پیتی «هـ»

لە کتێبی:
چەپکێ لە گوڵاڵەسوورەی شارەزوور
بەرهەمی:
عەلی شارەزووری (1930-1982)
 11 خولەک  1433 بینین
هاتم لە لای ئەولاوە
کوێر بووم بۆو دەموچاوە
دەستم برد بۆ مەمکۆڵەی
تازە بنی داناوە!
لەسەر خوت و خۆڕایی
ئەو یارەم لێ تۆراوە
لەبەر ماڵیان ڕابووردم
بینیم یارم وەستاوە
چووم و سڵاوم لێ کرد
وە ناز عەلێکی داوە
داوای ماچێکم لێ کرد
ڕووی وەرگێڕا بەو لاوە!
هەتا دنیا دنیایە
ئەو ماچەم لەپێش چاوە
وتی: ماچت نادەمێ
لە منی دەکەی بە قاوە!
***
هاتم لە لای ئەولایە
بە حسەینی کەربەلایە
چۆنی یەژم هەر وایە:
ئەو ملوێنکە لە ملیا
بەین بەینی کارەبایە
ئەو کچەم بۆیە خۆش دەوێ
پڕ دەمی مەرحەبایە
هەڵدە لە گولەکەی مێردت
ئەڵێی خەراری کایە!
***
هاتم لە لای ئەولایە
خەرمانم لەبەر بایە
کردوکاسبیم بۆ نایە
لەبەر چاوی زێبایە
***
هاتم لە لای ئەولاوە
کوێر بووم بۆو دەموچاوە
قوربانی ئەو زڵفە بم
جووتێ شانەی لێ داوە!
***
هاتم لەلای مەدینە
تەختی کراسەکەی شینە
هەڵدە لە گولەکەی مێردت
لێمان چووە بە قینە!
***
هاتم لە لای شارباژێڕ
مەمکی فنجانەی دەزگێڕ
***
هاتم لە لای «شنۆ»یە
کەسبی ساڵم بۆ تۆیە
جوانیم لا مەتڵەب نییە
شەرت هەر چاو و برۆیە.
***
هاتم لە لای شنۆیە
کوڵمی زەردەلیمۆیە
وەرە ماچێ کەرەم کە
سەروماڵم بۆ تۆیە!
***
هاتم لە لای «میاندواو»ێ
کوڵمت گوڵی سێڵاوێ
داوای ماچێکم لێ کرد
خۆی بۆ باوەشم دەهاوێ!
***
هاتم لە لای «هۆبەتوو»
دوو سوورەگوڵم لەگەڵ بوو
دەک ملی شەیتان شکێ
یەکێکیان یاری خۆم بوو!
***
هاتم لە لای «هێلەکە»
داینێ هیچی پێ مەکە
سەرینێکی بۆ دانێ
پاڵوپشتی پێ بکە!
چای بەیانی پێ تێکە
جار جار سەر گۆنای ماچ کە!
***
هاتن، هاتن چین بە چین
«ئامە»یە و «فاتە» و «گوڵچین»
دەسم دای لە مەمکۆڵەی
دای لە تریقەی پێکەنین!
***
هاتن، هاتن دوو بە دوو
کەڵەگەت و خاڵ لە ڕوو
لەبەر خۆفی خوا نەبێ
وەک جوو بۆی ئەگرم شەموو
***
هاتن، هاتن سێ بە سێ
«ئامین» و «فاتە» و «بەسێ»
حوکمەتی بەریتانی
لەبەر فێڵیان ئەترسێ!
***
هاتن، هاتن شان بە شان
پاژنەی کوڵە بۆ کەوشان
بە قوربانی باڵای بێ
سەد سۆفیی بەرماڵ بە شان
***
هاتۆ هاتۆ لە سەردا
وە شوێنی مانگا زەردا
دەک ماڵی بابی بڕمێ
ئاگری لە جەرگم بەردا!
***
هاتۆ هاتۆ لە کانی
سەیری گۆزەی سەر شانی
بە چارۆکە دای پۆشی
لەرەلەری مەمانی!
***
هاتە خوار و دێتە خوار
با بێتە خوار بە جارێ
دنیام لێ بووە بە زرێبار
هەر دەڵێم دەکەومە خوارێ!
***
هاتە خوارۆ لە گردی
سەیری کە دانی وردی
لایێ لە جوانیی دنیا
یاری من بۆ خۆی بردی!
