفرۆشە لێم لادە بڕۆ
بەم جێگەی منە ‌مەبە دەسخەڕۆ
وەڵامی داوە، وتی: من ئاوم
لە عومری خۆما ڕانەوەستاوم ‌
زۆرە دەوامم لەسەر ئیشی خۆم
وتەی خۆڕایی ئیتر مەکە بۆم
سەد ئەوەندەی تر سەخت و گران بێ
بە ڕەقی مەشوور ناوی بەردان بێ
لەت لەتت ئەکەم ئەتکەم بە ڕێگە
من پێم ناکرێ بێ شوێن و جێگە
ئاوە هاژەی کرد بەسەر بەردەدا
خۆی حەوا ئەدا بە شاخ و زەردا
لە دوای شەش حەوت ساڵ گەیشت بە مەرام
کردی بە ڕێگە و بە جۆگە و شەقام
کەڵک
ئەگەر دەوامت ببێ لەسەر کار
ئەگەی بە مەرام بە چار و ناچار