ئاگری تۆ

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  1992 بینین
ئەی وەتەن تەنیا نە هەر من بۆ تۆ وا سەوداسەرم
تیشکی ڕۆژیش جێی لەبەر کۆیلەت نییە دەوروبەرم
تۆ لەدەس بێگانەدا بی چارەنووسی ئەو گەلە
هەڵمەت و قوربانیدانە و ڕشتنی خوێنی گەرم
ناحەزی تۆ پێ لەسەر گۆڕی شەهیدان دابنێ
کێیە باوەڕ کا کە دەس لەو خاک و خوێنە هەڵگرم
دوژمنت چی دیکە با ئاگر لە ماڵم بەر نەدا
من لە سایەی خۆشەویستی تۆوە هەر خۆم ئاگرم
سەد پەژارە و بەرهەڵست و سوێر و تاڵیم بێتە پێش
گەر لەڕێی ڕزگاری تۆ لادەم بزانە کافرم
خۆم بە شانازی بەڵاگەردانی سەربەرزیت دەکەم
تیخی خۆی دابێنی دوژمن بۆ مەتاڵت حازرم
سەر لەسەر شانم وەکوو بارێکە کەڵکی چی هەیە؟
گەر دە ڕێی تۆدا نەچێ ئەو بارە قەت هەڵناگرم 
من بە بیر و باوەڕ و دوژمن بە تانک و تۆپەوە
کێو بە کێو ڕاوی دەنێم واتە گەلێک ئازاترم
هەر بە هیوای ڕۆژی ڕزگاریت ئەژیم و ڕوونە لێم
تا بە دەستی خۆم نەنێژم دوژمنی تۆ نامرم
من دە ڕێی سەربەستی تۆدا بۆ هەموو پیلانی ڕەش
دڵنیا بە هەر کوڕە پێشمەرگەکەی ناو سەنگەرم
ئەو کوڕەی هێزم لە شیری تۆوەیە و ڕۆژی هەرا
جێی لەناو جەرگ و هەناوی دوژمنت دا خەنجەرم
من کە گاڵتەم دێ بە مردن سەیرە گەر تۆ شاد نەبی
تۆ دەبێ هەر سەرکەوی و کۆسپت لەسەر ڕێ لابەرم
دوژمنت هەر فێڵێ بیکا نەخشی سەر ئاوە و ئەمن
پیرە دارێکم کە بەو بایانە هەرگیز نالەرم
نابەزم هەر وەک بەڵێنم داوە یان ڕزگاریی تۆ
یان هەموو ئەو شیو و دۆڵەت پڕ دەکا خوێن و تەرم
ئەی وەتەن هەر ناوی تۆ وردی زمانمە بۆیە وا
هەر وەکوو دەشت و چیاکەت کەسک و سوورە دەفتەرم