***
هاتە خوارۆ لە یاڵی
سەیری کە کوڵمی ئاڵی
جوانی وەهام نەدیوە
لە تایەفەی گەڵاڵی!
***
هاتە خوارۆ لە پاڵی
گەردن وەک لیمۆی کاڵی
با بچینە ناو کیژۆڵان
بێوەژن کۆنە چاڵی!
***
هاژە هاژێ تێ هاژەی بەفراوان
یار منی کوشتووە، هەر بەبێ تاوان!
***
هاژە هاژێ تێ هاژەی قیرەکە
چەرمەڵ بیهێنێ، ئاو لە بیرەکە!
***
هڕ کە لەو ڕانە با بدا قەتارە
سەربێرگی بگرێ، ئەو شەدە لارە!
***
هۆ خڕە لە خڕخاڵ، بازنە لە قۆڵی
مەریوان پێشکەش هەورییەکەی کۆڵی!
***
هۆ کاکەی جووتیار، جووتت بڵبڵ وێ
تۆوت ڕازیانە، خەرمانت گوڵ وێ!
***
هەتا مەیلت دا، منیش مەمنوونم
کە تۆ مەیل نەدەی، من لا زەبوونم!
***
هەر بار بارت بوو، بارت کرد بە ڕاست
وەختێ بارت کرد، هیممەتت نەخواست!
***
هەرچەن ئەڕوانم بە جێگەی یارا
یەژی پێم ئەچێ وە دڕکە مارا
***
هەرچەن ئەڕوانم وە چاو کەژەڵتا
خوێنەخوارەکەم ها لە باخەڵتا
***
هەر چوار مەزەبە لاڵامۆ لە تۆ
گەر موسڵمانی ڕەحمی خێرت بۆ
***
هەرچەندە ئەکەم دەڵاڵەتی دڵ
دڵ مات و مەلوول خەریکە و خجڵ
***
هەرچی نوێژ ئەکەم، نوێژم بەتاڵە
تەحیات ئەخوێنم، تۆم لە خەیاڵە
***
هەرچەن دڵخۆشیی دڵەکەم دامەوە
دڵ وێنەی دەروێش نەنیشت لامەوە
***
هەرچەن لە دەرگای گەردوون مەناڵام
خاستەر کاڵای خەم بڕیا وە باڵام
***
هەر خۆم بە قوربان دانە تەڵاکەت
***
بە کۆڵ بیکێشم دەرد و بەڵاکەت
هەر خۆم بە قوربان قەولە ڕاسەکەت
بمکە بە ژێری لۆی کراسەکەت!
***
هەر خۆم غەریبم لەم شارەدێدا
دڵسۆزێ نییە بڕوانم پێدا
***
هەر خۆم وەرزێرم وەرزێری جۆگەڕ
دای بە لامدا سەوڵی خاتر تەڕ
نەیوت: ئەی وەرزێر عاقیبەت وەشەڕ!
***
هەردوو پێم بە جووت بە فەلاقەوە
یارم بڕوانێ لە دەلاقەوە
***
هەرزەکارەکەی هەرزەچەنە خۆم
لاڵی بێقیمەت دەستی بەنە خۆم
***
هەرزە بە دوو شت ئەبێ دیوانە
کچ بە مێخەکبەن، کوڕ بە فەقیانە
***
هەرزە وە یەک شت هەوا ئەسێنێ
کچ لەناو کۆڵان دەس هەڵتەکینێ!
***
هەر کەسێ ئەیکا مەنع و منامان
بە کۆڵ بیکێشێ دەین و گونامان
***
هەر کەسێ بیکا مەنعی دڵداری
پەڕوپۆ دەرکا وێنەی پاساری!
***
هەر کەسێ بیکا مەنعی کچ و کوڕ
تاقانەی بمرێ، سەر بگرێتە قوڕ!
***
هەر کەس لە باوەش بێوەژن خەوێ
وەک مرەوەکڕ پڕپۆڵەی تەوێ!
***
هەر کەس لە باوەش کچ عازەو خەوێ
وەک «مەحموو پاشا» سەر تەختی تەوێ!
***
هەر لە چۆپیکێش هەتا گاوانی
گشتی وە قوروان مەستی چاوانی
***
هەر لێرە لێرە تا «بانی خێڵان»
گشتی وە قوروان خاڵەکەی جەیران!
***
هەر لێرە لێرە تا «قولەبرنجی»
گشتی وە قوروان سوخمە نارنجی!
