کوردستان یان نەمان

لە کتێبی:
کاروانی خەیاڵ
بەرهەمی:
هێدی (1927-2016)
 2 خولەک  2114 بینین
سڵاو پێشمەرگەی قارەمان
چاکترین ڕۆڵەی کوردستان
کوڕی نەبەزی نیشتمان
سڵاو پێشمەرگەی قارەمان
هەڵۆی خوێناوی سەر بەردان
پەڕکوڕی ڕەوەز و زەردان
پڵینگی سەر شاخ و هەردان
پێشمەرگە جوامێری مەردان
کوڕی کوردی ئازا و دلێر
هەستە ڕاپەڕە وێنەی شێر
لە کوردستان ڕامێنە تێر
وێران بوو وڵاتی زەنوێر
ها، بڕوانە ئەو کیژۆڵە
برا گچکەکەی لە کۆڵە
چۆن دژ داماوە لەو چۆڵە
چەندە هەژار و کڵۆڵە
ئەو پیرەمێردی بێتاوان
ڕووت و هەژار و سەرگەردان
سەری ناوەتە سەر بەردان
کێ ماڵی لێ کردووە وێران؟
دوژمن ئاغایە لەسەر تۆ
ماڵی تۆ دەخوا بەفیڕۆ
کێ ما نەگا بە مافی خۆ!
ئێمە تا کەی دەستەوئەژنۆ؟
ئەو خاکە خاکی کوردییە
خۆ خاوەنی دیکەی نییە
سەبەب بۆ هێرشی وی چییە
کوردستانە و کورد خێوییە
شەڕی مە شەڕی ژیانە
شەڕی باوەڕ و ئیمانە
لەگەڵ وەتەندا پەیمانە
یان کوردستان، یان نەمانە
دوژمن لە هێرشت تاساوە
قەڵای هومێدی ڕووخاوە
لە دەست و بردت ڕاماوە
ڕۆژی ڕەشی لەبەر چاوە
لە کردەوەی ڕەنجەڕۆیە
مانی بە فێڵ و دهۆیە
ئەو گەف و گەرمە درۆیە
لەرزی شەونخونی تۆیە
با خوێنی من و تۆ برا
بڕژێ، سوور کا دەشت و چیا
یاقوتی ناو سەوزە گیا
کوردستان ڕەنگینتر ئەکا
تا بڕژێ خوێنی گەش و ئاڵ
لەسەر کەویان دەبێتە خاڵ
شین دەکا گوڵان سەری ساڵ
دەیکەنە تەواف کوڕ و کاڵ
کاتێ کوردستان بوو ڕزگار
هاتەدەر لە دەستی زۆردار
کەس نەما بە دڵی خەمبار
بوو بە شایی دێهات و شار
ئەوسا بەرز کە ئاهەنگت
گۆرانی و گاڵتە و جەفەنگت
تا کیژ و کوڕ بێن بە دەنگت
ماچ بکەن لولەی تفەنگت