وزەی کۆنەپەرستی

لە کتێبی:
پاشمەرگەی قانع
بەرهەمی:
قانع (1898-1965)
 1 خولەک  752 بینین
جووتیاری ئەم وڵاتی ئێمەیە دوچاری خەم بووە
گیرۆدەی هەژاری و غەرقی ستەم بووە
ئاغا بە نووکی نێزەوە و پاڵپشتی حوکمی ڕۆژ
خوێنی هەژار و بێکەسی، پێخۆری ژەم بووە
ئەمڕۆش بە پێچەوانەی ئاواتی ئەم گەلە
دوژمن لە کوردەوارییا خەریک زیل و بەم بووە
ئاغا خەریکی شادی و ئاهەنگ و خواردنە
ڕەنجی فەلاحی ماندووە لە ناو کۆشکی جەم بووە
ڕازاوەیە و جوانە هەموو دیوەخانی میر
خانووی فەلاحی قوڕبەسەریش نوقمی تەم بووە
خەڵاتی نۆشە ڕەنجی فەلا، بۆ بەگی تەرەس
ڕەنجی هەژاری دزیوە، ئەگەر زۆر و کەم بووە
بێگار و خەرج و سەرانە هەموو عورف و عادەتن
سوورانە ئەرک و باری گرانی ئەلەم بووە
قانوونی ئەم زەمانەیە، گەر نا بە یەک ساعەت
کۆشکی جەنابی میرە کە وا تەختی چەم بووە
دیوانی میر و مامەڵەی کچی جووتیاری قوڕبەسەر
زۆر سەیرە، شەرمی نەماوە بە بازاڕی زەم بووە
نیزامی ئێستەیە باڵی فەلاحی جەڕاندووە
گەرنا دیاری بۆ بەگ و میر مەرگ و سەم بووە
قانعناسناوی ئەدەبی بە ئاشکرا بە ڕەش و ڕووتی کورد ئەڵێ:
باوی نەماوە ئەم نیزامە، دوچاری وەرەم بووە