***
هەر لێرە لێرە تا قولەکەی «بەرلووت»
بەر کە وەم لاوە پەڕەی جەرگم سووت!
***
هەر لێرە لێرە هەتا قولەی قاف
هیچی ناگاتە سیاماڵی جاف
***
هەر لێرە هەتا ئاواییی حەمە
گشتی وە قوروان ئەو گوڵ وەدەمە!
***
هەر لێرە هەتا هانەگەرمەڵە
گشتی وە قوروان فاتە چەرمەڵە!
***
هەر لە هەڵەوجە هەتا دەرەشیش
گشتی وە قوروان خاڵەکەی ئایش
***
هەر وا ئەڕۆی وردە ڕەوتی
یەژی کۆتری بەر مزگەوتی
باوان شێواو کۆست کەوتی!
***
هەر وا ئەڕۆی چەلەنگ چەلەنگ
گوڵەنگی فێست دانەی فەرەنگ!
***
هەر وا هاتی ئاغر ئاغر
سوخمە سوورەی کەوا گازر
***
هەر وا هاتی وەناو دێدا
جووتێ سۆلت ها لە پێدا
دایکت کوێر بێ تۆی بە کێ دا!
***
هەسارەی ئاسمان گشتی جەم بووە
هەسارەکەی من شەوقی کەم بووە!
***
هەڵکە پاوپووز، با دەرکەوێ خاڵ
لەوە مەترسە دینت بێ بەتاڵ
***
هەڵکێشە خنجەر بیدە لە جەرگم
ئەوسا بخوێنە یاسینی مەرگم
***
هەڵکێشە خنجەر وە کێلانەوە
جەرگم ببڕێ بە ئێسقانەوە
***
هەڵپەڕکێکەتان بەزمی چەپییە
باش هەڵناپەڕن، من کەیفم نییە!
***
هەڵکێشە کەوشت وە گۆرەویوە
عەرزێ مننەتبار تۆ بێی لە ڕێوە!
***
هەڵگرە کلیل بشکێنە پاوەن
با بچین بۆ سەیری باخی بێ خاوەن
***
هەڵسە با بچین ئەمشەو بۆ دزی
هەر جەیران جوانە لە «لامەرکەزی»
***
هەڵسە با بچین بەرەو بیارە
دادی خۆم لە دەست مەلای بێچارە!
***
هەڵسە با بچین بۆ پەموو چنین
دەستێ دابێڵین بە دڵێکی خەمین
***
هەڵسە با بیکەین جاهێڵی خۆمان
ئەم دنیا تا سەر نامێنێ بۆمان!
***
هەڵسە بێرە لام وەک جاری جاران
با کوێری کەینۆ دیدەی بەدکاران
***
هەڵسە هەڵمەسە، تن باڵم بەسە
ئەگەر ئەمکوژی هەقت بە دەسە
***
هەسێرەی ئاسمان جووت جووت ئەژمێرم
گەر خوا تۆش نەدا شوکرانەبژێرم
***
هەسێرەی ئاسمان جووت جووت ئەژمێرم
لە خوا نەترسم ڕیشەت دەر تێرم!
***
هەسێرەی ئاسمان گشتی تەواوە
هەسێرەکەی من لێرە نەماوە
***
هەناسەکەی من با تەم و لوول بێ
بچێتە لای خوا بەڵکوو قوبوڵ بێ
***
هەناسەکەی من دای لە سەر داران
چوو بۆ لای گەردوون بارانی باران
***
هەناسەی ساردم دای لە سەر هەردان
دار و پیرەدار زووخاڵ کرد هەرزان
***
هەنار هەنار هەنارە
دەرد و دەرمان یارە
چی بکەم بۆ بڕێ پارە
بیدەم بە جووتێ گوارە
ئێوارە یار لە گوێی کا
هاڕەی بێ وەک تەیارە
ئەم جەژنەم بەبێ تۆ کرد
تاڵە وەک ژەهری مارە
لەسەر باڵای بەرزی تۆ
با بمدەن لە سێدارە!
***
هەنگوینی شانەوشانە
برنجی ڕەشت و گێڵانە
سەرتۆپی کوردستانە
دەرمانی حەو دەردانە
ئەو دەردە منی کوشتووە!
ژنی گولەی مێردانە
سەرەڕێکەی لێ دەگرم
وەک حەمە تاڵی بانە
***
هەوای بانەوبان داویە لە کەلەم
وەک سۆنەی سەراو عاشق وە مەلەم
***
هەوای بەنەڵبەن شنەی مۆردانە
تیرێکی لێ دام کەوا جامانە
***
هەورێکی هێنا بارانی نییە
ئەمڕۆ مەیلەکەی جارانی نییە
***
هەورێ هاوردی لە بنۆ تاریکە
کوشتەی ئەسمەرم ماڵ لە باریکە
***
هەورێکی هانی بە ناڵەونرکە
ئاو لە تەوێڵی وەستا بێ چرکە!
***
هەورێ هاوردی نۆمەن ئاوییە
چارەکە چەرموو گلاراوییە
***
هەی بێنە بێنە کەژاوە لۆلۆ
کەی خوا هەڵئەگرێ من بمرم بۆ تۆ؟
***
هەی داد هەی بێداد، ئالوودەی دەردم
تێر سەیر و سەفای باڵات نەکەردم
***
هەی داد هەی بێداد، سەر لێم تێک چووە
ڕۆحم ئالوودەی باڵاکەت بووە!
***
هەی داد هەی بێداد سەمەرە ڕوویداوە
لە خڕەی بازیوەن ڕان دڕنی داوە!
***
هەی داد هەی بێداد کەی ئەمە حاڵە؟
ساڵی جارێ تێم کابرا لە ماڵە!
***
هەی داد هەی بێداد کەی وەها بووە؟
هەر تەبیب بۆ لای دەردەدار چووە!
***
هەی داد هەی بێداد لە داد وە جەسەم
نە «...» وە تەڵاق نە «...» وە قەسەم!
***
هەی داد هەی بێداد، لەم بێدادیمە
نێچیر گوم کەردەی نۆسەیادیمە!
***
هەی داد هەی بێداد لەم دەورە کۆنە
کێ دی قەلەڕەش هامڕازی سۆنە؟!
***
هەی داد هەی بێداد لەم کۆسەڵ کۆسە
حاشای لێ کردم ئەو کۆنە دۆسە!
***
هەی داد هەی بێداد لەم ناشی حاڵە
دایمە لە تەرتیف ئەگریجە و خاڵە
***
هەی داد هەی بێداد من چیم بەسەر هات
ڕەیحانەم کێڵا پەڵپینە دەرهات!
***
هەی داد هەی بێداد هەی بۆ ڕەزای هەق
کێ دیویە ئاڵتوون ئامێتەی مەفرەق؟!
***
هەی داد هەی بێداد هیچی وا ناوێ
بەم دەمودەستە یار پەیدا ناوێ!
***
هەی زێنێ عەمرم زێنێ
زێنێم خەڵکی گەرمێنێ
شێخی گەرمیان و کوێستان
خوایە لە منی نەسێنێ
***
هەی زێنێ عەمرم زێنێ
زێنێم دوو دانی زێڕە
ئۆممەتی موحەممەدم
لە دینم وەرمەگێڕە!
***
هەی زێنێ عەمرم زێنێ
زێنێم خەڵکی گەرمێنێ
زێنێم کچە کرمانجە
هەزار بەگزادە دێنێ
***
هەی کەوی کەوی کەوی
کوێستانە و بڵند و نەوی
ماچێکم کرد لە کوڵمی
فێنک وەک ئاوی شەوی!
***
هەی کەوی کەوی کەوی
قەت کەوی وام نەدیوە
یەژی بەفری کوێستانە
لەگەڵ تەرزە باریوە
هەی مەستی مەستی مەستی
درەنگ لە خەو هەڵەستی
زڵفت تەلی کارەبا
مەمکت گڵۆپی دەستی!
***
هەی نایێ نایێ نایێ
سەدای چاو کاڵێم نایێ
جووتێ گوارەی لێم دەوێ
گرانە و بۆم لە کڕین نایێ!
***
هیچ کەس وەکوو من نەکەوێ کۆسی
نەڕوانێتە چۆڵ هەوارەی دۆسی!
***
هیچ ماڵم نەما نە مەڕ نە بزن
پیم وت بۆ ماچێ وتی: درۆزن!
***
هێشتا نەمخواردووە نۆبەرەی بامێ
خوا باوکت بگرێ؛ وا تۆی نەدامێ!
***
هێشتا نەمخواردووە نۆبەرەی کاڵەک
تیرێکی لێ دام سەلە چاوبەڵەک!
***
هێلانەی مژمۆڵ وە لنگە سێپاوە
مەیلم ها وە لای کچەکەی قوێخاوە!